به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له پارێزگای دهۆك له كونگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماری رووداو و كار و چالاكییه‌كانی ساڵی 2019ی خستەڕوو، به‌پێی ئاماره‌كه ساڵی رابردوو 25 كێڵگه‌ی مینڕێژكراو پاك کراونه‌ته‌وه و له ئه‌نجامدا دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه.
دوو کەس گیانیان لە دەست داوە و یەکێکی تریش بریندار بووە
ئەمڕۆ سێشەم 14ی کانوونی دووەم، مه‌سعود مه‌لا شه‌فیق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له پارێزگای دهۆك له كونگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له سه‌رانسه‌ری پارێزگای دهۆك 775 كێڵگه‌ی مینرێژكراو تومار كراون كه رووبه‌ری 32 ملیۆن و 196 هه‌زار و 57 مەتری دووجایان داگیر کردووە، تا ئێسته 366 كێڵه پاك کراونەتەوە و له‌و ژماره‌یه 25 كێڵگه ئه‌مساڵ پاک بوونەتەوە و كۆی رووبه‌ری پاككردنه‌وه 12 ملیۆن و 566 هه‌زار و 199مەتری دووجایە و 409 كێڵگه‌ی تریش ماون و تا ئێسته پاك نه‌كراونه‌ته‌وه كه رووبه‌رەکەیان 19 ملیۆن و 629 هه‌زار و 858 مەتری دووجایە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ساڵی رابردوو سێ هه‌زار و 206 مین هەڵگیراونەتەوە، له‌و ژماره‌یه 381 مینی دژه كه‌سی و 26 مینی دژه تانك و دو هه‌زار و 681 ته‌قه‌مه‌نی 5×4، 26 بۆمبی له‌ناكاو و 61 مینی هێشویی له سنووری پارێزگای دهۆك له‌لایه‌ن تیمه‌كانی ئه‌ندازیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان به هاوكاری رێكخراوی MAG دۆزراونه‌ته‌وه و له‌ناوبراون، له ئه‌نجامی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه و له‌ناوبردنی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیش دو كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و كه‌سێكی تریش بریندار بووه.
"له سنووری پارێزگای دهۆك شه‌ش تیمی كاری ده‌ست، تیمێكی ته‌قینه‌وه و تیمێكی میكانیكی و تیمێكی هوشیاركردنه‌وه و یه‌كی دڵنیایی جۆری سه‌ر به به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان هه‌ن، له‌گه‌ڵ بوونی پێنج تیمی كاری ده‌ست و سێ تیمی هۆشیاركردنه‌وه و تیمێكی میكانیكی و دوو تیمی دڵنیایی جۆری سه‌ر به رێكخراوی MAG، هه‌روه‌ها 49 تیمیش ده‌كه‌ونه سنووری مادده‌ی 140" ئه‌و به‌رپرسه حكوومیه وای گۆت.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له پارێزگای دهۆك دووپاتی کردەوە، پڕۆسه‌ی دانانی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له سنووری پارێزگای دهۆك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس و شه‌ڕی داعش، به‌شێكی زۆری ئه‌و كێڵگانه‌ی مینرێژ كراون، ده‌كه‌ونه ناوچه سنوورییه‌كان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پرۆسه‌ی پاككردنه‌وه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نی به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی كه هه‌موو پارێزگای دهۆك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پاك ده‌كرێته‌وه، مه‌به‌ست له پاككردنه‌وه‌ی كێڵه‌کانی مین و ته‌قه‌مه‌نی ئه‌وه بووه كه ئه‌و كێڵگانه بۆ مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنان و كشتوكاڵ و گه‌شتوگۆزار و سه‌رچاوه‌كانی ئاو بەکار بهێنرێنەوە.
پارێزگای دهۆك حه‌وت شارۆكه و 21 شاره‌دێ لەخۆ ده‌گرێت، هه‌ر یه‌كه له شارۆكه‌ی زاخۆ و شارۆكه‌ی ئامێدی زۆرترین رێژه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نی هه‌یه چونكه ئه‌و ناوچانه هاوسنوورن له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیا و پێشتر رژێمی به‌عس به پاساوی پاراستنی سنوور زورترین مین و ته‌قه‌مه‌نی لەو ناوچانە داناوەتەوە.
دهۆك/ نه‌وزاد هلۆری