توركیا توانای پێشڕەوی نییە و تەنیا بۆردمان دەكات
عەفرین.. شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوە بەردەوامییان هەیە

:: PM:12:11:27/01/2018 ‌


شەڕ و هێرشی توركیا بۆ داگیركردنی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان، پێی نایە هەفتەی دووەمەوە و ڕووبەڕوبوونەوەكان بەردەوامییان هەیە، شەڕی قورس لە نێوان هێزەكانی كورد لەلایەكەوە و سوپای توركیا و سوپای سووریای ئازاد و تیرۆریستانی بەرەی ڕزگاری شام لەلایەكی ترەوە، بەگوێرەی دوا زانیاریش لە بەیانی ئەمڕۆوە شەڕ لە چەندان میحوەر بەردەوامی هەیە. بەڵام داگیركەران نەیانتوانیوە پێشڕەوییەكی ئەوتۆ بكەن و بەردەوام تێكدەشكێنرێن.

سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی دوای ئەوەی شكستیان لە هێرشی زەوینی هێنا، ئێستە بە چڕی و بە بەردەوامی تۆپبارانی ناوچەكانی عەفرین دەكەن، بەتایبەت لە میحوەری ناوچەی بەرسایا و قەستەل جندۆ و شارەدێی بەلبەلە و دەوروبەری ڕووبەڕووبوونەوەكان لە پەرەسەندندان، جیا لەوە لە ناوچەی راجۆ و جندێرسی باشووری عەفرین پەلامارەكانی داگیركەر بەردەوامە و بەرگریی شەڕڤانانیش ڕێی لە پێشڕەوییەكانیان گرتووە.

شەڕڤانانی كورد دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەمڕۆ شەموو توانیویانە تانكێكی توركیا تێكبشكێنن، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر تێكشكاندنی سێ تانكی تری سوپای توركیایان لە باكور و باكوری ڕۆژئاوای عەفرین ڕاگەیاندبوو.

جیا لەوەیش هێزەكانی كورد توانیویانە گوندی قەستەل جندۆ و چیای بەرسایای دەوروبەری باكوری ڕۆژهەڵاتی عەفرین لە سوپای توركیا و هێزە هاوپەیمانەكانی بە تەواوی پاك بكەنەوە، ئێستەیش شەڕ لە ناوچەی عەمرا و مەعمەلا چڕ بووەتەوە.

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە ئاسمان و تۆپخانەكانیش لەسەر سنوورەوە بە چڕی ناوچە سنوورییەكانی عەفرین بۆردمان دەكەن، بەڵام ئەو بۆردمانانە بە تەواوی بێسوودن و سوپا و هاوپەیمانەكانی ناتوانن پێشڕەوی بكەن، ئەمەیش بە تەواوی ئەنكەرەی نیگەران كردووە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، حەوت سەربازی توركیا لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەكان كوژراون و چوار چەكداری هێزەكانی كوردیش شەهید بوون. بەرپرسانی توركیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو ئاماری جیاجیا ڕادەگەیەنن، ئەمەیش لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە ڕەت دەكرێتەوە و ئەوان دووپات لەوە دەكەنەوە، زۆرترین ئەوانەی بوونەتە قوربانی لە ڕیزی خەڵكی سڤیلن و توركیا بێ رەچاوكردنی یاساكانی جەنگ خەڵكی بێ چەك بۆردمان دەكات.

ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێوەندی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا كرد و داوای لێ كرد، هێرشەكانیان بۆ سەر خەڵكی سڤیل بوەستێنن و هۆشداری توندیشی پێ دا، لە ئەگەری بەردەوامی و پێشڕەوییەكانی توركیا، بگەنە ئەو ناوچانەی هێزەكانی ئەمەریكای لێ بڵاو بووەتەوە، گرفت و ئاڵۆزی گەورە ڕوو دەدەن و واشنتن نایەوێ دوو هێزی ناو هاوپەیمانیەتیی ناتۆ لە سووریا ڕووبەڕووی یەكتر ببنەوە، سەركۆماری توركیاش لە بەرانبەردا داوای لە ترەمپ كرد هاوكارییە سەربازییەكان و ناردنی چەك بۆ هێزەكانی یەپەگە بوەستێنن، ئەمەریكا هەزار سەربازی لە سووریا بڵاوە پێ كردووە و تەواوی سەربازەكان لە ناوچەكانی باكور و ڕۆژئاوای كوردستانن و هاوكاری هێزەكانی سووریای دیموكرات دەكەن، كە توركیا به "تیرۆریست" ناویان دەهێنێ.

لە دوای هێرشەكەی توركیا بۆ داگیركردنی عەفرین، هەریەك لە ئەمەریكا و ڕووسیا نیگەرانی خۆیان دەربڕی و مۆسكۆ سەربازەكانی خۆی لە عەفرین كشاندەوە و واشنتنیش نیگەرانی دەربڕی و داوای لە هەردوولا كرد بە گفتوگۆ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، هاوكات بەریتانیا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ توركیا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە دا توركیا مافی خۆیەتی سنوورەكانی خۆی بپارێزێ، ئەڵمانیاش هاوشێوەی بەریتانیا هەڵوێستی دەربڕی و دووپاتیشی لەوە كردەوە، نابێ خەڵكی سڤیل بكرێنە قوربانی، وڵاتی میسر وەك تاكە وڵاتی بە فەرمی دژایەتی خۆی بۆ هێرشی توركیا بە ئامانجی داگیركردنی عەفرین دەربڕی و ئەو هەڵمەتەی بە پێشێلكردنی خاك و سەروەری سووریا لێكدایەوە.

لە شاری عەفرینەوە وێڕای بەرگری و خۆراگری دژ بە هێرشی داگیركاری توركیا، دوێنێ هەینی گەنجانی زانكۆی عەفرین هەڵمەتێكی خوێنبەخشینیان ڕاگەیاند، هاوكات ڕێكخراوە مرۆیییەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، خەڵكی زۆر بەهۆی بۆردمانی هەڕەمەكی توركیا بۆ سەر خەڵكی سڤیل ئاوارە بوون.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشكردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورددا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 2015 لە جەرابلووس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلووس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بەگوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د