"ململانێ لەسەر مووسڵ رەنگە عێراق دابەش بكات"

:: PM:02:49:11/11/2016 ‌

گەورە بەرپرسێكی ئێران داوا لە توركیا دەكات كە لە دەرەوەی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ بوەستێت و دووپاتی دەكاتەوە كە ململانێ و كێبەركێی هێزەكانی بەشدار لەو جەنگە رەنگە ببێتە هۆی دابەشكردنی عێراق، كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەستیاری ئەو جەنگە بۆ هەموو ناوچەكە.

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو بە پێشڕەوییەكی باشی هێزەكانی بەشدار دەستی پێ كرد كە لە ماوەی كەمتر لە سێ هەفتە تەواوی ناوچەكانی دەوری شاری موسڵ كۆنترۆل كرانەوە و دواتر هێزەكان لە قۆڵی رۆژهەڵاتی چوونە ناو شارەكە، بەڵام چەند رۆژێكە جەنگ وەستاوە.

حوسێن ئەمیر عەبدولەهیان كە گەورە راوێژكارێكی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانە لەو بارەوە دەڵێت، رەنگە ململانێ لەسەر مووسڵ ببێتە هۆی دابەشكردنی عێراق ئەگەر یاریكەرە ئیقلیمییەكان هاتنە ناو پرسەكەوە، لەوانە سیاسەتوانانی كورد و توركیا، واتە لەبارەی دیاریكردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی مووسڵ لە قۆناغی دوای نەمانی داعش.

عەبدولەهیان كە پێشتر پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری ععەرەبی هەبوو، رای گەیاند كە نابێت توركیا هیچ شتێك بكات و هەنگاو باوێت بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق و پێویستیشە درك بەوە بكات كە هەر جوڵانەوەیەكی سەربازی رەنگە لە بەرژەوەندی داعش بێت.

عەبدولەهیان گومانی خۆی لە نیازەكانی ئەمەریكا لە جەنگی داعش لە عێراق دووپات كردەوە بەوەی ئەو نایەوێت داعش لەناوبچێت، بەڵكو دەیەوێت لە مووسڵ بیباتە دەرەوە بەرەو سووریا یان شوێنی تر لە عێراق، بۆیە ئەو دەیەوێت پارێزگاری لە داعش بكات وەك ئامرازێك كە هەركات ویستی بەكاری بێنیت.

دوای 2003 ئێران توانی لە رێگەی هێزە سیاسی و سەربازییە شیعەكانەوە ببێنە خاوەن دەسەڵاتێكی گەورە لەناو عێراق، هاوكات توركیا خاوەنی نزیكەی سێ هەزار سەربازە لە عێراق، لەو كاتەی عێراق مانەوەی ئەو هێزانە و بەشداریكردنیان لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ رەت دەكاتەوە.

سەرچاوە: ئەلجەزیرە


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل