خۆپێشاندان دژی پەرلەمانتاران دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:11:14/01/2020 ‌
بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەران و رێكخراوەكانی مەدەنی، لە بەردەم نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان، گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان لە دژی خانەنشینی پلەباڵاكان ئەنجام دا و یاداشتێكیان ئاراستەی پەرلەمان كرد و داوایان كرد خۆیان یەكەمین كەس بن خانەنشینی ڕەت بكەنەوە بە مووچەی زەبەلاح.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی كانوونی دووەم، لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی گردبوونەوەیەك بەڕێوە چوو كە فەرمانبەران و خانەنشینان و مامۆستایان بەشدارییان تێدا كردبوو.

پێویستە خانەنشینی پلەباڵاكان كەم بكرێتەوە و خانەنشینی فەرمانبەرانی ئاسایی زیاد بكرێت
یاسین حەمە خورشید نوێنەری ئەو خۆپێشاندەرانە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێویستە خانەنشینی پلەباڵاكان كەم بكرێتەوە و خانەنشینی فەرمانبەرانی ئاسایی زیاد بكرێت، بەشێوەیەك كەمترین خانەنشینی لە 500 هەزار دینار كەمتر نەبێت و زۆرترین خانەشینیش سێ‌ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

نوێنەری خۆپێشاندەران گوتی، ئەو كەسانەی كە پۆستی پلەباڵا وەردەگرن و دوای كۆتاهاتنی ئەركەكانیان، بگەڕێنەوە سەر كاری پێشوویان و خانەنشین نەكرێن، بەتایبەت پەرلەمانتاران.

باسی لەوەش كرد، دامەزراندنی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان بەپێی رێكارە یاساییەكان و دوور لە خزمایەتی و واستە بێت، دەرفەتی زیاتر بدرێتە ئەو مووچەیەی لە پلەباڵاكان دەمێنێتەوە و هەوڵی دامەزراندنی نوێی پێ‌ بدرێت.



وشە - رامیار جەواد