وانهبێژهكانى هه‌رێمى كوردستان كه میلاكى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پڕ ده‌كه‌نه‌وه، ڕاى ده‌گه‌یه‌نن كه له‌لایه‌ن به‌شێك له به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان، سووكایه‌تییان پێ ده‌كرێت و چه‌ندان جاریش لیستى مووچه‌یان به هه‌ڵه بۆ هاتووه‌ته‌وه و دواتر قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوودا بۆ پڕكردنه‌وه‌ى میلاكى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده، پشتى به مامۆستایانى وانه‌بێژ به‌ستووه، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك شوێنى دووره‌ده‌ست و لادێ ته‌واوى پرۆسه‌كه له‌لایه‌ن مامۆستایانى وانه‌بێژه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن.
به‌ڵام به‌شێك له‌و وانه‌بێژانه ئێسته نیگه‌رانى ده‌رده‌بڕن و ڕاى ده‌گه‌یه‌نن، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كانه‌وه سووكایه‌تییان پێ ده‌كرێ و هه‌ندێك جاریش له مووچه‌كانیان هه‌ڵه ده‌كرێ به‌بێ ئه‌وه‌ى قه‌ربوو بكرێنه‌وه.
شه‌ڕى ده‌روونیمان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و پاره‌مان له لیستى مووچه دیار نامێنێت
ڕووخۆش نوورى مامۆستای وانه‌بێژ له سلێمانى، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، "ڕه‌وشى وانه‌بێژان زۆر خراپه و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كانه‌وه زۆرجار ڕووبه‌ڕووى كێشه ده‌كرێنه‌وه". ڕوونیشى كرده‌وه كه له سلێمانى زیاتر له هه‌زار وانه‌بێژ هه‌ن و هه‌موویان كێشه‌ى زۆریان هه‌یه.
ئه‌و وانه‌بێژه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه زۆرجار له لیستى مووچه‌ى وانه‌بێژدا هه‌ڵه هه‌یه، ئینجا به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه به ئه‌نقه‌ست ده‌یكات یان هه‌ڵه‌یه‌كه ڕوو ده‌دات، ڕوون نییه، به‌ڵام به‌هۆى ههڵهكهوه پاره‌ى وانه‌بێژ دیار نامێنێ.
هێماى به‌وه‌ش كرد "ئه‌و حاڵه‌تى دیارنه‌بوونى پاره‌یه به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان، له زۆربه‌ى قوتابخانه‌كانى سلێمانى ڕوو ده‌دات و دوای ونبوونیشى هیچ قهربوویهك ناكرێنه‌وه".
لاى خۆیه‌وه رزگار محه‌مه‌د وانهبێژێكى تره و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌وان ڕووبه‌ڕووى كێشه له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان ده‌بنه‌وه، چونكه زۆرجار به چاوێكى كه‌متر سه‌یرى وانه‌بێژ ده‌كه‌ن.
ڕزگار بۆ "وشه" ڕوونى ده‌كاته‌وه، "هه‌ندێك به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه له سنوورى سلێمانى هه‌ن شه‌ڕى ده‌روونى له‌گه‌ڵ وانه‌بێژ ده‌كه‌ن و به‌شه وانه‌كانیان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، وانه‌بێژ هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ى شاره و پاره‌كه‌ى به‌شى هاتوچۆ ناكات، ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژه‌كانى هه‌فته‌ى به‌شه وانه‌ى پێ نه‌درێ و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانه‌وه به‌شه وانه‌ى زۆریان پێ نادرێ".
ئه‌و وانهبێژهیش ئاماژه به دیارنه‌مانى پاره ده‌كات له‌كاتى ئاماده‌كردنى لیسته‌كان، چونكه وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، "له ڕێى فۆڕمێكه‌وه وانه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێ و نرخى پاره‌كه‌ى له‌سه‌ر ده‌درێ، زۆرجار له كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه هه‌ڵه ده‌كرێ یان وه‌رده‌گیرێ و نادرێ به وانه‌بێژه‌كان".
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى "وشه"، له هه‌رێمى كوردستان زیاتر له 12 هه‌زار وانه‌بێژ هه‌ن و ته‌نیا له سلێمانى زیاتر له دوو هه‌زار وانه‌بێژ هه‌ن.
نه‌بیل حه‌مه‌ساڵح به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى په‌روه‌رده‌ى شاره‌زوور، به"وشه"ى گوت، "له هه‌ندێك ناوچه ڕه‌نگه هه‌ڵه بكرێ له لیستى مووچه‌ى وانه‌بێژ، به‌ڵام ئه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له په‌روه‌رده‌ى شاره‌زوور ڕووى نه‌داوه".
ڕوونی كرده‌وه كه وانه‌بێژه‌كان كێشه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌یه ڕۆژانى پشوو پاره‌یان بۆ حیساب ناكرێ، واته ئێسته كه 11 ڕۆژ پشووه، هیچ پاره‌یه‌ك به وانه‌بێژه‌كان نادرێ، بۆیه ئه‌وه‌یش كێشه‌ى دارایى بۆ دروست كردوون.
هاوكات مه‌ریوان عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى، بۆ "وشه" ڕه‌تى كرده‌وه كه پاره له مامۆستایانى وانه‌بێژ خورابێت، به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه ڕه‌نگه هه‌ڵه له حیسابى مانگه‌كانى مووچه هه‌بێت.
به‌گوێره‌ى قسه‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى، ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێكى له‌و جۆره هه‌بێت، پێویسته وانه‌بێژه‌كان سكاڵا تۆمار بكه‌ن و به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانیان ده‌كرێ. چونكه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ، "په‌روه‌رده ئاگادارى كێشه‌ى زیاتر له دوو هه‌زار وانه‌بێژى سنوورى سلێمانى نییه ئه‌گه‌ر خۆیان قسه نه‌كه‌ن".