حەفتەر و سەڕاج نەگەیشتنە رێككەوتن

:: PM:12:11:14/01/2020 ‌
دوای هەشت سەعات كۆبوونەوە، حەفتەر و سەڕاج نەگەیشتنە رێككەوتن ئەگەرچی توركیا و رووسیا نێوەندگیریان بوون. سێرگی لاڤرۆڤ دەڵێ، سەڕاج رازی بوو بە رێككەوتن، هاوكات مەولوود چاوش ئۆغڵو دەڵێ، حەفتەر داوای كاتی زیاتر دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، گفتوگۆكانی نێوان فائیز سەڕاج سەرۆكی حكوومەتی ویفاقی نیشتمانی كە لە ئاستی نێودەوڵەتی ددانی پێدا نراوە، لەگەڵ خەلیفە حەفتەر سەركردەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی لیبیا لەسەر درێژەدان بە ئاگربەست و رێككەوتنی یەكجارەكی نەگەیشتنە ئەنجام.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند، دەتوانین بڵێین هەندێك پێشوەچوون هەبوون. لای خۆیەوە مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا گوتی، "حەفتەر داوای كاتی زیاتری كردووە".

سەڕاج ئامادە نەبوو راستەوخۆ لەگەڵ حەفتەر گفتوگۆ و دانوستاندن بكات


بەگوێرەی زانیارییەكان، سەڕاج ئامادە نەبوو راستەوخۆ لەگەڵ حەفتەر گفتوگۆ و دانوستاندن بكات، ئەمەش دیپلۆماتكارە رووس و توركەكانی ناچار كردووە ناوبژی بكەن بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن و كۆتاهێنان بە شەڕ لەو وڵاتە كە لە 2011ـەوە بەردەوامی هەیە. 

دوا دانیشتنی راستەوخۆی نێوان سەڕاج و حەفتەر بۆ مانگی شوباتی 2019 دەگەڕێتەوە كاتێك لە ئەبوزەبی دانوستاندنیان كرد، بەڵام لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات نەگەیشتنە رێككەوتن و بەهۆیەوە جارێكی تر شەڕ هەڵگیرسایەوە. 

 جێی باسە توركیا پشتگیری لە فائیز سەڕاج دەكات، هاوكات رووسیا، میسڕ، ئیمارات، ئوردن و یۆنان و ئیتالیا پشتگیریی لە حەفتەر دەكەن. 



وشە - فه‌رمان سادق