بالۆتێلی پەیوەندی بە یانەی یۆڤانتۆس دەكات

:: AM:10:28:23/01/2018 ‌

ماریۆ بالۆتێلی هێرشبەری یانەی نیسی فڕەنسی نزیكە لە رێگەی یانەی یۆڤانتۆسەوە دووبارە بگەڕێتەوە وڵاتەكەی.

رۆژنامەی (دەیل مەیل)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی یۆڤانتۆس نزیك بووەتەوە لە راگەیاندنی گرێبەستی بالۆتێلی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستای یاریزاناندا و گرێبەستەكەش بۆ ماوەی 5 وەرز و نیو دەبێت.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی بالۆتێلی لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەی نیس لە خولی فڕەنسا پێشكەشی كردووە، وای لە بەرپرسانی یانەی یۆڤانتۆس كردووە هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ بدەن.

مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری كارەكانی بالۆتێلی رۆلی سەرەكی گێڕاوە لە نزیكبوونەوەی لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس و دووبارە یاریكردنەوەی ئەم هێرشبەرە تەمەن 27 ساڵییە لە خولی ئیتاڵیادا.

جێی باسە بالۆتێلی لە یارییەكانی ئەم وەرزەی یانەی نیس ئاستێكی ناوازەی لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا پێشكەش كردووە و تا ئێستا توانیویەتی 17 گۆڵ تۆمار بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م