ئەبوبەكر بەغدادی بەرەو ئەفریقیا هەڵاتووە

:: PM:06:37:24/01/2018 ‌

رۆژنامەیەكی بەریتانیایی دەڵێت كە ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعش بۆ ناوچەیەكی كیشوەری ئەفریقیا هەڵاتووە و سەركردەیەكی پێشووی گرووپێكی ئیسلامی میسڕیش پێشبینی دەكات كە بەغدادی ئێستە لە چاد یان نزیك نەیجەر بێت.

رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانیایی لەو بارەوە ئاماژەی كرد كە ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی رێكخراوی داعش لە عێراق هەڵاتووە و ئێستە خۆی لە ناوچەیەكی كیشوەری ئەفریقیا حەشار داوە و روونی كردەوە كە بەغدادی چاوی لەوەیە كە لەو كیشوەرە رێكخستنەكانی خۆی زیندوو بكاتەوە. 

لای خۆیەوە سامح عیدان، شارەزا لە كاروباری گرووپە ئیسلامییەكان لە میسڕ پێشبینی دەكات كە ئەبوبەكر بەغدادی لە ئەفریقیا بێت، ئەوەیش دوای ئەوەی سەران و ئەندامانی گرووپەكەی لە عێراق و سووریا هەڵاتن.

لای خۆیەوە ناجح ئیبراهیم، سەركردەی پێشووی كۆمەڵەی ئیسلامی لە میسڕ دووپاتی كردەوە كە رەنگە ئەبوبەكر بەغدادی لە ناوچەیەكی وەك وڵاتی چاد یان ناوچەیەكی سنووری دوورە دەست و یاسا لە نێوان هەردوو وڵاتی جەزائیر و نەیجەر بێت.

شایەنی باسە دەزگا هەواڵگرییەكانی عێراق و ئەوروپا پێش 18 مانگ دووپاتی ئەوەیان كردەوە كە ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە یەكێك لە گوندەكانی باشووری شارۆكەی بەعاج لە پارێزگای مووسڵ خۆی حەشار داوە، هەروەها بەپێی زانیارییەكان بەغدادی لەسەر سنوورەكانی عێراق و سووریا لە جموجۆڵدا بووە.  

رێكخراوی داعش لە حوزەیرانی 2014 هێرشێكی فرەوانی كردە سەر چەند شارێكی عێراق و داگیری كردن، ئەو دەوڵەتی خیلافەتەكەی راگەیاند و ئەبوبەكر بەغدادیشی كردە خەلیفە و  سنووری نێوان عێراق و سووریای هەڵوەشاندەوە، تا لە 9ی كانوونی یەكەمی پارساڵ سەركەوتنی كۆتایی بەسەر رێكخراوەكە لە عێراق هاتە راگەیاندن.

سەرچاوە: ئیخبارییە
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل