پۆمپیۆ: بەرپرسانی عێراق لە ژێرەوە داوای مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن

:: AM:10:19:14/01/2020 ‌
پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكایان دەركرد، ئەمەش لە كاتێكدایە بەرپرسانی ئەمەریكی ئاشكرای دەكەن كە سەركردە عێراقییەكان لە ژێرەوە داوای مانەوەی ئەو هێزانە دەكەن. مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ، لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەگەڵ 50 سەركردەی عێراقی گفتوگۆمان كردووە، هەموویان دووپات لە داوای مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستە لەگەڵ زیاتر لە 50 سەركردەی عێراقی دیدار و گفتوگۆی تەلەفۆنی هەبووە لەسەر مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، هێمای بۆ ئەوە كرد كە هەموویان لە پێوەندییە دووقۆڵییەكان و دیدارەكان داوای مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن، بەڵام كاتێك لە میدیاكانی عێراقی دەردەكەون داوای دەركردنی ئەو هێزانە دەكەن.

لەگەڵ 50 سەركردەی عێراقی دیدار و گفتوگۆ هەبووە لەسەر مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق


پۆمپیۆ لە سیمینارێكی زانكۆی ستانفۆڕد لە ئەمەریكا كە كۆندارلیزا رایس وەزیری پێشتری دەرەوەی ئەمەریكاش ئامادەی بوو، گوتی "نەك تەنیا كورد و سوننە، تەنانەت لەگەڵ سەركردە شیعەكانیش گفتوگۆمان كردووە، ئەوانیش لە دیدار و پێوەندییە تەلەفۆنییەكاندا داوای مانەوەی سوپای ئەمەریكا دەكەن، بەڵام بە ئاشكرا ئەو قسەیە ناكەن". 

قسەكانی پۆمپیۆ لە كاتێكدایە لە سێی ئەم مانگە ئەمەریكا لە هێرشی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان، قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەك سەركردەی میلیشیاكانی حەشدی لە بەغدا كوشت، ئەمەش پەرچەكرداری لای زۆرینەی شیعەكان دروست كرد و بە پەلە لە رێی پەرلەمانەوە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكایان پەسند كرد. 

 لە بەرانبەر بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی سەپاندی گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق كرد، رای گەیاند، گەمارۆیەك دەخەینە سەر عێراق كە زۆر لەوەی ئێران سەختتر بێت.



وشە - فه‌رمان سادق