ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ یهكهم جار ئاشكراى دهكات، كه بهم زووانه دەست بەکردنەوەی فڕۆکەخانەکان دەکرێت، و ئاماژهى بهوه كردووه، گفتووگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوامە و بەردەوامیش شاندەکان لە نێوان ھەردوولا سەردان ئەنجام دەدەن و لە دیداری نێوان ھەردوو سەرۆک وەزیرانیش باسی ھەنگاوی کرداری کراوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان.
"فەرھاد عەلائەدین"، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، له لێدوانێكى تایبهتدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند :"گفتووگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بەردەوامی ھەیە و ههر دوێنێش وەفدێکی باڵای حکومەتی عێراق کە نوێنەری چەندان وەزارەت پێکھاتبوو، لەوانە وەزارەتی دارایی و کشتوکاڵ و بازرگانی و چەندان وەزارەتی دیکە سەردانی خاڵی سنوری باشماخ و ئەوانەی دیکەیان کردووە بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی ئەو خاڵانە وەرگرن و پشکنینیان کردووە، بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەو خاڵە سنووریانه بزانن چۆن بیكهن و بەچ شێوەیەک بێت، بۆیە بەردەوام شاند ھاتووچۆ دهكات لە نێوان ھەردوولا، و زیاتر کاری تەکنیکی دەکرێت تا ئێسته".
لە بارەی کردنەوەی فڕینی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان، عەلائەدین گوتی: "بۆ کردنەوەی فڕینی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان تەنیا یەک پرس ماوە ئەویش ئاڵوگۆری زانیاریاریە ئەمنیەکان لە لە فرۆکەخانەکانی ھەرێمەوە بە بەغداوە گرێبدرێت، بۆیە ئەمە ماوە و کاری لەسەر دەکرێت و بەم نزیکانە دەست بەکردنەوەی سهرجهم فرۆکەخانەکانى ههرێمى كوردستان دەکرێت".
بڵند ئیبراھیم