میسی دانی پێدادەنێ كە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین باش نییە

:: AM:11:34:28/05/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هیوای خواست ئەمساڵ بتوانێ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جامی جیهانی بباتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا دانی بەوەدانا كە هەڵبژاردەكەیان لە مۆندیال باشترین هەڵبژاردە نییە.

میسی بۆ تەلەفزیۆنی (El Trece)ی ئەرجەنتینی رایگەیاند: ئاواتم ئەوەیە وەك دەستكەوتەكانم لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە دەسكەوتێك لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش ببەمەوە، لە راستیدا بەدەستهێنانی ناسناوێك لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەم تام و چێژێكی تایبەتی دەبێت.

میسی جەختیشی كردەوە كە بڕوای تەواوی بە ئەستێرەكانی هەڵبژاردەكەی هەیە و ئاشكراشی كرد كە ئەوان وەك كۆمەڵەیەك بەشێوەیەكی باش هەوڵ دەدەن و چەندان ئەستێرە لەگەڵیان یاری دەكەن.

لەبەرامبەر ئەمانەشدا میسی دانی بەوەدانا كە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2018ی رووسیا باشترین نییە و بگرە چەند هەڵبژاردەیەكی تر هەن بە ئاست و یاریكردن لەوان باشترین لەوانەش هەڵبژاردەكانی بەڕازیل، ئیسپانیا و ئەڵمانیا.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی رۆژی 14ی مانگی داهاتوودا لە كۆمەڵەی چوارەم لەگەڵ هەڵبژاردەكانی ئایسلەندا و كڕواتیا و نێجیریا یاری دەكات.

میسی بۆچوونی خۆی لەسەر هەرسێ هەڵبژاردەكەی بەرامبەر خستەڕوو، "ئایسلەندا زیاتر لە پاڵەوانیەتیی یۆڕۆی رابردوو دەركەوتووە، بەڕاستی ئەوان تیپێكی بەهێز و زەحمەتیان هەیە".

زیاتر گوتی: هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی كڕواتیا زۆر بەهێزە ئەوان بەشێوازێك یاری دەكەن كە تاڕدەیەك لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا نزیكن، هەڵبژاردەی نێجیریاش دەبنە ركابەری توندمان.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م