ڕه‌نگه "قاچاخ" یه‌كێك له‌و ده‌لاله‌تانه بێت كه بوونی ئێمه و به‌تایبه‌تی كولتووری سیاسیی ئێمه‌ی له درێژایی مێژوودا به‌رجه‌سته كردبێته‌وه، واته ئه‌م چه‌مكه ته‌نیا ڕه‌هه‌ندێكی ئابووری نه‌بووه و نییه، له مێژه باڵی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی بوونی كورددا كێشاوه. نیزام و چوارچێوه‌ی ده‌لاله‌تیی قاچاخ له پله‌ی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ وشه‌ی "سنوور" و "په‌ڕینه‌وه"دا هاوپێوه‌ند و تێكه‌ڵه. واته قاچاخ، سنوور و په‌ڕینه‌وه له ناو سیستم و تۆڕێكی ده‌لاله‌تی و نیشانه‌ییدا ده‌رده‌كه‌ون كه بوونیان پێكه‌وه مانا وه‌رده‌گرێت. لێره‌دایه قاچاخ ده‌بێت به كرده‌یه‌كی دژهنۆرم و لادان له‌و سنوورانه‌ی كه ئه‌ویدیی زاڵ و زاڵم بۆی كێشاوه و سنوور ده‌شكێنێت و په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و جۆرێك رزگاریی (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاتیش بێت) هه‌ڵده‌بژێرێت.
ئاخێزگه‌ی وشه‌ی قاچاخ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه ده‌لاله‌تی سه‌ره‌كیی وشه‌كه كۆنكرێتتر و بهرههستتره به به‌راورد له‌گه‌ڵ وشه‌گه‌لی وه‌ك یاساغ و قه‌ده‌غه، كه ئه‌م دوو وشه هاوتایهش به جۆرێك دیاریكردنی ئاراسته و ده‌لاله‌تی قاچاخ له ناو سیستمێكی یاسایی و دادوهرییانهدایه. قاچاخ كرده‌وه‌یه‌كی ئێمه بووه بۆ درێژه‌دان به بوون، هه‌لومه‌رجێك كه "دۆخی ئاوارته(دانسقه)"ی ئێمه پێ مانا ده‌كرێته‌وه. كرده‌ی قاچاخ ته‌نیا یاسایه‌كی نووسراو یان نه‌نووسراوی ناو ئه‌م دۆخه ئاوارهتهیه نه‌بووه كه ده‌سه‌ڵاته فاشیسته‌كانی سه‌ر جیۆگرافیای كوردستان دۆزی كوردیان پێ كپ و سڕ كردبێته‌وه و بوونی كوردیان به‌ره‌و داڕمان و له‌ناوچوونێكی هێواش و نه‌رم بردبێت، به‌ڵكو له‌م مێژووه پڕ گێرمه و كێشه‌یه‌دا قاچاخ بووه به ئه‌كتێك، ڕێیه‌ك و بژارده‌یه‌ك كه گاڵته به‌و یاسا و سیستمه ده‌كات كه دۆخ و دۆزی ئه‌وی به باشی فام نه‌كردووه یان له ئاره‌زووی سڕینه‌وه‌ی ته‌واویی ئه‌ودایه. بۆیه یه‌كه‌م شتێك كه قاچاخ له هه‌مبه‌ریدا ده‌وه‌ستێته‌وه، سیستمی پێناسه‌كردن و دیاریكردنی سنووری جیۆگرافیی و ماناییه، سنووری ده‌لاله‌تیی یاساغ و قه‌ده‌غه ته‌نیا ده‌بێت به بڕگه‌یه‌كی یاسایی ناو داوده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت كه نه‌ك بۆ پێڕه‌وكردنی ئێمه به مه‌به‌ستی ژیانێكی ئاسووده و ئینسانی داڕێژراوه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه بۆ لادان لێی و په‌ڕینه‌وه‌ی سنووره به‌رهه‌ست و دهرههستهكهی ئێمه فۆرمۆڵه كراوه كه ئامانجی فیشه‌كه‌كانی ئه‌وان دیاریی بكات. بۆیه قاچاخ به‌رده‌وام گرتن و ته‌قه‌كردن و كوشتنی به‌دواوه بووه و یاساغ ئاره‌زووی كهویكردن و ڕامكردن و ملكه‌چكردن. بۆیه قاچاخ ده‌بێت به ئه‌كتێكی سیاسیی و شۆڕشگێڕێ ئه‌گه‌رچی هه‌موو كاتیش هه‌ڵگری وشیاریی نه‌بێت.
به هۆی ئه‌و ژیۆپۆلهتیكهی كوردستان و بێ ئاكامبوونی زۆر له شۆڕشه كوردییه‌كان و فاشیزمی ڕۆژهه‌ڵاتی و زۆر هۆكاری تر ئێمه ئان‌وسات ڕووبه‌ڕووی هه‌ردوو حاڵه‌تی قاچاخ و یاساغ بووینه‌ته‌وه. واته هه‌م وه‌ك قاچاخچی ڕاوه‌دوو نراوین و پێكراو و كوژراوین و هه‌میش وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی زمانیی، كولتووری و ئینسانیی تایبه‌ت گومان له‌سه‌ر ده‌لاله‌ته ژێره‌وانكێ و مه‌ته‌ڵه خه‌وتووه‌كانی ناو زمانمان هه‌بووه و له مێژه زمانمان بابه‌تێكی یاساغ و په‌راوێزی بووه، په‌راوێزی به‌و واتایه‌ی كه ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مانێك هه‌وڵێك دراوه بۆ داننان به‌م زمانه‌دا هه‌وڵێك نه‌بووه به ئاراسته‌ی به‌هادایین به زمان و شوناسی نه‌ته‌وه یان ئیتنیك یان قه‌واره‌یه‌كی جیا له خۆیان، به‌ڵكو تاكتیك و فێڵێكی كورتماوه بووه بۆ دیاریكردنی ئه‌و سنوورانه‌ی كه یاساغیان كردووه و ده‌ستنیشانكردنی خاڵه قه‌ده‌غه‌كان و له‌ناوبردنی قاچاخ. له‌م حاڵه‌ته‌دا زمان ده‌بێت به نیشانه و مۆركێكی سیاسی، كرده‌وه یان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كولتووریی-ئینسانی كه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پلان و پێناسه‌كانی ئه‌ویدیدا مانا وه‌رده‌گرێت.
له سه‌رده‌مێكدا كه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كولتووری نووسراوه‌یی و كتێبنووسی بواری وای پێ نه‌ده‌درا و هیچ ژێرخان و بنه‌مایه‌ك بۆ چه‌كه‌ره‌كردن و گه‌شه‌سه‌ندنی بنیات نه‌ده‌نرا و قاچاخ و یاساغ بووه ئه‌وه گۆرانی كوردیی و گۆرانیبێژه كورده‌كان بوون كه به چالاككرنهوهی نه‌ریت و ئیستاتیكا و جیهانبینیی مرۆڤی كورد سنووره‌كان و ئه‌و تهلبهندانهیان تێده‌په‌ڕاند و زمانی كوردی‌یان وه‌ك ماڵ و ڕه‌شماڵێكی كۆچه‌ریی زیندوو و یاخی ڕاده‌گرت، حه‌سه‌ن زیره‌ك نموونه‌ی ئه‌و سووژهیهیه كه زمان و دۆخی كوردی دروستی كردووه و هاوكات ئه‌ویش زمانی كوردیی گه‌شه‌ونه‌شه پێ داوه. وه‌ك پێشتریش باسم كردووه حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌ك مرۆڤێكی سووریالی و بێ شوێن و ئاواره ده‌توانێت زیاترین پوتانسییه‌ل و وزه بخاته ناو زمانه‌وه و ئهكتهكهشی بێت به بابه‌تێكی ته‌واو سیاسی. لێره‌وه حه‌سه‌ن زیره‌ك زیاتر ڕووخسارێكی شۆڕشگێرانه و سیاسی وه‌رده‌گرێت تا سیمایه‌كی زه‌قی فۆلكلۆر كه بێگومان ئه‌وه‌ش لایه‌نێكی پتهوكهری ئه‌م دهركهوتهیهیه.
"خاڵۆی ڕێبوار" و "خانمی ڕێبوار" دوو له گۆرانی و ده‌سته‌واژه‌كانی زیره‌كن كه جیا له ئاماده‌یی هاوكاتی ژن و پیاو له ڕێ و به‌رجه‌وه‌نی ڕێبوارزهدهی زیره‌كدا، ئاماژه‌یه‌كی ته‌واون به سنووربه‌زێنی و سنوورشكێنیی زیره‌ك، قاوه‌خانه‌كان، دوكانه‌كان، ماڵه‌كانی سه‌ر ڕێ، ڕه‌شماڵان، ته‌كێ و خانه‌قا، مه‌زرا و بێستان، كانیاوه‌كان، په‌ناوپه‌سیوی كۆڵانان و ڕێ، شهدهلارهكان و... هه‌موو ئه‌مانه له‌گه‌ڵ ده‌نگ و زمانی زیره‌ك بوون، ئه‌و داربه‌ڕووی كهژهكان و شنه‌ی بای له‌گه‌ڵ بووه، ئه‌سپی سپیی خه‌یاڵی له‌گه‌ڵ بووه. هونه‌رمه‌ند میدیا حوسێن كه باس له كۆڕێكی گۆرانیی زیره‌ك له كه‌ركووك و گه‌رمیان ده‌كات، ده‌ڵێت: زیره‌ك له هه‌ر كوێ بوایه گۆرانییه‌كه‌ی به زاراوه و شێوه‌زاریی ئه‌وێ ده‌گوته‌وه و له زاراوه و شێوه‌ی ده‌ربڕینیان كه‌ڵكی وه‌رده‌گرت. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه پێمان ده‌ڵێت له كۆی گۆرانییه‌كانیدا یه‌كانگیریی و یه‌كگرتووییه‌ك له ده‌ربڕین و گۆكردندا هه‌بووه و ئاماژه‌یه‌كی دیارن به‌و نه‌ریته قووڵ و ڕیشه‌ییه‌ی كه ئه‌و هه‌ڵگری بووه و شه‌ڕی ڕه‌مزیی له‌گه‌ڵ سیستمه قاچاخكهر و یاساغكهرهكان پێ كردووه و هیچ سنوورێكی نه‌ناسیوه‌ته‌وه، ئه‌و سنووره دهسكردانهی كه مۆدێرنیته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیی پارچه یهكانگیرهكانی هه‌لاهه‌لا و لهتوكوت كردووه. له جه‌وهه‌ردا ڕه‌نگه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه بۆ بوونناسی فۆلكۆر و شێوهئاوازیی كوردی بگه‌ڕێنینه‌وه كه لێره‌دا زیره‌ك ده‌بێت به یه‌كێك له زه‌قترین و دره‌وشاوه‌ترین سیماكانی.
ئه‌و سنوورشكێنییه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك له نێوان پارچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور یه‌كگرتوویی و یه‌كانگیریی زمانی لای خۆی كۆ كرده‌وه، ئێسته‌ش وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مێژوویی له به‌رده‌ستی ئێمه‌دایه، خه‌یاڵی زمانی و ئیستاتیكای ئه‌ده‌بیی و رۆحیی ئێمه پێی ئاو ده‌درێ و باڵا ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ره‌یه‌ك دوای زیره‌ك ده‌یه‌وێت له‌م شێوازه هونه‌رییه تێپه‌ڕێت و گوزارشت له شێوه‌ی ژیان و داڵغه ئیستاییهكانی خۆی و شارێتی و مۆدێرنبوونی خۆی بكات ئه‌وه ئازاده بێگومان، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه كه ئێمه شته‌كان چه‌واشه ده‌كه‌ین تێنه‌گه‌یشتن له نه‌ریت و فڕێدان و بازدان به سه‌ریدا به تێپه‌ڕین و سهرووترڕۆشتن له سونه‌ت و نه‌ریت خۆی خه‌مڵاندووه، نموونه‌ی هه‌ره دیاری ئه‌م پشێوهیی و وه‌همه گه‌وره‌یه ڕوانینێكه كه زۆرینه‌ی گۆرانیبێژه نوێكان بۆ زمان هه‌یانه، ئه‌و ده‌ور و ڕۆڵه‌یه كه بۆ زمان و هه‌ڵبژاردنی وشه و خه‌یاڵسازیی به‌كاری "ناهێنن"، له به‌ندبێژیی ئێسته‌دا كه بووه به فۆرمی زاڵی هونه‌ری گۆرانیی كوردی، پشێوی و پهرێشانییهكی ته‌واوی زمانیی به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه، به‌یتبێژی و شیعره‌كانی له نزمترین ئاستی وشیاریدایه و بێ هیچ فۆرمێكی ئیستاتیكایی و هونه‌ری و له ئانوساتێكی له ناكاودا كه هیچ پێوه‌ندی به زه‌ینی ناوشیار و فیچقه و فوارهكانیهوه نییه، ته‌نیا له ناو فه‌زایه‌كی موبتهزهڵ و سووكی گه‌عده‌دا ڕوو ده‌دات، دێته ئاراوه.
