له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی سه‌رما، نه‌خۆشخانه‌كان جمه‌یان دێت له منداڵان كه تووش بوون به په‌تای وه‌رزی.
پزیشكه‌كان به‌رده‌وام ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن منداڵان له گه‌وره‌كان زۆرتر و زیاتر و زووتر له مه‌ترسی په‌تاى زستانییه‌كان له‌سه‌ره، بۆیه پێویسته دایك و باوكان له سروشتی نه‌خۆشییه‌كان بگه‌ن و بزانن كه هه‌ندێك له‌و ده‌رمانانه‌ی وه‌ریده‌گرن، نه‌ك سوودیان بۆ ئه‌و نه‌خۆشییانه نییه، به‌ڵكو زیانیشیان پێ ده‌گه‌یه‌نن.
له‌كۆتای پاییز و سه‌ره‌تای زستان، وه‌رزی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ن، خه‌ڵكی به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون كه سه‌رما ڕاسته‌وخۆ منداڵه‌كانیان تووشی هه‌ڵامه‌ت و په‌تا ده‌كات، به‌ڵام پزیشكه‌كان ده‌ڵێن له ڕاستیدا رۆڵی سه‌رما ناڕاسته‌وخۆیه و خودی سه‌رماكه نابێته هۆی تووشبوون به په‌تا.
سه‌نته‌ری كۆنترۆڵكردن و پێشگیری له نه‌خۆشییه‌كان (CDC) له ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت، منداڵان سێ ئه‌وه‌نده‌ی گه‌وره‌كان زۆتر تووشی په‌تاكانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه ده‌بن و هه‌ر منداڵێك دوور نییه ساڵانه هه‌شت بۆ نۆ جار په‌تا بگرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پێنه‌گه‌یشتووی و لاوازی كۆئه‌ندامی به‌رگرییانه‌وه.
له‌م باره‌یه‌وه پزیشكێكى پسپۆڕی منداڵان، دكتۆر محه‌مه‌د حه‌سه‌ن له لێدوانیكَی تایبه‌ت به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌م ڕێنوێنیانه‌ى خواره‌وه پێویسته هه‌موو دایك و باوكێك به جوانی شاره‌زای بێت و فێریان ببێت بۆ ئه‌وه‌ى چیتر منداڵه‌كانیان زووتر و زیاتر تووشی په‌تای وه‌رزی نه‌بن، ئه‌وانیش:-
1- پاك و خاوێن ڕاگرتنی منداڵ و شۆردنى ده‌ست و ده‌می منداڵ پێش نان خواردن و دوای نان خواردن.
2- ڕێگرتن له سه‌رما بوونی منداڵه‌كه‌ت به له‌به‌ركردنی جلوبه‌رگ و پۆشاكێكی گه‌رم، به تایبه‌ت له كه‌شێكی سه‌رما دا.
3- هه‌وڵدان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی منداڵ له‌كه‌سی توشبوو به په‌تا و ڕیگرتن له به‌كارهێنانی كه‌لوپه‌لی توشبوو.
4- پاراستنی منداڵ له زۆر ماچ كردن و ده‌ست لێدان و له‌باوه‌شكردن له‌لایه‌ن خه‌ڵكی زۆر و جیاواز و به تایبه‌ت كه‌سی توشبوو به په‌تا.
5- پاراستنی منداڵ له جۆره‌ها بۆنی قورس و ماده‌ی پاكه‌ره‌وه، به‌تایبه‌تیش دووكه‌ڵی جگه‌ره.
6- كوتانی منداڵ به‌پێی به‌رنامه‌ی ته‌ندروستی.
7- سیستمی خۆراكی باش و خاوێن و ده‌وڵه‌مه‌ند به ماده سوود به‌خشه‌كان، به‌تایبه‌ت جۆره‌كانى میوه و سه‌وزه خواردنی ئاماده كراوی ماڵه‌وه.
8- ڕێگری كردن له ڕۆشتنی منداڵی توشبوو بۆ باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌كان، بۆ پاراستنی منداڵانی تر.
9- له كاتی ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌ی نه‌خۆشی و به‌رز بوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌ش پێویسته سه‌ردانی پزیشك بكرێت بۆ ڕێگری كردن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و زیاتر به‌هێز بوونی په‌تاكه.
زۆربه‌ی په‌تاكانی وه‌رزی سه‌رما ڤایرۆسین و له‌خۆیانه‌وه چاك ده‌بنه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێكی تریان به‌كتریایین یان ڤایرۆسی ئاڵۆز، له‌و بارانه‌دا پێویست ده‌كات پزیشك منداڵه‌كه ببینێ و چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌وانیش:-
1- ئازاری گوێ، كه‌نیشانه‌ی هه‌وكردنی گوێیه‌كانه.
2- قورگ ئێشه‌یه‌كی توند كه قورسی بخاته به‌رده‌م خواردنه‌وه‌ی شله‌مه‌نی پێوست.
3- ته‌نگه نه‌فه‌سی و سنگ هێشه.
4- به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی بۆ سه‌روو 39 پله‌ی سیلیزی.