بڕیار لەسەر پاشەكەوتی مووچەی پۆلیسی پاسەوانی دەدرێت

:: PM:03:12:25/07/2018 ‌
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی پۆلیسی پاسەوانی پێوەندی بە پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ی تەمووز/ یۆلیۆ، نازم هەركی جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، مووچەی پۆلیسی پاسەوانی پێویستی بە دەستكاری هەیە و لە بەرنامەی حكوومەتی هەرێم هەیە كە پاشەكەوتی پۆلیسی پاسەوانی كەم بكاتەوە.

ڕوونی كردەوە كە جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی پۆلیسی پاسەوانی پێوەندی بە پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی هەیە و تا ئەو پڕۆژەیە پەسەند نەكرێت، بڕیار نادرێت.

هەركی لە بەشێكی تری قسەكانیدا نەیشاردەوە كە ئێستە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیە چاوەڕوانی حكوومەتی هەرێم دەكات تا بڕیار لەسەر دەرماڵەكان بدات، چونكە وەك ئەو دەڵێت، "بەشێك لە پڕۆژەكە پێوەندی بە بارودۆخی دارایی حكوومەتەوە هەیە و دەبێ‌ خۆیان بڕیار بدەن".

لە چەند مانگی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی ناوخۆی دەركرد، بەڵام كەمكردنەوەكە پۆلیسی پاسەوانی نەگرتەوە و ئەوەیش نیگەرانی خۆپێشاندانی لێ‌ كەوتەوە. لەوكاتەوە تا ئێستە پۆلیسی پاسەوانی چاوەڕوانی كەمكردنەوەی پاشەكەوتەكەیان دەكەن.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم