ئەمەریكا: شانازی بە هاوبەشی لەگەڵ كورد دەكەین

دەیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
:: AM:10:13:14/01/2020 ‌
بەشداری نەكردنی لیستە كوردستانییەكان لە دەنگدان لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، تا دێت كاردانەوەی دەبێت. ئەمەریكا دەڵێ، شانازی بە هاوبەشیمان لەگەڵ كورد دەكەین، مێژووی ئەو هاوبەشییە بۆ ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، دەیڤید شنكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیداری لەگەڵ بەرپرسانی كوردستانی و عێراقی لە هەولێر و ئەبوزەبی ئاشكرا كرد.

شەنكەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە دا، بە بەرپرسانی عێراقیمان راگەیاندووە كە ئەمەریكا نایەوێت شەڕ بەرپا بكات و پابەندە بە هێوركردنەوەی دۆخەكە.

هاوبەشیمان لەگەڵ كورد دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991


یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كە لە ئەبوزەبی لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی هەبووە، دواتریش لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی كوردستانی و عێراقی دیداری هەبووە. گوتی "ئێمە شانازی بە هاوبەشیمان لەگەڵ كوردانی عێراق دەكەین، وای دەبینین ئەو هاوبەشییە ناوەندییە بۆ جێبەجێكردنی زۆر لە ئامانجەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

زیاتر گوتی "ئەو هاوبەشییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991 كە بنیات نراوە، بەردەوامی دەبێت".

قسەكانی دەیڤید شەنكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە، لیستە كوردستانییەكان بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق نەكرد لەسەر دەنگدان بە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، تەنانەت زۆرینەی سوننەكانیش بەشدارییان لەو دانیشتنە نەكرد، ئەمەش وایكرد دانیشتنەكە و بڕیارەكەی پەرلەمان، زیاتر بڕیارێكی شیعەكان بێت.



وشە - فه‌رمان سادق