دوایین زانیاری سەبارەت بە دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران

:: PM:10:30:24/06/2020 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی قەرزكردنی بە حكوومەت دا، پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا رای دەگەیەنێت، پەرلەمان داوای كردووە هەفتەی داهاتوو حكوومەت پرۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات، دوایین زانیاریش سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم دەخاتە روو.
پارەكە ئامادەیە و ماوەتەوە كازمی بڕیاری ناردنی بدات
مەیادە محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆ و دەرەوە، كە بوو بە یاسا و پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، كاریگەری لەسەر بودجە نابێت، چونكە بودجە كورتهێنانی زۆری هەیە و دەبێت چارەسەر بكرێت، بە تایبەتی بۆ مووچەی فەرمانبەران.

زیاتر گوتی، ئێستە حكوومەتی عێراق لە هەموو بوارەكان تووشی قەیران بووە، پڕۆژە، وەبەرهێنان، پیشەسازی، پارەی جووتیار و مووچە و كەرتەكانی تر، ئەو قەرزانە دەكات دەیەوێ چارەسەری ئەو كێشانە بكات، بەتایبەتیش پارە گەنمی جووتیاران.

محەمەد روونی كردەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق داوای كردووە تا 30 حوزەیران حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات، لەگەڵ ئەو قەرزەی كە دیاری كراوە لە دەرەوە، پێنج ملیار دۆلار قەرز دەكات و لە ناوخۆش بڕی 15 تریلیۆن دینار قەرز دەكات و كەموكوڕییەكان پڕ دەكاتەوە.

لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی 2014 تا 2016 كە بڕەكەی زیاتر لە 550 ملیار دینارە گوتی، پارەكە خەرج كراوە و خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی عێراق و ماوەتەوە سەر ئەوەی كە مستەفا كازمی، بڕیار لەسەر ناردنی بدات، كێشە لە پارەكە نییە و ئامادەیە، هەفتەی پێشویش نووسراوی تایبەتیم كرد و داوام كرد پارەكە خەرج بكرێت، بۆیە ئومێدمان هەیە خەرج بكرێت.

سەبارەت بە پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران كە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستی پێ كردووە، ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، بۆ ئەمساڵ هیچ گرفتێك دروست نابێت بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و پارەكانیان لەگەڵ پارەی جووتیارانی عێراق رەوانە دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل