ئەمڕۆ هەوڵێكی تر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەدرێت

:: AM:09:24:28/05/2018 ‌
دوای چەندان جار لە شكستی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئایار/ مایۆ، هەوڵێكی تر بدرێت بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە ڕۆژانی پێشوو بەهۆی ناتەواوی نیسابی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بۆ باسكردنی سكاڵا و پێشێلكاری و ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كۆبوونەوەكان ئەنجام نەدەدران، بەڵام  دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان جارێكی تر بانگەشەی ئامادەبوون بۆ كۆبوونەوە لە ئەندامانی دەكات.

كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراق ئەگەر بكرێت تایبەت دەبێت بە تاوتوێ‌ كردنی سكاڵاكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار كە زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لێی ناڕازین. وەك ئەوەی زانا ڕۆستای ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند.

هەفتەی رابردوو و سەرەتای ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناتەواوی نیسابی ئامادەبوونی ئەندامانی نەیتوانی كۆبوونەوە نائاساییەكەی ساز بكات كە پێشبینی دەكرێت یاسایەك دەربكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یان دووبارە هەژماركردنەوەی بەدەستی ئەنجامەكان، بۆیە هاوپەیمانییە براوەكان كار بۆ تەواو نەكردنی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە دەكەن، لەو كاتەی تەمەنی پەرلەمان زۆری نەماوە.

هاوكات بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق پێشبینی دەكەن دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەم بۆ چوارشەمی داهاتوو دوا بخرێت بەهۆی ناتەواوی نیسابی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران كە تا ئێستە هیچ ئاماژەیەك بۆ تەواوبوونی نیساب نییە بۆ دانیشتنەكەنە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم