زانیاری لەبارەی ئایفۆن11 ئاشكرا دەبێ

:: PM:01:39:24/01/2018 ‌

دیزاینەری بەناوبانگی دنیا "مارتن هاجیك" پێشبینییەكانی خۆی بۆ شێوەی ئایفۆنی داهاتوو خستە ڕوو، كە ڤێرژنی ئایفۆن 11 دەبێ، بڕیارە لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ لەلایەن كۆمپانیای ئەپڵەوە بخرێتە بازاڕەكان.

هاجیك پێشبینییەكانی خۆی بە وێنە و دیزاینی ناوازەوە خستووەتە ڕوو و دەڵێ، ئەپڵ گۆڕانكاری لە شێوەی ئایفۆن هەشت دەكات، دوگمەی هۆم لەسەر ڕووی پێشەوەی ئایفۆن 11 لا دەبات و شاشەكەیشی بە تەواوی ڕووی پێشەوە دەگرێتەوە، دەیەوێ تایبەتمەندی زۆر ناوازە بخاتە ڕوو، چونكە لە فرۆشی ئایفۆن10 ئەو قازانجە خەیاڵییەی نەكردووە كە پێشبینی دەكرد، بەهۆی بەرزی نرخی ئایفۆ ئێكس، یان ئایفۆن 10.

ئەو دیزاینەرە دەڵێ، گۆڕانكاری ئەوتۆ لە ئایفۆن11 ڕوو نادات، بەڵكو شاشەكەی گەورەتر دەبێ و هێڵی ڕەشی سەر شاشەكەیش نامێنێ كە كونی كامێرای لەسەر بوو، چونكە بە بڕوای بەكارهێنەران ئەم هێڵە زۆر بێزاركەرە و ماندووی كردوون.

پێشبینی دەكرێ، ئایفۆن 11 قەبارەی شاشەكەی 5.8 بۆسە بێ و بەگشتی قەبارەكەیشی 6.5 بۆسە بێ، هاوكات هێمای بۆ ئەوەیش كردووە كە ئایفۆن11 بە چوارچێوەیەكی بەهێز دادەپۆشرێ، ڕێگری لە دەركەوتنی شوخت و پەڵە دەكات بە ئاسانی، هاوكات پێشبینی دەكرێ و شوێنی دوو سیمكارتیشی دەبێ. ئەپڵ جۆرێكی تری ئایفۆن بخاتە ڕوو كە بە شاشەیەكی بچووك و نرخێكی بەرز دەبێ، ڕووپۆشەكەی ئەلەمنیۆم دەبێ لە شوێنی شووشە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د