(خوێندنه‌وه‌یه‌كی خه‌سارناسانه بۆ مانا و ئه‌ركه‌كانی رۆشنبیر له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان)
عادل قادری
نزیكه‌ی سێ ده‌یه زیاتره چه‌مكی رۆشنبیر به‌شێوه‌یه‌كی رژد و باسی هه‌ڵگیرسێنه‌ر به هه‌موو په‌راوێز و ده‌قه‌كانییه‌وه، هاتووه‌ته ناو دیسكۆرسی فكریی و ئه‌ده‌بیی كوردییه‌وه، ئه‌وه‌ی كه پێناسه‌ی رۆشنبیر و ره‌چه‌ڵه‌كی ئه‌م چه‌مك و زاراوه‌یه بۆ كوێ و كه‌ی و كێ ده‌گه‌ڕێته‌وه، زۆر باسی لێ كراوه و بووه به كڵێشه‌یه‌ك و هێنده گوتراوه خاڵی بووه له مانا و من نایه‌مه‌وه سه‌ری.
ئه‌گه‌ر پێناسه مێژووییه‌كانی رۆشنبیر هه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی فڕه‌نساوه تا تێڕوانینی هه‌نووكه‌ی دیسكۆرسه رژده رۆشنبیرییه‌كانی دنیا بكه‌ینه پێوه‌ر، ئه‌وا ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه هه‌نووكه یه‌ك رۆشنبیریش له‌ناو كورددا نه‌دۆزینه‌وه، به‌ڵام من تێڕوانینێكی وه‌ها ئایدیالیستی و ده‌رهه‌ستم نییه بۆ ئه‌م چه‌مكانه و پێم وایه ده‌بێ پێكهات و به‌ستێنی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریی خۆمان بۆ فام و پێناسه‌ی هه‌ر كرده و بكه‌رێك (رۆشنبیر، تاك، شاعیر، فه‌رمانبه‌ر و...) له‌به‌ر چاو بگرین، ئه‌گه‌رنا وه‌ك چۆن ئێسته و له هه‌ندێ فه‌زای كولتووری و گشتیی رۆژهه‌ڵات و باشووردا، مانای رۆشنبیر زۆرتر بارێكی نه‌رێنی و گاڵته‌جاڕانه‌ی هه‌یه، باقی چه‌مك و زاراوه‌كانی تریش وا سووك و چرووك ده‌بن. ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندی مێژووی كولتووری و ئاوه‌زی ناته‌واوی ئێمه‌یه كه وه‌ها چه‌مكه رژد و گه‌وره‌كانی كولتووری رۆژئاوا له مانا بۆش و به‌تاڵ ده‌كات و له‌وه‌ش خراپتر ده‌یخه‌سێنێت و به‌لاڕێیدا ده‌بات.
كه‌س ناتوانێ ئه‌و هه‌نده ورده ده‌سكه‌وتانه‌ی له مێژووی ئێمه‌دا و له‌لایه‌ن كه‌سانێك كه له‌ژێر چه‌مك و زاراوه‌ی رۆشنبییریدا چالاكییان ده‌كرد هاته كایه‌وه، ره‌ت و ئینكار بكات، به‌ڵام باسه‌كه‌ی من شێوازێك له چالاكی خه‌سارئامێز كه له‌ناو هه‌ندێك كه‌س كه خۆیان به ئاوه‌ڵناوی رۆشنبیر رازاندووه‌ته‌وه، ده‌كاته مایه‌ی تێڕامان و لێكدانه‌وه.
به‌گشتی رۆشنبیر هه‌ر پێناسه‌یه‌كی هه‌بێت له مێژووی ئێمه‌ی كورددا دابڕاو نییه له سێ جه‌مسه‌ر:
1-ئه‌ده‌ب (به‌تایبه‌تی شیعر)
2-فیكر
3-حزب
لایه‌نه كاره‌ساتباره‌كانی به‌شی سێیه‌م باسێكی زۆر و زه‌وه‌ند هه‌ڵده‌گرێت و دایده‌نێم بۆ كات و ده‌رفه‌تێكی تر. رۆشنبیر به‌پێی كه‌شوهه‌وا و هه‌لومه‌رجی هه‌ر كام له پارچه‌كانی كوردستان و دواتر هه‌ر كام له شاره‌كانی كوردستان له قۆناغه جیاجیاكانی گه‌شه و ره‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووریی و شارنشینیدا میسداق و ده‌ركه‌وته‌یه‌كی هه‌بووه و كه‌م تا زۆر كاریگه‌ری داناوه و رۆڵی گێڕاوه. كه‌س ناتوانێت رۆڵی "تاكانه"ی رۆشنبیریی مه‌سعوود محه‌مه‌د، عه‌بدولخالق مه‌عرووف، شێرزاد حه‌سه‌ن، به‌ختیار عه‌لی و... له باشوور و رۆڵی هه‌ژار، هێمن، عه‌لائه‌دین سه‌جادی، سواره، مارف و... له رۆژهه‌ڵات ئینكار بكات، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر كامه‌یان به‌پێی پارامێتر و هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌می خۆیان.
رۆشنبیر له‌و میسداقانه‌دا هه‌ر پێناسه‌یه‌كی هه‌بێت هه‌ڵگری چه‌شنێك له تایبه‌تمه‌ندی كاریگه‌ری-دانان و رۆڵگێڕان له‌ناو كۆمه‌ڵگه و له بواری زمان و ئه‌ده‌ب و كولتوور بووگه. به‌ڵام وه‌ك گوتم باسه‌كه‌ی من به‌ده‌ره له لێكدانه‌وه‌ی وردی مێژوویی و تێڕوانینی پێناسه‌كانی رۆشنبیر و تایبه‌تمه‌ندی و میسداقه‌كانی ئه‌م بوونه‌وه‌ره. باسی من هه‌وڵێكه بۆ تێگه‌یشتن له ئاست و مانا و ماهییه‌تی رۆشنبیر له جیۆگرافیایه‌كی بچووك، واته رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
بۆ ئه‌م خوێندنه‌وه خه‌سارناسانه‌یه زۆرتر قۆناغ و سه‌رده‌مێكی زه‌مه‌نیی كورت و كۆتایی یه‌ك ده‌یه‌ی پێشوو له‌به‌رچاو گیراوه كه تێیدا رۆڵی ده‌سه‌ڵات و دیسكۆرسی سیاسی ریفۆرمخوازانی ئێرانیش به یه‌كێك له جه‌مسه‌ره‌كان دانراوه. ده‌ركه‌وتنی رژد و راشكاوانه‌ی چالاكییه رۆشنبیرییه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له ناوخۆی وڵات و له قۆناغێكی تازه‌ی مێژوویی و گۆڕانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، به‌شێكی له بنه‌مادا وابه‌سته‌ی ئه‌و دیسكۆرسه‌ی ریفۆرمخوازان بوو كه له ساڵی 76ی هه‌تاوی و له‌سه‌ر ده‌ستی محه‌مه‌د خاته‌می رۆیشته ناو سیستمی ده‌سه‌ڵاته‌وه. له‌و تۆزه هه‌ناسه‌دانه‌ی سه‌رده‌می خاته‌میدا ئه‌نجوومه‌ن و رێكخراو و بڵاڤۆك و مانگنامه كوردییه‌كان هاتنه كایه‌وه، كه ئه‌گه‌ر مونسیفانه چاوی لێ بكه‌ین یان نا، ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می گه‌شانه‌وه‌یه‌كی كولتووری و شوناسی كورده به‌راورد به پێشوو نه‌ك به نیسبه‌تی خۆی و توانست و شیاوه‌تییه‌كانی!
ئه‌م تێڕوانینه‌یش به‌و واتایه نییه سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ریفۆرمخوازانی ئێرانی و چوونه ناو كایه‌ی ریفۆرمخوازانی كورد بۆ پانتاییه‌كه، سه‌رده‌مێكی پڕ كێشه و باندبازی و هه‌لپه‌رستی نه‌بووه، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا بوو قه‌ڵه‌م و نوخبه هه‌ڵكه‌وتووه كوردییه‌كان توانییان به‌شێوه‌ی ئاكادیمی و رۆشنبیرانه و هه‌روه‌ها رۆژنامه‌وانی ئاوڕ له كۆمه‌ڵێك بابه‌تی وه‌ك زمان، كولتوور، شوناس، نه‌ته‌وه، ئه‌ده‌ب و مێژوو بده‌نه‌وه و دیسكۆرسێك رێك بخه‌ن كه له‌وانه‌ی پێشووی خۆیان جیاواز بێت و هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی مۆدێرنی تێدا بێت.
له‌م ره‌وته‌دا و تا سه‌رده‌مێك هه‌وڵه ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرییه‌كان توانییان له پانتایی گشتی و له‌ناو جه‌ماوه‌رێكی كه‌مدا كاریگه‌ر بن، ئه‌م ره‌وته دڵخۆشكه‌ر و شوناسبه‌خشه ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند (چونكه به هۆكارگه‌لێك كه دێمه سه‌ری) پێوه‌ندی نێوان رۆشنبیر و چالاك و.. له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا رووخا‌و و پردێك له به‌دگومانی و بێ متمانه‌یی له نێوان جه‌ماوه‌ر و رۆشنبیرانه‌وه هه‌ڵبه‌سترا. واته كاره‌ساته‌كه له‌و كاته‌دا ده‌ركه‌وت كه "دابڕان"ـه قووڵه‌كه رووی دا. خاڵی ئایرۆنی و له‌هه‌مان كاتدا خه‌مهێنه‌ری ئه‌م ره‌وت و دیسكۆرسه‌ی رۆشنبیریی ئێمه له‌وه‌دایه كه هه‌رچه‌نده زه‌مان تێده‌په‌ڕێت، نه‌ریتی تر و كڵێشه‌ی تر و پووكاوتر ده‌بێت، وه‌ك بڵێی فه‌زای رۆشنبیریی له وه‌هم و سه‌رابێكدا ده‌ژی كه هه‌رچی هه‌نگاو به‌ره‌و پێش هه‌ڵده‌گرێت هه‌ر به خه‌یاڵ رۆیشتووه و هه‌ر له جێی خۆیه‌تی و هه‌ندێ جاریش به‌ره‌و دواوه دێته‌وه.
ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئاخر ئه‌و هه‌وڵانه ده‌گرێته‌وه كه پاش نه‌مانی ره‌وتی ریفۆرمخواز له ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی و هاتنه سه‌ر كاری موعجیزه‌یه‌كی ئاسمانی! له‌لایه‌ن باڵ و پێكهاتی بناژۆخوازیی سیستم و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی وه‌ك ئه‌حمه‌دی نه‌جات! /هه‌ندێكمان تا ئێسته‌یش نه‌مانزانی ریفۆرمخواز بوو یان بناژۆخوازی خه‌ست و ده‌بڵ/ كه‌وتنه جۆرێك ته‌قیه و كاژخستن و كایه‌كردنی ناسك و نه‌رمۆڵ به‌مه‌به‌ستی پاراستنی رۆڵی رۆتین و رواڵه‌تی خۆیان و هه‌ر جۆره ئه‌كت و كرده‌یه‌كی ئه‌سیل و كاریگه‌ر و ده‌ورانسازییان له‌پێناو مانه‌وه‌ی ده‌نگ و ره‌نگ و رووخساری سه‌ر شانۆیی خۆیان و ململانێی قۆستنه‌وه‌ی هه‌ل و نه‌شكانی لۆچی جله‌كانیان له به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدا قوربانی كرد، ئه‌مانه بوونه‌وه‌رگه‌لێك بوون كه سێ كه‌سی یان چوار و پێنج كه‌سی ئه‌نجوومه‌نێكیان رێكده‌خست و به‌كه‌مترین حاڵه‌ت گرینگی‌یان به خرووجی و ئه‌نجامی راسته‌قینه‌ی توانسته مرۆییه‌كانی به‌شداران ده‌دا، له‌م شانۆ نوێیه‌ی رۆشنبیری‌دا كه بێگومان گۆڕانی شكڵی ده‌سه‌ڵات كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بوو تێیدا.
رۆشنبیر ئه‌وه‌نده له خولیای پاراستنی رووخساری شیك و پۆشته و مانیفێستكردنی فام و تێگه‌یشتنه قووڵ و دژه ئاینی و بوونناسییه‌كانی بوو، نیوی نیو ئه‌وه‌نده پێبه‌ندی گواستنه‌وه‌ی مه‌عریفه و به‌رهه‌مهێنانی شكڵێكی نوێی ژیان و بیركردنه‌وه نه‌بوو. رۆشنبیری ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره له نێوان به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و كۆكردنه‌وه‌ی واژوودا به هه‌ڵپه‌ڕكێ و دیلانه‌وه، دووه‌میانی هه‌ڵبژارد!
رێك ئا له‌م خاڵه‌دا بوو كه پانتایی گشتی و جه‌ماوه‌ر له‌و دیسكۆرسه‌ی كه ده‌عیه و بانگه‌شه‌ی رزگاری و نوێنه‌رایه‌تی شوناس و حه‌زه‌كانی نه‌ته‌وه و جه‌ماوه‌ر و گه‌لی ده‌كرد، دابڕاو به‌رده‌نگ ئیتر باوه‌ڕی به قسه پان و پۆڕ و قودسی مه‌ئابه‌كانی! ئه‌م بوونه‌وه‌ره نه‌ما، بوونه‌وه‌رێك كه ره‌خنه‌گرێكی توندی ئاین و خودا و قودسییه‌ته‌كانه، كه‌چی له‌و لاوه خۆی و مۆراڵ و حه‌ز و خه‌ونه‌كانی ده‌كات به چه‌ق و ناوه‌ندی پیرۆزیی به‌ده‌ر له ره‌خنه!
ئه‌مانه داهێنه‌رانی دژوازی و ته‌ناقوز بوون، سه‌یریش نییه زۆر! رۆشنبیرانی ئێمه هه‌میشه له ده‌رگه‌ی شیعر و ئه‌ده‌به‌وه هاتوونه‌ته ناو ئه‌و دنیایه و له شیعر و ئه‌ده‌بیشدا ته‌ناقوز و پارادۆكس سه‌نعه‌ت و فیگورێكی جوانكارانه و ئیستاتیكاییه! به‌ڵام له‌م هاوكێشه‌یه‌دا له سه‌نعه‌ت ده‌رچوو و بوو به پیشه. بێگومان خه‌ڵكیش تا ماوه‌یه‌ك ئه‌م دژوازییه‌یان بۆ دیار نییه دواتر ماوه‌یه‌كی دێر یان زوو، به ئه‌مری ره‌بولعاله‌مین! ده‌ستیان كه‌شف ده‌بێت!
