ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به به‌ربڵاوی بێ‌سنوور و په‌ره‌سه‌ندنی ڕه‌شۆداماڵراوی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌یبینین، دانانی شوێنگه بۆ هه‌ر تاكێكه /به هه‌ر توانا و زانیارییه‌كی ورد و بچووكه‌وه/ كه بۆچوونی خۆی به ئازادی و بێ سانسۆر ده‌رده‌بڕێت. له ڕواڵه‌تدا له‌م فۆرمه‌ی خۆده‌ربڕین و ده‌ركه‌وتنی تاكه‌كاندا، چه‌مكه‌كانی ئازادی و نه‌بوونی سانسۆر ده‌لاله‌تێكی ئه‌رێنی و باش له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام له كرۆكدا هه‌ڵگری ئاڵۆزی و ڕه‌هه‌ندی ترن و به ته‌نیا هه‌ڵگری ئازادی و ڕاده‌ربڕینی ڕاشكاوانه به مانا ئه‌رێنییه‌كه‌ی نین.
ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌كانی دنیای سێیه‌م و پێشنه‌كه‌وتوو به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی ئایدۆلۆجیا نه‌رێتی و ئاینییه جۆراوجۆره‌كان و تابۆپه‌رستی و مێژوویی كه به‌سه‌رماندا زاڵ بووه، مافی خۆمانه ئازادی له پله هه‌ره به‌رز و باڵاكه‌یدا ئه‌زموون بكه‌ین. ئه‌مه په‌یامێكی سه‌ره‌كی به‌شێكی زۆر له فه‌لسه‌فه و ڕێبازه سیاسییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو، به‌ڵام بێگومان پارادایم و ده‌لاله‌تی مانایی و شوێنگه‌ی ئه‌م چه‌مكانه له ژیانی ئێمه‌دا /ئێمه‌ی دنیای سێیه‌م و پێشنه‌كه‌وتوو له دۆخی گوندی جیهانی و جیهانی زانیاری‌دا/، به به‌ربڵاوبوون و زاڵبوونی ترسناكی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، گۆڕانی ڕیشه‌یی به‌سه‌ردا هاتووه.
ئه‌گه‌ر ئازادی له نێوان دوو جه‌نگی جیهانی و كۆتاكانی كاولكاری و لێكه‌وته‌كانی ئه‌و دوو جه‌نگه، به واتای ڕزگاری له فاشیزم و ده‌رهاوێشته ڕه‌ش و نه‌رێنییه‌كانی مۆدێرنه و ته‌كنه‌لۆجیا بوو، ئه‌وا ئێسته ڕه‌هه‌ندێكی بوونناسانه‌ی وه‌رگرتووه، ئێسته ئازادی له زاری به‌عس و دیكتاتۆر و مرۆڤه ئاسایی و نه‌خوێنده‌واره‌كانیشه‌وه دێته‌ده‌ر و هه‌ر كامه‌یان ده‌لاله‌تی خۆیان بۆی هه‌یه و هه‌ركامیشیان ده‌لاله‌تی خۆی به ڕاسته‌قینه ده‌زانێت.
ئه‌م حاڵه‌ته جیاواز له‌وه‌ی به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی و بوونناسانه‌ی مرۆڤ له دنیای ئێمه‌دا، به پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی ڕاسته‌قینه‌ی ئازادی خۆی، چونكه ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی به ناوی ئازادییه‌وه ده‌خرێته ڕوو، ته‌نیا و ته‌نیا یه‌كێكی تره له ده‌مامكه خه‌مڵێنراو و مه‌كیاجكراوه‌كانی مرۆڤی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه و له ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ك كه بڕیار بووه له كۆنتێكستی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدۆلۆجی خۆیدا به‌ده‌ستی بێنێت، دووری ده‌خاته‌وه. ئه‌وه‌ی كه ئازادیی زیاتر له پێناسه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ، زیاتر ئاماژه و ده‌لاله‌ته بۆ ئه‌و كۆنتێكست و زه‌وینه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ی مرۆڤه‌كانی ناو هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك تێیدا ده‌ژین.
بۆ ئێمه كورد ئازادی و سه‌ربه‌ستی زیاتر و زۆرتر ده‌لاله‌تی سیاسی هه‌بووه و له‌گه‌ڵ ڕزگاری و قوتاربوون له ژێرده‌ستی و داگیركراوی مانای هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵام پاش ڕزگاربوونی نیوه و ناته‌واوی به‌شێك له خاكی باشووری كوردستان كه ئه‌وه‌ش له‌ناو پارادایم و هاوكێشه‌یه‌كی سیاسی-ئابووری و كایه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا بوو، ئه‌زموونی ژیانكردن و ساوكه‌ی (تجربه)بوونی مرۆڤی كورد زیاتر و زۆرتر ڕه‌هه‌ند و ڕووبه‌ری شاری و مه‌ده‌نی وه‌رگرت، ئاواره‌یی و ڕه‌و و ڕاكردن و شاخنشینی و پێشمه‌رگایه‌تی و شۆڕش و... جێی خۆیان دا، به نیشته‌جێبوون و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕۆژنامه‌گه‌ری و شارنشینی و زانكۆ و حوكمڕانی و ده‌وڵه‌تی كوردی و خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ ڕزگاریی یه‌كجاره‌كی و....
زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێین كورد هێشتا له‌ناو پارادایم و بازنه‌ی مانه‌وه و به‌رگری له قه‌واره‌ی خۆی، واته خه‌بات بۆ ڕزگاریدا ده‌ژی، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت ئازادی به مانا سیاسی و فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی خه‌ون و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی تاك و سووژه‌ی كوردی نه‌بووه و ئه‌زموونی نه‌كردووه.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌كی كورت له‌سه‌ر ئازادی بكه‌ین، یه‌كه‌مین پرس و مژار كه بۆمان زه‌ق ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه، له كوێ و له چ كاتێكدا خواستی ئازادی سه‌ری هه‌ڵدا؟ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ڕه‌هه‌ندی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م چه‌مكه لێك بده‌ینه‌وه، ده‌بێ باسێكی تێر و ته‌سه‌لی مێژوویی – سیاسی بورووژێنین و ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت و شاره كۆن و كه‌وناراكانی وه‌ك یۆنان و مێزۆپۆتامیا كه لێره‌دا ده‌رفه‌تی په‌رژانه سه‌ریمان نییه، به‌ڵام به سه‌رنجێكی خێرا له مێژووی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و خواسته، تێده‌گه‌ین ئازادی و "وشیاری" پێوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیان هه‌بووه و هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كتر. لێره‌دا ئازادیی ڕه‌سه‌ن و زڕه‌ئازادی یان به‌ڕه‌ڵایی، لێك جیا ده‌كرێنه‌وه.
وه‌ك گوتمان، ئازادی له هه‌ر كۆنتێكست و زه‌وینه‌یه‌كدا مانا و ده‌لاله‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌ڵده‌گرێ، ئازادییه‌ك كه هه‌ڵگری وشیاری و ئاگایی نه‌بێت، ناتوانێ مانای ئازادیی ڕاسته‌قینه بدات، به‌ڵكو ته‌نیا ده‌مامكێكه كه به ناوی ئازادییه‌وه خه‌مڵاوه و ده‌خرێته ڕوو.
ساڵانێكی زۆر پێش ئێسته، سۆرێن كییه‌ر كێگۆرد فه‌یله‌سووفی دانیماركی (١٨١٣-١٨٥٥) باسی له دۆخێك كرد كه مرۆڤ ڕه‌سه‌نایه‌تیی له پانتایی گشتیدا ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و چه‌مكی "مرۆڤی بڵاوكراوه"ی خسته ڕوو، كه بوونی یه‌كه و یاكانگیر و هه‌بوونی/وجوودی ناوازه‌ی، له‌ت له‌ت و هه‌لا هه‌لا ده‌بێت، له‌ناو پانتاییه ورد و پاژ و بچكۆڵانه‌كاندا، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌و له بیر ده‌كات كێیه و چۆن بیر ده‌كاته‌وه و خاڵه ڕه‌سه‌نه وجوودییه‌كانی كامانه‌ن؟
به‌داخه‌وه ئه‌و هۆشداری و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ی فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌باره‌ی ته‌كنه‌لۆجیا و مۆدێرنه و لایه‌نه تاریكه‌كانی بۆ ئێمه‌یان باس كرد و مرۆڤایه‌تی نه‌یتوانی خۆی لێ ببوێرێ، خه‌ریكه زاڵ ده‌بێت و ئێمه ڕۆژانه له دنیای دیجیتاڵ و میدیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به وێنه و زانیاری سه‌یروسه‌مه‌ره و دژواز و لێكدژ و پێچه‌وانه و... بۆردمان ده‌كرێین و تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی ئێمه له‌لایه‌ن زلهێزه میدیایی و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ئاراسته ده‌كرێن و به‌ها و دیسیپلینه گه‌وره و قووڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه دێننه ئاستێكی ڕووكه‌ش و ڕوواڵه‌تییانه، ئه‌مه ئه‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه‌یه كه تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێت له شل و شۆڵكردن و خه‌ڵه‌فاندنی كۆمه‌ڵگه‌دا بیگێڕێت.
