ئەمەریكا چی لە پێشمەرگە دەوێت؟

PM:02:49:07/09/2021 ‌
كۆتا ڕۆژەكانی مانگی ئاب، كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ڕۆبەرد پاڵەدینۆ، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، زۆر بە ڕوونی ئاوی بەو ئاگرەدا كرد كە لە ئاسمانی  ئەفغانستانەوە بە دووكەڵێكی چڕی سیاسییەوە ڕووی لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی كوردستان كردبوو، زۆر بە ئاسانی گوتی، ”ئێمە لە عێراق و هەرێمی كوردستان ناكشێینەوە، ئەفغانستان و هەرێمی كوردستان ئاسمان و ڕێسمانیان جیاوازە.” پەیامەكە هەموو مشتومڕە سارد و گەرمەكانی ناو كۆمەڵگای كوردستانی بێدەنگ كرد.

چەند ڕۆژ دواتر، سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆ بووەوە، لە بەردەم میدیاكان گوتی ”ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بكشێتەوە، ئێمە ناكشێینەوە”٠ وەك ئەوەی لە نیشتمانی خۆیدا بێت، سەرۆك ماكرۆن و نێچیرڤان بارزانی بە مارسیدسێكی سەرۆكایەتی لە پڕۆتۆكۆڵێكی دەوڵەتیدا پیاسەیەكیان بەناو شاری دێرینی هەولێردا كرد، پەیامەكەش بریتی بوو لەوەی دۆست لە ماڵی خۆی ئارامە و با دنیا بزاێت فڕەنسا هەم هاوبەشە و هەم دۆستە و هەمیش دەستی كورد بەرنادات.

دواتریش سەرۆك ماكرۆن لەگەڵ پۆلێك پێشمەرگەی سوپای كوردستان كۆ بووەوە و پەیامی پێ دان كە لە هاوكارییان بەردەوام دەبێت و وەك نوێنەری هەموو دنیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی تاریكیدا ناوزەندی كردن.


بە چەند ڕۆژ دواتر و لە سەرەتاكانی سێپتێمبەردا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە چوارچێوەی ڕێكخستنەوە و یەكگرتنەوە و هاوكاری و هاوئاهەنگی سوپای پێشمەرگەدا، گەڕێكی تری هاوكارییەكانی گەیاندە دەستی لیوا ڕێكخراو هاوبەشەكانی پێشمەرگە و ڕای گەیاند، ”ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هاوبەشی و هاوئاهەنگی دوو سوپادا بەردەوامە لە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.”

ئێستە پرسیارەكە لێرەدایە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چی لە پێشمەرگە دەوێت؟
ڕوونە كە فڕەنسا بەدوای دیموكراسی ڕاستەقینە و هێزی تۆكمەی هاوپەیمان و هاو بیروباوەڕی خۆیەوەتی، مرۆڤ ئاسان دەتوانێ لەوە تێبگات كە فڕەنسییەكان بۆچی دەستی كوردەكانیان گرتووە و پەیتا پەیتا دەست دەخەنە سەر پشتی سەرۆكەكانیان، بەڵام بۆچی ئەمەریكا هێندە پەرۆشی پێشمەرگەیە و چی لە پێشمەرگە دەوێت، ئەمە بنچینەی پردی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكان.

ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ڕێكخستنەوە و یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بێهیوا ببێت و بگاتە ئەوەی كە نیازی ڕاستەقینەی بۆ یەكگرتنەوەی ئەو هێزانە نییە، هەموو هێزەكانی كۆ دەكاتەوە و ڕوو دەكاتەوە واشنتن، بەڵام كوردەكان زۆر بە باشی پەیامی ئەوەیان بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا داوە كە بەڵێ نیازپاكن لە ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ئەوەش ئامادەن هەموو باجێك بدەن و هەموو بەربەستەكانیش بشكێنن، هەر بۆ نموونە بەشێك لە ئاڵۆزییەكانی هەشتی تەمووز لە سلێمانی، پێوەندی بەوەوە هەبوو كە هێزێك یان لایەنێك هەبوو ڕێگر بوو لەو پڕۆسێسە گەورەیە كە زلهێزترین هێزی دنیا خۆی بۆ ماندوو دەكات.

ئەمەریكییەكان دەیانەوێ كوردەكان لە چوارچێوەی عێراقدا و بە دەستووری عێراقی خاوەنی هێزێكی (تۆكمە، بەهێز، هەواڵگر، خاوەن چەك، خاوەن پارە) بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو مافە دەستوورییەیان هەبێت كە لە عێراقدا دەستوور ڕێی پێ داون.

ئەوە ئامانجی ڕاست و ڕوونی ئەمەریكایە لە هەرێمی كوردستاندا، هەرچەندە دوور نییە جارێكی تر ئەم هێزە ئامادە بكرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕێكی تری تیرۆر، یان سەرهەڵدانەوەی داعش یان هێزێكی تر لە ناوچەكەدا كە دوور نییە ڕاستیش بێت و لە شەوێكدا داعش بەشێكی زۆر لە خوارووی عێراق و ناوچەكانی سنووری هێڵی ٣٦ بگرن.

یان لە ئەگەری دروستبوونی هەرێمێكی سوننی لە ناوچەكەدا، وەك هێزێكی بەهێز دەربكەون و ببنە مەترسی بۆ سەرهەرێمی كوردستان، دەبێ كوردەكانیش هێزێكی تۆكمە و بەهێزیان بۆ ئەو بابەتە ئامادە بێت و ئامادە بن پێشوازی لە میوانێكی نوێ بكەن.

دووریش نییە هێزی پێشمەرگە  ئامادەبوونی وەك هێزێكی تۆكمە لە عێراقدا و ئامادەبوونی هێزەكانی سووریای دیموكرات، هێڵێكی ناوەندی لە نێوان سووریا و عێراق و ئێران و توركیادا دروست بكەن كە ببنە دوو هێزی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر گۆڕانكارییەكی گەورەدا كە لە ناوچەكەدا ڕوو دەدات لە ڕووی هێرشی تیرۆرییەوە، چونكە ڕاستییەكەی تەنیا كوردەكان بەڕاستی شەڕی تیرۆر دەكەن، ئەوانی تر سیاسەتی پێوە دەكەن.

یەكێكی تر لەو ئەگەرانەی كە گومانیان لەسەرە، ئامادەبوونی هێزێكی گەورەی وەك پێشمەرگە و هێزی سووریای دیموكراتە بۆ شەڕی ئێران كە شەڕێكی حەتمییە لە بەردەم ئەمەریكا، ئەمەریكاش جارێكی تر سەربازەكانیان بەكوشت نادات و پێویستی بە هێزێكی وەك پێشمەرگە و سووریای دیموكرات هەیە كە سووچێكی عەباكە بگرن، كۆشكە تەپیوەكانی كۆماری ئیسلامی بەسەر ویلایەتی فەقێدا قڵپ بكەنەوە و باوەش بۆ گەلانی بەشمەینەتی ئێران بكاتەوە.

ئەمەریكا وەك بەشێك لە سوپای خۆی بە دەوری پێشمەرگەدا دەسووڕێتەوە


ئێستە دوور و نزیك ئەمەریكا وەك بەشێك لە سوپای خۆی بە دەوری پێشمەرگەدا دەسووڕێتەوە، هانیان دەدات و ڕێكیان دەخاتەوە و بنیاتیان دەنێتەوە، خەریكە كوردەكانیش وەك تەواوی میلەتانی دنیا دەبنە خاوەنی هێزی تۆكمە و دەیانەوێ ڕووبەڕووی هەر گرفتێك ببنەوە كە ڕوو لە ناوچەكە دەكات.

ئێستە ئەركی سەركردایەتیی كورد ئەوەیە هۆشمەندانە لەگەڵ هەنگاوەكانی ئەمەریكادا بن، گوێقوڵاغی دۆخەكە بن و ڕێ نەدەن گۆڕانكارییەك ڕوو بدات كە ئەوانیش بەشێك نەبن لە هاوكێشەی سیاسی و سەربازیی ناوچەكە، چونكە ئەمجارە هەرخوێنێك بڕژێت، بەشێكی زۆری لە جەستەی كورد دەبێت و ناشكرێت كەروێشك خوێن بۆ ڕێوی بڕێژێت و خانەخوێ ببێتە میوان یان بێگانە.

كوردەكان دەبێت هەلێكی مەزن بقۆزنەوە لەلایەن ئەمەریكاوە، هێزەكانیان ڕێكبخەن و ئابوورییان بەهێز بكەن، بەشێوازێك ئامادەی جەنگێكی نوێ بن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە خۆیان گرفتی خۆیان چارە بكەن.