رۆشنبیر خۆی خسته پێگه‌ی بوونه‌وه‌رێك كه وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانی كائینات و تازه‌ترین زانیارییه‌كانی لایه، هه‌ر گیرفانێكی به‌شێك له مه‌عریفه‌ی كائیناتی تێدایه و به ئاره‌زووی خۆی ده‌توانێ به ناو خه‌ڵكدا بیبه‌شێته‌وه! وه‌ك نانه‌كه‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح له نێوان حه‌وارییه‌كانیدا. ئه‌م بوونه‌وه‌ره كه له بنه‌ڕه‌تدا و به شێوازه دروسته‌كه‌ی یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی گومان و پرسیار بوو، خۆی وه‌ك مه‌لا و موفتی كه‌وته وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو پرسیاره‌كان و ئیتر پرسیار نه‌ما وه‌ڵام نه‌درێته‌وه، یه‌ك دوو دانه نه‌بێت!
هه‌ر كه‌سێك به‌شێكی بچووك له مێژووی فڕه‌نسا و رووداوه‌كه‌ی دریفۆس و بزاڤه رۆشنبیرییه‌كانی ئه‌ڵمان و ئه‌وروپای سه‌رده‌می جه‌نگه جیهانییه‌كان و پاش جه‌نگه‌كان بزانێت، تێده‌گات رۆشنبیر له پله و پێگه‌ی دروستی ناو مێژووی خۆی و به‌پێی پێكهات و سیسته‌ی نۆرم و به‌هاكانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌توانێت رۆڵی كاریگه‌ر و سه‌رده‌مساز و چاره‌نووسساز بگێڕێت! واته رۆشنبیر وه‌ك پێناسه و تیۆریزه‌كردنی جۆرێك له چالاكی و رۆشنگه‌ری و خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تی هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و هه‌ر وایشه، كێشه له فامی سه‌قه‌ت و نیوه‌چڵ و خوار و خێچه بۆ ئه‌م چه‌مكه له كۆمه‌ڵگه جۆراوجۆر و جیاوازه‌كاندا، ئه‌م چه‌مك و زاراوه له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی ئێمه‌دا هاورده كراوه، له‌گه‌ڵ كاڵایه‌كی فكری و ئه‌ده‌بی هاورده‌كراودا ئێمه ده‌بێ به چ عه‌قڵانییه‌ت و تێڕوانینێكه‌وه بجووڵاینایه‌وه؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره هه‌رچییه‌ك بێت به نیسبه‌ت ئه‌زموونی ئێمه‌ی كورده‌وه به خێر ناگه‌ڕێت، بۆیه ده‌ڵێم زه‌قترین تایبه‌تمه‌ندی رۆشنبیر لای ئێمه ژێستگرتن و كۆپیكردن و لاساییكردنه‌وه بووه. كوا ئه‌م دیسكۆرسه رۆشنبیرییه دانوستان و ته‌عامولێكی به‌هێز و كاریگه‌ری له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ردا رێكخستووه؟ كوا ئه‌م دیسكۆرسه دانوستانێكی سه‌ركه‌وتووی له‌گه‌ڵ دیسكۆرسی رۆشنبیریی فارس یان تورك و عه‌ره‌ب و به‌لووچ كردووه؟ كوا ئه‌و دیسكۆرسه‌ی رێزی له‌خۆی گرتبێت و بێگانه و ئه‌ویدی ستایش نه‌كردبێت؟ كوا ئه‌م دیسكۆرسه له ده‌رگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ شوناسی كوردیی داوه؟ له كوێیه ئه‌و تێڕامان و بیركردنه‌وه قووڵ و مێژووییانه‌ی. ناو ئه‌م دیسكۆرسه كه خه‌رمانێكی زیاد كردبێته سه‌ر فكر و ئه‌ده‌ب و شوناسی راسته‌قینه و رژد كوردی؟ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و تێكۆشانی كه‌سان و گرووپێك كه به ئاراسته‌ی خوێندنه‌وه و ره‌خنه و تێڕامان له هاوكێشه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و شوناسمه‌نده‌كانی پێوه‌ست به كورده‌وه، ئه‌زموونێكیان به‌رهه‌مهێنا بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو، له‌به‌رچاو نه‌گرین.
