زانیاری لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق

:: PM:06:18:28/05/2018 ‌
پەرلەمانی عیراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ تاوتوێكردنی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار ئەنجامدا ئەوەیش دوای تەواوبونی رێژەیی یاسایی پەرلەمانتاران بۆ ساز كردنی دانیشتنەكە.

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنەكەدا پرۆژە یاسایەكی خستە دەنگدانەوە كە تایبەتە بە جیاكردنەوەی 10%ی سندووقەكانی دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەكە پەسەند كرا كە لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانەوە پێشنیاز كرابوو.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەر لە دانیشتنەكەدا پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە دەنگەكانی دەرەوەی وڵات و ئاوارەكانی نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنبار و دیالە رەت بكرێتەوە و دانیشتنەكەشی بە كراوەیی هێشتەوە.

هاوكات چەند فراكسیۆنێكی كوردستانی پشتگیری ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیان دەكرد بەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار ناڕازین و دەیانەوێ‌ ئەنجامەكان هەڵبوەشێننەوە.

پێشتر ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فراكسیۆنی پارتی بەشداری ئەو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناكات و پارتی لە ڕێی دامەزراوە تایبەتمەندەكانی ترەوە سكاڵای لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نووسیوە.

ڕوونی كردەوە كە دادگای فیدراڵی و كۆمسیۆن و دامەزراوەی تر هەن كە بڕیار لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەدەن، بۆیە بە پێویستی نازانن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوە لەوبارەیەوە بكات.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم