پارتی بەهێزی 33 كورسی ناچێتە دانوستاندن

AM:11:11:27/10/2021 ‌
پارتی ئەو حزبەیە لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە حزبی دایك ناسراوە، زۆرینەی حزبە كوردستانی و عێراقییەكان هەوڵ دەدەن لە پارتی بچن، بەڵام هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانێ لە پارتی بچێت. پارتی قوتابخانەیەكی فراوانی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموكراسی و مرۆڤدۆستی پێكەوەژیانە، پارتی داینەمۆی دروستبوونی شۆڕشی ئازادیخوازی كوردە. زۆرینەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە هەناوی پارتی هاتوونەتە دەرەوە بۆ ئەوەی ببنە ئەلتەرناتیڤی ئەو فەلسەفە نیشتمانییە واقیعگەرییەی پارتی ئامانجی بووە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەم ئامانجە نیشتمانییە بەرجەستە بكەن. 

هەموو جارێك لە دەرەنجامی شكستەكەیاندا پەنایان بردووەتە بەر خیانەت و یستوویانە وەك هێزێكی سەپێنەر بەپاڵپشتی دەرەكی خۆیان بسەپێنن، بەڵام لە كۆتادا پارتی توانیویەتی هەموو ئەو خۆسەپاندن و خۆپەرستییەی حزبە نەیارەكانی تێكبشكێنێت، لە هەمان كاتدا پارتی لە دوای سەركەتنەكانی بەسەر نەیارەكانیدا، هەرگیز پەنای نەبردووەتە بەر ئەوەی وەك تۆڵەكردنەوە ڕێككەوتن لەگەڵ هیچ هێزیكی دەرەوەی هێزە سیاسییە كوردستانییەكان بكات بۆ سڕینەوەی هیچ هێزێكی كوردستانی. بەڵكو بەپێچەوانە هەموو جارێك دەگەڕێتەوە بۆ حوكمی گەل، بڕیار دەداتەوە دەستی گەل و لە پرۆسەیەكی دیموكراسی گشتی وەك پرۆسەی هەڵبژاردن كە گەل بڕیاردەر دەبێت تێیدا.

ئەگەر سەیر بكەین لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992 تا ئەم هەڵبژادنەی 10 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، پارتی یەكەم حزب بووە لەسەر ئاستی كوردستان، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقیش یەكەم حزبی سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام هیچ كاتێك بەهێزی كورسی و زۆرینەوە نەچووەتە دانوستاندن لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردستانییەكان، دیسان گەڕاوەتەوە بۆ ئەو بۆچوونە نیشتمانییە واقیعییەی لە سیاسەتی خۆیدا پێڕەوی دەكات، یەكبوون یەكگوتار یەك بڕیاری كورد لە پرسە چارەنووسسازەكانی هەرێمی كوردستاندا.

هەر ئەم كوردستانیبوونەی پارتی وایكردووە زۆرینەی حزبە سیاسییەكانی عێراق، بە نەیارێكی سەرسەختی عرووبەی عێراقی دابنێن، ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ دژایەتیكردنی پارتی، درێغییان نەكردووە. جێی داخە هەندێك جار هێزێكی سیاسیی كوردستانی، جێبەجێكاری پیلانی دوژمنانی پارتی بوون، چونكە هێزە عێراقییەكان لەلایان ئاشكرایە لە بێهێزبوونی پارتیدا یان نەمانی، دەتوانن ئەو خەونەیان بهێننە دی و هەرێمی كوردستان بكەنەوە بە شیمال حەبیبەكەی جاران. زۆر دڵنیان لەوەی ئەگەر پارتی نەبێت، لە زاخۆوە تا خانەقین خۆیان بڕیاردەر و سەردار دەبن، تاكە بەربەستی هاتنە دیی ئەم خەونەیان پارتییە.

بەڵام پارتی ئەو هێزە نیشتمانییەیە كە گرنگ نییە بۆی بەپێی زۆرینەی كورسییەكانی، پلە و پۆستەكانی كورد لە عێراق بۆ خۆی قۆرخ بكات و لە بەرژەوەندیی حزبی بەكاری بهێنێت، تاكە داوای پارتی ئەوە بووە هەر پلە و پۆستێك لە عێراق بەدەست هەر لایەنێكی كوردستانییەوە بێت، هێزی دەسەڵاتەكەی بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بەكار بێنێت، پۆستەكان لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بن بۆ بەدەستهێنانی شایستە دارایی و سەربازی و خزمەتگوزارییەكانی خەڵكی كوردستان.

بۆیە ئەمجارەش پارتی بەهەمان هەناسەی بەرژەوەندیی كوردستانی دەچێتە دانوستان لەگەڵ حزبە سیاسییە كوردستانییەكان، دڵنیام تاكە داوای ئەوە دەبێت هەر پلە و پۆستێك لە عێراق بۆ كورد بەرجەستە كرا، بخرێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان و دۆزی گەلی كوردەوە، ئیتر بۆی گرنگ نابێت ئەگەر لە شایستەی خۆی كەمتری بەربكەوێت، وەك هەموو جارێك زۆر لە شایستە براوەكانی خۆی ببەخشێت بەلایەنە كوردستانییەكان لە پێناوی یەكڕیزی و یەك گوتاریی كورددا، هیوادارین ئیتر لایەنە كوردستانییەكانیش واز لەو خۆپەرستی و پاشقولدان و یەكتر سڕینەوە بێنن بەرانبەر پارتی، كە هەموو جارێك تووشی شكستێكی گەورە بوون تێیدا.