خه‌زێنه‌ی داعش لەم شوێنەی مووسڵ شاردراوەتەوە

:: AM:10:53:28/05/2018 ‌

سەرچاوەیەكی حكوومی لە شاری مووسڵ ئاشكرای كرد، پارەیەكی زۆر و كەلوپەلی گرانبەهای ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مووسڵ بوونی هەیە و تیرۆریستان لە شوێنێك شاردوویانەتەوە و چەند گیراوێكی داعشیش دووپات لەو زانیارییانە دەكەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە بە پێگەی "غەدپرێس"ی ڕاگەیاند، زانیاری ورد هەیە و تیرۆریستە گیراوەكانی داعشیش دانیان بەوەدا ناوە كە لەوكاتەی مووسڵ لە ژێر دەستی تیرۆریستان بووە، پارەیەكی زۆری "بەیتولمالی" ڕێكخراوە و كەلوپەلی گرانبەها لە شوێنێكی بەری ڕۆژئاوای مووسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعش هاتوونەتە شاردنەوە.

زیاتر گوتی، تا ئێستە ئەو شوێنە بە دیاریكراوی نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هەموو زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، لە بەری ڕۆژئاوای مووسڵە و كەوتووەتە ژێر داروپەردووی داڕووخاوی گەڕەكە جیاجیاكانی بەری ڕۆژئاوای شارەكە.

دوای هەڵاتنی 60 هەزار چەكداری عێراق و ڕادەستكردنی مووسڵ بە تیرۆریستانی داعش، لە بانكەكانی مووسڵ داعش دەستی بەسەر زیاتر لە نیو ملیار دیناری عێراقیدا گرت، هاوكات بیرە نەوتەكانی مووسڵیش بوونە سەرچاوەیەكی باشی داهاتی تیرۆریستان و بەیتولمالی داعش لە مووسڵ پارەیەكی زۆری لە بەردەست بووە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د