چۆنیەتیی ئامادەكردنی قاڵبی پەتاتە بە سپێناخ
"شەیما جەمال" كە شێفێكی كوردە و لە وڵاتی سوید دەژی، چۆنیەتیی ئامادەكردنی قاڵبی پەتاتە بە سپێناخ دەخاتە ڕوو:

پێكهاتەكان:
یەك كیلۆگرام پەتاتە
سپێناخ
دوو پەرداخ شیر
پەنیر
دوو كەوچك ئارد
سیر بەپێی ئارەزوو
خوێ و ئاڵەت
كەرە (زبدە)
ئاوی لیمۆ
كرێم ( ئەوانەی بۆ نانی بەیانی دەخورێ، هەر جۆرێك بێت ئاسایییە)

پەتاتەكان دەكوڵێنرێ و لەگەڵ كەمێك خوێ و ئاڵەت و كەرە دەشێلرێ تا وەك هەویری لێ دێت، سپێناخەكە سوور دەكرێتەوە بە كەرە، سیرەكەی بۆ ورد دەكرێ لەگەڵ خوێ و ئاڵەتەكە تێی دەكرێت و كەمێك ئاوی لیمۆ دەكرێ بەسەریدا.

لە مەنجەڵێكی بچووكدا دوو كەوچك ئاردەكە لە كەوچكێك كەرەدا سوور دەكرێتەوە و دوو پەرداخ شیری تێ دەكرێ، دەبێ زۆر تێك بدرێ بۆئەوەی تۆپەڵ نەبێ، پاشان پەنیر و كرێمەكەی تێ دەكرێ و تێك دەدرێ تا خەست دەبێتەوە و لەگەڵ سپێناخەكە تێكەڵ دەكرێ.

لە قاڵبێكی فڕندا نیوەی پەتاتەكە دادەنرێ و كەمێ قەراخەكانی بەرز دەكرێتەوە و سپێناخەكە دەخرێتە ناوی و پەتاتەكەی كە دەدرێ بەسەریدا و دەخرێتە فڕنەوە تا پەتاتەكە سوور دەبێتەوە لەسەر پلەی 180.

وشە/ موحسین شابان


PM:01:40:09/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 1750 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زیاتر ...