سەرۆكی داواكاری گشتی كوردستان دیاری كرا

:: PM:05:16:28/05/2018 ‌
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكی نوێی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سوێندی یاسایی خواردووە و دەستبەكار بوو.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی ئایار، بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەری، ژمارە 24 لە بەرواری 11/4/2018 كە تایبەتە بە پاڵاوتنی ئازاد حەسەن ئەحمەد، جێگری سەرۆكی داواكاری گشتی بۆ پۆستی سەرۆكی داواكاری گشتی و بەپێی حووكمی مادە 10 ـ شانزەهەم لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە یەك بۆ ساڵی 2015 و بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتەی كە بە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان دراوە بڕیار درا بە دامەزراندنی حاكم ئازاد حەسەن ئەحمەد وەك سەرۆكی داواكاری گشتی.

لەبەشێكی تری هەواڵەكەدا هاتووە، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و حاكم بەنگین سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری بەوەكالەت و سینان چەلەبی وەزیری دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكدا حاكم ئازاد حسێن ئەحمەد وەك سەرۆكی داواكاری گشتی لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر جەواد فەتاح سەرۆكی داواكاری گشتی بوو لە هەرێمی كوردستان بە وەكالەت.





وشە - رامیار جەواد