كه‌واته ئاماژه ره‌خنه‌ئامێزه‌كانی من ره‌ها نین، به‌ڵكو هه‌ڵوێسته و راوه‌ستانه له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ی بكه‌ر و چالاكێك به‌ناوی رۆشنبیر له پانتایی مێژوو و كولتووری ئێمه ده‌بوو بیكردایه، به‌ڵام نه‌یكرد و كه‌مته‌رخه‌می كرد، ترسا! هیوابڕ بوو! جه‌نگاوه‌ر بوونی خۆی پێشكه‌شی رۆحی كۆیله‌په‌رستی كرد.
به‌گشتی هۆكاره‌كانی له تێڕوانینی مندا ده‌توانن ئه‌مانه بن:
1-ترس.
2- هه‌لپه‌رستی.
3نائومێدی .
4-باوه‌ڕی سست و كشانه‌وه.
5- به‌رۆژنه‌بوون و نه‌ریتی بوونی روانگه و داتاكانیان، به‌پێی ئه‌مه‌ش گه‌ڕانه‌وه بۆ نۆرم و پێكهاته‌كانی دواوه واته عه‌شیره و خێڵ و پێكهێنانی جۆرێك له شارچێتی و خێڵگه‌رایی و ناوچه‌په‌رستی به سیمایه‌كی مۆدێڕن.
6-مێژووی لاواز و رووكه‌شی ئه‌ده‌بی و فیكریی ئێمه به نیسبه‌ت چه‌مك و زاراوه گه‌وره‌كانی رۆژئاواوه.
7-ئاڵووگۆڕی پێوه‌ندییه مرۆییه‌كان و هه‌موو شكڵه پێوه‌ندییه‌ك به‌هۆی جیهانی مه‌جازی و ده‌ركه‌وته زۆر و زه‌به‌نده‌كانییه‌وه كه له تۆڕێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی و فه‌ردیدا شێوازی به‌شداری و بكه‌رێتی (فاعلیت) و چالاكیی به ته‌واوه‌تی گۆڕی.
8-جۆرێك له گۆشه‌نشینی و ئینتزاعگه‌رایی فه‌یله‌سووف ئامێزانه كه ئه‌وه‌نده‌ی كافكایه‌كی خه‌مۆك و ناهومێدی (هه‌ڵبه‌ت به تێگه‌ی خۆی!) ستایش ده‌كرد، ئه‌وه‌نده له كامۆ و سارته‌ری پراكتیكخواز ورد نه‌ده‌بووه‌وه.
9-باوه‌ڕ نه‌بوون به تاك و تاكایه‌تی كه له قۆناغی ئێسته‌ماندا ئه‌گه‌ر من زاراوه‌ی رۆشنبیر لابه‌م "تاك" له شوێنه‌كه‌ی داده‌نێم، ته‌حه‌دا و باسێكی زۆریشه و دواتر دێمه سه‌ری، چونكه پێم وایه ماتۆڕ و پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی رۆشنبیر تاكایه‌تی و وزه‌ی تاكه نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، واته جه‌وهه‌ری رۆشنبیر ده‌بێت به تاكگه‌رایی.
به‌م هۆكارانه‌وه خه‌ڵك ئیتر واژوو نادات و به‌و هۆیه‌ش رۆشنبیر ئیتر واژووی بۆ كۆ ناكرێته‌وه و مه‌عریفه‌شی كه به‌رهه‌م نه‌هێناوه! ئه‌مانه ئاماژه‌ن بۆ دروستبوونی شكڵێك له وشیاری و تێگه‌یشتوویی و هه‌روه‌ها گۆڕان له كۆمه‌ڵێك نۆرم و به‌های ناو كۆمه‌ڵگه و ژیانی جه‌ماوه‌ر، ئه‌وان وشیار بوونه‌ته‌وه و ئیتر به ساده‌یی و ساوێلكه‌یی واژوو ناده‌ن به رۆشنبیر!