سەرۆكی توركیا لەسەر ئۆزێل هاتەدەنگ

:: AM:11:14:25/07/2018 ‌

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا سەبارەت بە وێنەكەی لەگەڵ مەسعوود ئۆزێل و بڕیاری وازهێنانی یاریی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هاتە دەنگ.

ئۆزێل بەهۆی ئەم وێنەیەی لەگەڵ ئەردۆگان بەر لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا گرتبوو رووبەڕووی رەخنەیەكی توندی هاونیشتمانیانی ئەڵمانیا بووەوە و بەهۆیەوە ئەستێرەكەی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بڕیاری وازهێنانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا راگەیاند.

لەمبارەیەوە ئەردۆگان بۆ رۆژنامەی (سەباح)ی توركی رایگەیاند كە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئۆزێل كردووە و جەختیشی كردەوە كە هەڵسوكەوت و بڕیارەكەی نیشتمانپەروەری بووە.

ئەردۆگان رایگەیاند: ئەم كارانەی بەرامبەر ئۆزێل كراوە رەگەزپەرستییە دژی ئاین و نەتەوە، هەروەها بێویژدانی و جێگەی قبووڵكردنیش نییە بەرامبەر گەنجێك بكرێ هەموو شتێكی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كردووە و رۆلی كاریگەری هەبووە لەسەركەوتنەكاندا.

جەختیشی كردەوە كە ئەوان ئەم كارە قبووڵ ناكەن.

لای خۆشییەوە یلدریم دیمیرۆرینی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی توركیا لە بەیاننامەیەكدا پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆزێل دووپات كردبووەوە و جەختیشی كردبووەوە كە ئەوەی بەرامبەری كراوە كارێكی رەگەزپەرستییە.

ئۆزێل كە 92 یاریی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئەنجامداوە، چەند رۆژێك پێش ئێستا لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتەی لە دژیدا ئەنجامدرا بەهۆی بڵاوكردنەوەی وێنەیەك لەگەڵ سەرۆكی توركیا، بڕیاری دا بە یەكجاری واز لە یاریكردنی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بێنێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م