ئیسرائیل هێرشی كردە سەر دیمەشق

:: PM:04:26:07/12/2016 ‌

میدیاكانی لبنان ئاشكرایان كرد هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی كردووەتە سەر فڕۆكەخانەیەكی سەربازی لە نزیك دیمەشق.

دانیشتووانی ناوچەكە بە كەناڵی تەلەڤزیۆنی "المیدان" كە لە حكوومەتی سووریا نزیكە گوتووە، ئەمڕۆ گوێیان لە چەندان تەقینەوە بووە.

پێ دەچێت سوپای ئیسرائیل لە رێگەی هاویشتنی مووشەكەوە، هێرشی كردبێتە سەر فڕۆكەخانەی سەربازیی "المزە" كە كەوتووەتە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختەوە.

هێشتا ئەو هەواڵە بە فەرمی پشتڕاست نەكراوەتەوە و هیچ زانیارییەكیش لەبارەی ژمارەی قوربانییان و ئاستی زیانەكان ئاشكرا نەبووە.

هێزەكانی ئاسمانی ئیسرائیل پێشتر چەندان جار هێرشیان كردووەتە سەر بنكەكانی سوپای بەشار ئەسەد لە نێو خاكی سووریا.

 هەفتەی رابردوو تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا ئاشكرای كرد، ئیسرائیل لە رێگەی سنووری ئاسمانی لبنانەوە دوو مووشەكی ئاراستەی دیمەشق كردووە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو هێرشانەی ئیسرائیل دەیانكاتە سەر خاكی سووریا، مەبەستی لێدانی بنكەكانی حزبوڵای لبنانییە كە یارمەتی بەشار ئەسەد دەدات و لە لایەن ئێرانیشەوە پاڵپشتی دەكرێن.

هێزەكانی حزبوڵا و سوپای پاسداران رۆڵێكی گرنگیان هەیە لەو شەڕەی ئێستە لە حەلەب دەكرێت و لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەرێكی فراوان لە دەستی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن دەرهێنراوە.

سەرچاوە/رادیوزمانە


وشە - سلێمان تاشان