تورک نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات نەک هەرێمی کوردستان

PM:05:33:04/05/2022 ‌
زۆرم لا سەیرە پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەرخودان دەکەن، بەرخودان لە باشوور بۆچی.؟ ئاخر کوردستان لە ساڵی (1991) بەرخودانی کرد و توانی کوردستانی عێراق ئازاد بکات و هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت، لەوساوە خاوەنی پەڕلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوە باکورە تا ئیستە کورد ناتوانێت لە شارە کوردیەکانیدا بڵێت کوردم و زمانی کوردی  قەدەغەیە و کولتووری گەلەکەمان قەدەغەیە و خوێندنی کوردی قەدەغەیە، خۆ ئەوە تورکە نکوڵی لە بوونی کورد دەکات لە تورکیادا، باشە بەڕای ئێوە باکور پێوێستی بە بەرخودانە یا باشوور؟ ئێوە هەست ناکەن بوونەتە مایەی ناسەقامگیری لەم پارچەی کوردستاندا؟ 

تەنیا شوێن هەرێمی کوردستانە لە هەموو دنیادا بووەتە پەناگەیەک بۆ نەتەوەی کورد،دەزانن ئێستە بیانوویەکی زۆرباشن بەدەست تورکیاوە بۆ لەشکرکێشی سەر هەرێمی کوردستان؟ بەڕای ئێوە ئێمەی کوردی باشوور دڵگرانین بۆ شەهیدبوونی سەتان کوڕ و کچی کورد بەدەستی دوژمنانی کورد؟ 

لەگەڵ ڕژانی هەر قەترەیەک لە خوێنی کوردێک لە هەرکوێی ئەم دنیایەدا، بێ دوودڵی ئێمەیش فرمێسک دەڕێژین و دڵگرانین، بەڵام لەهەمانکاتدا دڵگرانین لە ئێوەیش کە بوونەتە مایەی ناسەقامگیری هەرێمەکەمان و بوونەتە هۆی ئەوەی وڵاتێکی زلهێزی دڕندەی وەک تورکیا  پەلاماری کوردستان بدات، بەبیانووی هەبوونی ئێوە، بۆیە تکایە بەرخودان بەرنەوە ناوجەرگەی وڵاتی تورکیا و لەوێ پێیان بڵێن ئێمەی کوڕ و کچانی کورد، ئاوا بەرخودان دەکەین، ئەوە ئێمەی کوردین بوونمان هەیە و هەڵەن بڵێن نەتەوەیەک لە تورکیادا بەناوی کورد نییە. تکایە مەبنە مایەی ناسەقامگیری ئەم هەرێمە ئەگەر ئێوە لە باکور بن بەڵێن بێت ئێمە هاوکارتان بین و ئامادەین نانێکمان هەبێت لەگەڵتان بەشی بکەین ئەگەر فیشەکی مەغزەنەکانی خۆمان نەگەیاندە باکور بۆ ئێوە، ئێوەش لەسەر دڵی دوژمنانی کورد بیچەقێنن، ئەوکات بڵێن ئێوە خاوەنی بەڵێن نەبوون.

وەک پێشتریش بینیتان کوڕانی باشوور سنوری دوژمنیان بڕی و لە ڕۆژئاوا لە کۆبانێ لەگەڵ کوردانی برایان خوێنیان لەیەک سەنگەردا ڕژا، ئیتر بۆچی لە شوێنێکی ئازادکراودا گەنجی کورد بەفیڕۆ دەدەن؟ فەرموو ئەوە باکور بە تامەزرۆیی چاوەڕێتانە.