نموونه‌یه‌ك كه ده‌شێت لێره‌دا باسی بكه‌ین، ئه‌و په‌یج و ئه‌كاونته فه‌یك و ساختانه‌ن كه فۆاڵۆوه‌رز و هۆگریی زۆریان هه‌یه و به ناوی ئازادیی و ئازادی ده‌ربڕینه‌وه، چه‌پڵه بۆ عێراقچێتی و به‌عسیزم لێ ده‌ده‌ن، به‌عسیزمێك كه ئێسته‌یش له‌ناو شه‌قامی عێراقی عه‌ره‌بی و سیستمه سیاسییه‌كه‌یدا به ده‌مامكی تره‌وه ئیش ده‌كات، بۆیه ئێسته پرسیاری لۆجیكی پێوه‌ست به‌م بابه‌ته ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌كرێت به ناوی ئازادییه‌وه به‌رگریی له فاشیزم بكرێت؟ ئایا ئازادیی هه‌مان ئه‌و جه‌وهه‌ر و به‌ها واڵایه نییه كه فاشیزم دژێتی و له هیچ ڕووبه‌ر و ئاستێكدا یه‌ك ناگرنه‌وه؟ له هه‌ر كوێ فاشیزم هه‌بێت له‌وێ ئازادی نابێت و له هه‌ر كوێش ئازادی هه‌بێت له‌وێ فاشێزم ده‌بێت.
ڕه‌نگه ئه‌مه یه‌كێك له‌و خاڵه دره‌وشاوه و گه‌ش و به‌رزه‌جێیانه‌ی چه‌مكی ئازادی بێت، له هه‌مان كاتدا ده‌شێت خاڵی ترسناك و لاواز و كوشنده‌یش بێت، بۆیه ناكرێت ئازادیی ته‌نیا و ته‌نیا وه‌ك چه‌مكێكی موجه‌ڕه‌د و ده‌رهه‌ست له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌هه‌ند و زه‌وینه مێژووییه‌كه‌ی به‌كرده‌نیی بكرێت، واته ئازادی له‌گه‌ڵ "وشیاری و ئاگایی"دا ده‌بێ بخوێنرێته‌وه، له هه‌مان كاتدا ئه‌م وشیارییه‌یش به دوای خۆیدا چه‌مكی "به‌رپرسیارێتی" دێنێت و هه‌تا دوایی. به‌ڵام فاشیست و به‌عسییه‌كان و هه‌موو ئه‌و شه‌پۆله درۆزنانه‌ی زانیاری و هه‌واڵ، جگه له به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی تاقمێكی دیاریكراو، چ وشیارییه‌كی مرۆیی و به‌رپرسیارێتییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن؟ ئه‌م پرسیاره شاكلیلی دیاریكردنی سنووری ئازادییه‌كی مه‌زن و وشیارانه، له‌گه‌ڵ ئازادییه‌كی ده‌مامكدار و درۆزنانه و به‌ڕه‌ڵایانه‌یه.
ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌وه‌یش بده‌ین كه فاشیزم ته‌نیا هێزێك نییه له‌ناو بازنه و كوتله‌یه‌كی دیاریكراوی سیاسی‌دا خۆی به ده‌مامكێكی گشتی و په‌سندكراوه‌وه مانیفێست بكات و ماكیاجی بیر و باوه‌ڕی توندئاژۆ و نارسیستانه‌ی خۆی بكات، به‌ڵكو ڕه‌هه‌ند و ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی فاشیزم له‌وه‌ش سامناكتره، چونكه بنه‌ما و ژێرخانی قه‌واره‌ی فه‌رمی و ئه‌كتخوازانه‌ی كوتله یان ده‌سته و حزبێكی سیاسی ته‌یار و له‌بار ده‌كه‌ن.
نموونه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م تێڕوانین و ده‌ركه‌وتنه، ئه‌و په‌یج وئه‌كاونته تاكه‌كه‌سییانه‌ن كه زیاتر له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند و چالاكانی بواری هونه‌ری و مۆدێله‌كانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن، به‌داخه‌وه زۆرینه‌ی ئه‌م چالاكانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ده‌لاله‌ت و پێناسه‌ی ئازادی به‌شێوه‌ی كرده‌كی كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، ڕۆڵێكی خراپیش ده‌گێڕن له لێدان له مانا ڕاسته‌قینه‌كانی ئازادی و به‌لاڕێدابردنی لایه‌نی به‌رزه‌جێ و ترانسێندێنتاڵ و گشته‌كی و مرۆڤانه‌ی ئازادی.
