ڕێگه‌ نادا گه‌نده‌ڵكاران سزا بدرێن
عه‌بادی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌وه‌ستێنێت

:: AM:09:34:27/01/2018 ‌
دۆسیەی گەندەڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی بە یەكێك لە مەترسییە گەورەكان دادەنرێ، ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە، حەیدەر عەبای سەرۆك وەزیرانی عێراق هەمیشە دووپات لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران و ئەنجامدانی هەڵمەتێكی گشتگیری ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی دەكات، بەڵام دادوەری دەستەی دەستپاكی عێراق دووپاتی كردەوە، كە حكوومەتی عەبادی نیازی هەیە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چەندان دۆسێی گەورە هەڵپەسێرێ، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر حەیدەر عەبادی بەڵێنی دابوو ئەو دۆسیانە یەكلا بكاتەوە و ئەو كەسانەی تێوەی گلاون ڕادەستی دادگا بكات، بەڵام دۆسیەكان بە بێدەنگی ماونەتەوە و بۆ دوای هەڵبژاردن هەڵگیراون.

گرنگترین ئەو دۆسیانەی عەبادی چاوی لێ دەپۆشێ و هەڵی پەساردوون، برتیین لە دۆسیەی كارەبا كە زیاتر لە 40 ملیار دۆلار پارەی لێ بەهەدەر دراوە، گرێبەستی چەكی ڕووسی و قوتابخانەكانی ئێران و كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون لە كەربەلا و بەسرە، دۆسیەی پسوولەی خۆراك و مەزادی دۆلار لە بانكی ناوەندی، پێوەرەكانی ژماردنی نەوت لە بەسرە و پرسی دزینی نەوتی عێراق لەلایەن مافیاكانەوە و چارەسەری بریندارانی شەڕی داعش لە لبنان و ئێران و توركیا.

ئەو دادوەرە دووپات لەوە دەكاتەوە، 80%ی ئەوانەی لەو دۆسیانە گلاون، كەسانی پلەباڵان لە وڵات و زۆرینەیشیان بەپرسی گەورەن لە حزبە ئیسلامییە سوننی و شیعییەكان، هاوكات دەستی هەندێ حزبی كوردیشی تێدایە، ئەم كارەی حەیدەر عەبادی لە سڕكردن و هەڵپەساردنی شەڕی گەندەڵكاران بەو ئامانجەیە ناكۆكی خۆی لەگەڵ حزبەكان قووڵ نەكاتەوە و پێوەندی لەگەڵیان خۆش بكاتەوە، بەو ئامانجەی لە هەڵبژاردن سەركەوتوو بێ و دواتریش گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان پێك بهێنێت.

عەبادی لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر شەڕی دژ بە گەندەڵی ڕاگەیاند، دوای لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش، ئەم شەڕەی بە گرنگترین كاری خۆی زانی، حكوومەت دووپاتی لەوە كردەوە، گەندەڵی گەیشتووەتە 450 ملیار دۆلاری ئەمەریكی و ڕێژەی هەژاری و بێكاریش زۆر بەخێرایی ڕوو لە بەرزبوونەوەدایە.

دادوەری یەكەمی دەستەی دەستپاكی بۆ "العربی الجدید" گوتی، لە ماوەی ساڵی 2017 دەستەكەیان توانیویەتی زیاتر لە 800 ملیار دیناری عێراقی بگرێ و ڕێ نەدا بەهەدەر بدرێن، جیا لەوەی سەدان دۆسیەی گەندەڵی یەكلا كردووە، جیا لەوە بەشێكیش لە دۆسیەكان دەستەی دەستپاكی توانای نییە و ناوتوانێ باسیان لێ بكات و دۆسیەكان بكاتەوە. بەتایبەت ئەو دۆسیانەی پێوەستن بە مالیكی و بەرپرسانی گەورەی حزب و حكوومەت.

ئەو دادوەر دووپاتی لەوە كردەوە، دۆسیەی گەندەڵی یەكجار گەورە لە دەستەی دەستپاكی هەن، بەجۆرێك بڕ و نرخی پارەی تەنیا یەكێك لە دۆسیەكان دەكاتە بڕی هەموو پارەی ئەو دۆسیە بچووكانەی لە 2017 یەكلا كرانەوە، بۆ نموونە كڕینی چەكی ڕووسی و فڕۆكە لە ئێران و كارەبا و نەوت و یاریكردن بە ژمارەی هەناردەی نەوتی بەسرە.

زیاتر گوتی، سیاسی عێراق هەیە دوای 2003 كاتێك لەگەڵ ئەمەریكییەكان گەڕاوەتەوە عێراق لە خانوویەكی 150 مەتری لە ناوچەی كەڕادە بەكرێ نیشتەجێ بووە، بەڵام ئێستە خاوەنی كۆمەڵگەیەكی بازرگانی و خانوویەكی یەكجار گەورە و مۆدێرنە لە ناوچەی كازمییە و باخی لەسەر ڕووبەری چوار هێكتار زەوی هەیە، جیا لەو موڵكانەی تری كە بەناوی هاوسەر و خوشك و منداڵەكانییەوە لە بەغدا و بابل و كەربەلا هەیەتی، بەڵام دۆسیەكەی هەڵپەسێراوە و ناكرێ باسی لێوە بكرێ، چونكە لەلایەن وڵاتێكی دراوسێوە پشتیوانی لێ دەكرێ.

ئەوەی جێی سەرنج و تێڕامانە 80%ی دۆسیەكانی گەندەڵی بە گەورە و بچووكییەوە لەلایەن كەسانی ناو حزبە ئیسلامییەكانی شیعە و سوننە ئەنجام دراون، ئەوەیش لە كاتێكدایە ئەوان بە ناوی ئاین و دادپەوەرییەوە لە هەڵبژاردن داوا لە خەڵك دەكەن پشتیوانیان بكەن، بەڵام لەوانەیشی میانڕەو و چەپن زیاتر خەریكی گەندەڵی و كاریی مافیایین.

بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق بە یەكێك لە گەندەڵترین وڵاتانی دنیا هەژمار دەكرێ و لە دوای سووریا و سوودان بە سێیەم گەندەڵترین وڵات دادەنرێ، هاوكات ئامارەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن لە دوای 2003ەوە تا ئێستە كۆی گەندەڵییەكانی عێراق بە 800 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێ، گەورەترین دۆسیەكانی گەندەڵیش لە كەرتی كارەبا و نەوت و كڕینی چەك و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و بانكی ناوەندی عێراقەوەیە. هەرچەندە لە ماوەی 2017 بەپشتیوانی سەدر خەڵكی عێراق لە زۆربەی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاست و بەغدا هاتنە سەر شەقام و دژایەتی خۆیان بۆ گەندەڵی دووپات كردەوە، داوایان لە حكوومەت كرد ڕووبەڕووی گەندەڵكاران ببێتەوە، بەلام حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تا ئێستە هەنگاوی ڕژدی لەو ڕووەوە نەناوە و ئێستەیش بەهۆی پرسی هەڵبژاردن، لێكۆڵینەوەی لە دۆسیەكانی گەندەڵی هەڵپەساردووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د