هەڵكەوت زاهیر و دینا بە "كەتانە" شەرمەزاریان كردین

PM:02:16:25/07/2021 ‌
هەڵكەوت زاهیر وەك ناوێكی دیار لە میلۆدی و موزیكی كوردیدا، شوێنێكی گەورەی بۆ خۆی كردووەتەوە و جارجارە گەشبینمان دەكات و جارجارەیش پەشیمان دەكاتەوە لەوەی لە قۆناغێكدا پاڵپشتیمان كردبێ. پێم وایە پەلەپەلیی ئەو هونەرمەندە لە كاری هونەری و ئەو خۆبەزلزانینەی تووشی بووە، وای لێ دەكات كە كۆسپەكان نەبینێ و خۆی لە قوڕێكی خەستدا ببینێتەوە.

گۆرانیی "كەتانە" بە دەنگی گۆرانیبێژ دینا كە بەمدواییە كەوتە بەرچاومان، تەنیا بەرهەم نییە كە هەڵكەوت بەناوی ئەوەی جارجارە خۆی لە شانی بەرهەمی رەسەن دەدات و یاریی لەگەڵدا دەكات، بەرلەویش یەك دنیا بەڵگەی بەرچاومان لە بەردەستە كە ئەو هونەرمەندە كە وامان لێ دەكات بڵێین، تا ئێستە لە چمكی رەسەن و ناڕەسەن نەگەیشتووە. بەر لە قسەكردن لە گۆرانیی "كەتانە". نموونە لە ناشارەزایی هەڵكەوت لە كاری رەسەن دەخەمە روو:

زۆر بە كورتی.. رەسەن لە هونەری كوردیدا لە فۆلكلۆر و كەلەپوورەوە دێتە بوون، دواتر هونەرمەندی پێگەیشتوو و شارەزا دەتوانێ گەشەی پێ بكات و نوێكاری لە هونەری رەسەندا بكات. بە كورتی و پوختی سۆزی دەنگی كوردەواری و ئامێرە موزیكییەكانی كورد، بەشە سەرەكییەكەی رەسەنن، دەمێنێتەوە ئاوازدانەر یان ژەنیار تا چەند دەتوانێ دەنگی دەنگبێژ و ئامێرە موزیكییەكان لە نوێكاریدا بەرجەستە بكات. 

ناڕەسەنیش پەیبردنە بە فۆلكلۆر و كەلەپووری میلەتانی بیانی كە ئاوێتەی هونەری كوردی دەكرێت.. بۆ ئەوەیش بۆچوونی زۆر هەن كە زۆرجار پێویستیمان بە تێكەڵبوون لەگەڵ میلەتانی تر دەبێت، گرنگ دەمێنێتەوە جۆری تێكەڵبوونەكە چۆن كاری لەسەر دەكرێت، هەندێك جار دەتوانین ئاوێتەبوونەكە لە سوودی رەسەنی كوردی وەربگرین و سۆزی كوردی بەسەر سۆزەكانی تردا زاڵ بكەین، وەك ئەوەی لە زۆرینەی گۆرانییەكانی كۆن و هونەرمەندە كۆنەكان گوێمان لێ دەبێت، نموونەیان حەسەن زیرەك و بەشێك لە گۆرانییەكانی، یان محەمەدی ماملێ و مەزهەری خالقی و زۆری تریش. هەندێكی تر بە كۆپیكردنی هونەری بیانی لەناو هونەری كوردی، نەك هەر خزمەت بە هونەری كوردی ناكەن، بەڵكو دەبێتە هۆی نامۆبوونی رەسەنی كوردی لەناو نەوەی نوێ و سەرلێشێواندنیان. 

هەڵكەوت زاهیر لە دانانی میلۆدییەكانی، یاری بە هەردوو لایەنەكە دەكات، لە هەندێك لە میلۆدییەكانی توانیویەتی گەشە بە میلۆدیی كوردی بكات و بەرەوپێشی بەرێت، هەندێك جاری تریش نەك هەر خزمەتی نەكردووە، بەڵكو بە ئەنقەست و بە ئاگاییەوە میلۆدیی كوردی دەشێوێنێت تەنیا بۆ ئەوەی بەردەوامیی خۆی لە گۆڕەپانەكە بسەلمێنێـت، واتە بۆ خزمەتی خۆی، هونەری كوردی دەكاتە قوربانی و بە خزمەتی هونەر پێشانی ئێمەی دەدات.

لەناو زۆرینەی ئەو میلۆدییانەی هەڵكەوت بەناوی رەسەن پێشانی ئێمەی داوە، گۆرانییەكم دەست ناكەوێ جیا لە "سەنگی هەواران"ی هونەرمەند "هانی"، هی ئەوە نییە من لێرەدا شیكردنەوە بۆ ئەو گۆرانییە بكەم، بە كورتی لە گۆرانییە ناوازەكانە. زۆرینەی ئەو میلۆدییە ریتمە خێرایانەی هەڵكەوت تا ئێستە كردوونی بە گۆرانی و بەناوی میلۆدیی خۆی پێشانی ئێمەی داوە، تاوانە بە میلۆدیی ئەو هونەرمەندە ناوزەن بكرێن، چونكە لە بنچینەوە لە فۆلكلۆرەوە هەڵهێنجراون، بە یەك رستەی موزیكی میلۆدییەكە بە خاوەن ناكرێت، بەتایبەتی ئەو میلۆدییانەی لەسەر پەیژەی مەقامی "راست" ئەو هونەرمەندە كردوونی. بێگومان ئەم بابەتە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ لەم بابەتە جێی ببێتەوە.

گومان لە توانای دەنگیی دینا لە گۆرانیی كوردیدا نییە. ئەو خاتوونە ئەگەر پەلە نەكات و رۆژانە وەك پێشاندانی بەرهەمی نوێ، بە گوتەی چەند رستەیەك خۆی پێشانی جەماوەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەدات و پێی وابێ ئەو بەردەوامییە بە ئامادەبوونی هونەریی لێی وەردەگیرێت، باشتر دەكات ئەگەر بە هێمنی كار لە بەرهەمەكانی بكات و ئەوەندەی بیر لە بەرهەمی سەركەوتوو بەدیدی رۆشنبیران بكاتەوە، زۆر باشتر دەبێ بەوەی جارێ لە گۆرانییەكی ئەومان بە ئەقڵ وەرنەگرتووە، گۆرانییەكی تری نوێمان پێشكەش بكات. نموونەیش "كەتانە"یە كە پێم وایە بۆ تۆماركردن و كلیپكردنی ئەو گۆرانییە، تەنیا ژمارەیەكی خستووەتە سەر بەرهەمەكانی تری، نەك بیر لە سەركەوتنی گۆرانییەكی نوێی بكاتەوە.

ساڵانێك پێش ئێستە هونەرمەند دڵنیا قەرەداغی، باڵا و جوانی و خۆشەویستیی كوڕێكی كوردی كردە گۆرانی، دڵنیا بەو گۆرانییە ویستی ئەو تابۆیە بشكێنێت كە كچ بەسەر جوانیی كچێكی تردا گۆرانی بڵێت، كەچی بە ئەقڵی هەڵكەوت زاهیر و دەنگی دینا و بڵاوكردنەوەی گۆرانیی "كەتانە"، دەیانەوێ ئەوەی دڵنیا دروستی كرد، ئەوان بیڕووخێنن كە پێم وانییە پێیان بڕووخێت.

لەبری هەنگاوێك بۆ پێشەوە، دەیان هەنگاو پاشەكشەیان كردووە


لە گۆرانیی "كەتانە"دا گومانم نییە لەوەی دینا دەنگی خۆشە، رووخساری جوانە، كلیپەكەی بە جوانی بەرهەم هاتووە، لەوەیش گرنگتر جووڵە هونەرییەكانی دینا خۆی لەو كلیپەدا سەرنجڕاكێشە. بەڵام هەردوو هونەرمەند نەیانتوانیوە باوەڕمان پێ بێنن كە بەرهەمێكی رەسەنی كوردییان نوێكاری كردووەتەوە، نەك هەر ئەوە، بەڵكو لەبری هەنگاوێك بۆ پێشەوە، دەیان هەنگاو پاشەكشەیان كردووە و ناڕەسەنیی هونەرەكەیان پێ پێشان داوین.

ناكرێ بۆ ئەوەی لە كاری هونەریدا ژمارە زیاد بكەن، هاشوهووشمان پێ بگەیەنن تەنیا بیسەلمێنن لە بوارەدا زۆرترین بەرهەم دەخەنە بەرچاوی جەماوەر كە بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، زۆریان ناڕازین و ئەوانی تریش كە چەپڵەتان بۆ لێ دەدەن، هەڵوێستی موجامەلەیان تێنەپەڕاندووە.. خەڵكانی هونەردۆست چاوەڕێی دەكەن تەكانێك بە هونەری رەسەنی كوردی بدەن بۆ پێشتر، نەك ئێوە بە "كەتانە" شەرمەزارمان بكەن.

ئەمە بەشێكی كورتە لە نووسینێكم كە لە داهاتوویەكی نزیكدا لە بەشی دووەمی كتێبێكی گیرفان بەناوی "رێچكەی نوێ لە هونەری نوێ"، دەكەوێتە بەرچاوی خوێنەرانی بوارەكە.