زمان لێره‌دا نه ئامرازی پێوه‌ندییه‌كی ئیستاتیكاییه و نه ئامانجێكیشه له خۆیدا، به‌ڵكو زمان ته‌نیا ئامێرێكه بۆ شه‌ڕ، "شه‌ڕه به‌ند!" ڕه‌نگه لێره‌دا قووڵایی داڕمان و هه‌ره‌سهێنانی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یه‌ك زه‌ق بێته‌وه كه ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ی به‌سه‌ردا هات و كاره‌ساتگه‌لێكی وه‌ك ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆڕه‌وی به سه‌ردا تاقی كرایه‌وه. به‌پێی تێڕوانینێكی زمانناسانه ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمانه‌كه‌ی شێوا و جومگه نه‌ریتییه‌كانی بنكۆڵ و له‌ق بوو، ئه‌وا له پله‌ی یه‌كه‌مدا ئه‌خلاقی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه تووشی داڕمان و هه‌ره‌سهێنان بووه. ئه‌م دۆخه‌ی كه ئێسته به ئاسانی له سه‌ر سیماگه‌لی ڕه‌مزیی وه‌ك زیره‌ك و ناسری ڕه‌زازی قسه ده‌كرێت، له‌م قه‌یرانه ئه‌خلاقییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه بێگومان پێی له ناو قه‌یرانێكی گه‌وره‌تر به ناوی شوناس و ناسنامه‌دا داكوتاوه، شوناسێك كه فاشیزمی جۆراوجۆری ناوچه‌كه و ده‌سه‌ڵاته زاڵه‌كان به‌سه‌ر كوردستان شێواندوویانه و ئێسته بووه به یه‌كێك له سێبه‌ره ڕه‌مزی و مه‌عنه‌وییه‌كانی ئه‌وان، به‌ڵام له ئاستێكی تراجیك كۆمیكدا.
وه‌ك نیچه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر له چاڵێك بڕوانی ئه‌ویش له تۆ ده‌ڕوانێت، چه‌ند سه‌د ساڵ شه‌ڕی جۆراوجۆر و به‌رخۆدان و خۆڕاگریی كورد له هه‌مبه‌ر چاڵ و سیاچاڵی فاشیزمی جۆراوجۆر وای كردووه به‌ر تیشك و ئه‌فسوونه‌كانی بكه‌وین، وێنه‌كانی له سه‌رماندا بزرنگێته‌وه. ده‌بێ بۆ ڕزگاربوون له‌م دۆخه دۆزه‌خییه له خۆمان بپرسین فاشیزم و شه‌ڕه كوشنده‌كانی بۆ سڕینه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی ئێمه و میتۆده‌كانی چی به‌سه‌ری "خود"مان هێناوه كه وه‌ك سێبه‌رێكی ئه‌و هه‌ر ماوه‌ی جارێك نیشانه‌یه‌ك له داڕمان و هه‌ره‌سهێنان و سووك و چرووكی و گه‌نده‌ڵییه‌كی بێ سنوور به‌رهه‌می ده‌هێنینه‌وه؟ هه‌ڵهاتن له ئه‌ندێشه‌ی فاشیزم و ڕزگاربوون له بیركردنه‌وه و میتۆده‌كانی فاشیزم به ئه‌ندازه‌ی چاوبڕینهچاوی قوربانیی له جه‌لاد بۆ تێگه‌یشتن له "بۆ؟" گه‌وره‌كه و هه‌روه‌ها قووڵبوونه‌وه‌ی جه‌لادی بچووك له جه‌لادی گه‌وره بۆ فامی مانا و پێگه‌ی خۆی گرینگ و چاره‌نووسسازه. فاشیزم ئێمه‌ی بێگانه كرد له‌گه‌ڵ زمان و نه‌ریتمان، ئه‌نفال به قووڵی و چڕی له‌سه‌ر گونده‌كان پیاده كرا، ئه‌و شوێنه‌ی سه‌رچاوه‌ی بزۆزی و گه‌شه و ڕۆحی زمان بوو، فاشیزم له پله‌یه‌كی به‌رز مانا و پێگه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و زمانی كرد به ئامێر و ئامراز بۆ ڕۆحی چڵێس و ڕامنه‌كراوی خۆی، ئێمه‌ی له‌خۆ نامۆ كرد، شاره گه‌وره‌كانی په‌ره پێدا، نۆرمێكی ئه‌خلاقیی بێ ڕیشه و مێژووی په‌ره پێدا و ئه‌م ڕووخسارانه‌ی دروست كرد كه به ده‌ربڕینێكی زۆر پێكه‌نیناوی و زمانپهشێوانهوه پێیان ده‌ڵێن هونه‌رمه‌ندی میلیی!