بۆ نموونه، ئێمه ڕۆژانه دۆخی كورد له پارچه جیاوازه‌كانی كوردستان ده‌بینین ڕووبه‌ڕووی هێرش و مه‌ترسی و لێدان و گرتن و كوشتن ده‌بنه‌وه، به‌ڵام به‌شێكی زۆر له هونه‌رمه‌ند و چالاك و مۆدێله كوردییه‌كان پێیان وایه ئه‌وان ده‌بێ چالاكی هونه‌ریی خۆیان بكه‌ن و كاریان به سیاسه‌ت نه‌داوه. له حاڵێكدا ئازادی و به‌رگری له ئازادی ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی ئه‌كت و چه‌مكێكی فه‌لسه‌فیش بێت، ئه‌كت و بژارده‌یه‌كی سیاسییه. لێره‌دا سیاسه‌ت فه‌لسه‌فه و ئاوه‌زمه‌ندێتییه.
یه‌كێك له پێناسه به‌رز و وجوودییه‌كانی ئازادی ئه‌وه‌یه كه "ئێمه توانستی هه‌موو جۆره بژارده‌كردن و هه‌ڵبژاردنێكمان بۆ شێوه‌ژیانمان هه‌بێ، به مه‌رجێك سنووری ئازادییه‌كانی ئه‌وانیتر نه‌به‌زێنرێت". كاتێك دنیای ئێمه بووه به دنیایه‌ك كه پێڵاوی خاتوونێك له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به ده‌لاله‌تێكی سێكسییه‌وه بینه‌ر و لایكی زیاتر له وێنه‌ی مه‌رگی بیرمه‌ند و نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكی مه‌زنی ده‌بێت، ئایا نابێت ئه‌و پرسیاره له خۆمان بكه‌ین، دانانی وێنه‌ی پێڵاوێكی ژنانه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی چ وشیارییه‌ك له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت بۆ كۆمه‌ڵگه، تاكی كوردی كه هۆگری له وه‌رگێڕانه‌كانی پیاوێكی گۆشه‌نشین و خزمه‌تكاری زمانی كوردی زیاتره؟
حاڵه‌تی یه‌كه‌م به‌ر له‌وه‌ی ده‌رخه‌ری ئازادی بێت، ده‌رخه‌ری نه‌بوونی ئازادی و ئازادییه‌كی نیوه‌چڵ و درۆزنانه و ده‌مامكداره و ئه‌وه‌نده‌ی به گوته‌ی ده‌روونناسێك ئاماژه و نیشانه‌ی نه‌خۆشییه، نه‌خۆشییه‌كه‌یش نییه، لێره‌دا دابڕانی وشیاری و ئاگایی و مه‌عریفه له چه‌مكی ئازادی ده‌بینین و تێده‌گه‌ین ئه‌م فیگۆر و ڕوخسارانه ئه‌وه‌نده به‌كارهێنه‌ر و خه‌رجكه‌ری ئازادین، نیو ئه‌وه‌نده ده‌مڕاست و نیشانه و گوزارشت نین له ئازادی.
دۆخی كورد و كوردستان هه‌ڵگری ده‌لاله‌ت و مانای جیاوازه له ئازادی، ئازادی بۆ كورد هێشتا له‌گه‌ڵ چه‌مكی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی و پاراستن و مانه‌وه‌ی خۆی گرێ دراوه و هه‌مان ده‌لاله‌تی نابێت كه له فڕه‌نسا و سوید و ئه‌ڵمانیا هه‌یبووه و هه‌یه‌تی، بۆیه تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر له‌تكه‌ر و هه‌لاهه‌لاكه‌ری شوناس و كه‌سایه‌تیی مرۆڤی ئێمه ده‌بن، ئه‌گه‌ر له پشت ئه‌و كایه‌ی ئازادی و خۆده‌ربڕینه‌دا وشیاری و ئاگایی و ده‌روه‌ستی و به‌رپرسیارێتی نه‌بێت.
هه‌ر لێره‌دا زۆر ڕه‌وایه چاوه‌ڕوانیمان له حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌وه بێت، سنوورێك بۆ به‌ڕه‌ڵایی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌راتێنی په‌یج و گوتاره فاشیست و ڕووكه‌ش و ڕواڵه‌تخوازانه‌كان دابنێ، تا ئازادی له قاوغه ڕاسته‌قینه و جه‌وهه‌رییه‌كه‌ی خۆیدا مانیفێست ببێت. ئه‌مه به‌ر له هه‌ر شتێك به‌هادانه به ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانی كورد له قۆناغێكدا كه هێشتا حه‌شدی شه‌عبی و مالیكییه‌كان به هه‌مان لۆجیكی به‌عس ده‌جووڵێنه‌وه، وشیاری و به‌رپرسیارێتی تاك و كۆمه‌ڵی كورد وه‌ك پێویستییه‌كی مێژوویی زیاتر و زیاتر به گوێماندا ده‌ده‌ن.