بەرپرسێكی گۆڕان: دۆخی هەرێم بە دەركردنی بەیاننامە و پاڵەوانانی فەیسبووك چاسەر نابێت

:: PM:09:22:24/06/2020 ‌

بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان رەخنە لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەگرێت، بەوەی سیستمی هاوسەرۆكی وەك خۆی پێڕەو ناكات، ئاماژە دەكات، هەموومان بەرپرسین لە باشبوونی دۆخی هەرێم بە دەركردنی بەیاننامە و پاڵەوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چارەسەر نابێت.
خەڵك ماندووە و بە قسەی بریقەدار هیچی دەست ناكەوێ
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەم 24ی حوزەیران بە "وشە"ی راگەیاند، هەر حزبێك كە لە دنیادا بەرەو ئەوە دەڕوات متمانەی جەماوەری لەدەست بدات و دووچاری كێشەی ناوخۆیی دەبێتەوە، تاكە هەنگاو بۆ گۆڕانكاری كە هانای بۆ دەبات، بەستنی كۆنگرەیە.

زیاتر گوتی، هەمووان دەزانن پێش كۆنگرە یەكێتی بە دەست كۆمەڵێك كێشەی ناوخۆیی و باڵباڵێنەوە دەیناڵاند، بەڵام دوای كۆنگرەو پێڕەوكردنی سیستمی هاوسەرۆكی، هێشتا هەمان كێشەی پێش كۆنگرەی تێنەپەڕاندووە، ئەوەی ئێستە لە یەكێتی دەبیندرێت، تاكڕەوی و یەكتری نەخوێندنەوەی تیا بەدی دەكرێت، چونكە سیستمی هاوسەرۆكی واتای دەركردنی بڕیارەكانە بە هاوئاهەنگی هەردوو هاوسەرۆك.

لە بارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستانەوە، مەحموود روونی كردەوە، هەموو ئەو حزبانەی حكوومەتی هەرێممان پێك هێناوە، دەبێت هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەین، بۆ ئەوەیش دەبێت پڕۆژە و پێشنیازمان هەبێت، نەك خۆكردنە پاڵەوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەركردنی بەیاننامەی ناپێویست و راچڵەكانی خەڵكی لە نیوە شەودا.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان، سەرەتا دەبێ چارەسەرەكان بۆ ئەم دۆخە بخەینەڕوو و پێشكەیشی حكوومەتی بكەین، دواتر ئەگەر وەڵاممان نەدرایەوە، ئەوكات هەنگاوی تر بنرێت، دووپاتی كردەوە، خەڵك ماندووە و پێویستی بە مووچە و بژێوی ژیانە، تینووی ئەوە نییە بە قسەی باق و بریقەدار هیچی دەست ناكەوێ.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل