90 رۆژ ناڕەزایەتی.. لبنانییەكان زەنگی هەفتەی توڕەییان لێدا

:: PM:03:09:14/01/2020 ‌
دوای دوو هەفتە لە هێوربوونەوەی دۆخەكە، پاش شكستی حكوومەت لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان و پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكراتی سەربەخۆ، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەكانی لبنان دەستیان پێ كردەوە و هەفتەی توڕەییان راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، چالاكانی جووڵانەوە جەماوەرییەكەی لبنان، داوایان لە هاووڵاتییان كرد دووبارە بگەڕێنەوە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان و بەردەم بارەگا فەرمییەكان، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی 90 رۆژ دێت بەسەر ناڕەزایەتی لبنانییەكان كە بەهۆیەوە سەعد حەریری دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیران كشاندەوە. 

دوای ئەو داواكارییە، قوتابیانی ناوەندی و ئامادەیی و زانكۆكان، بەشدارییەكی فراوانی رێپێوانیان كرد، هاوكات چینی كرێكارانیش بەشدارییان تێدا كرد. 

48 سەعات مۆڵەت بە حەسان دیاب درا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تەكنۆكرات


لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی خۆپێشاندانێكی فراوان كراوە كە چاوەڕوان دەكرێت پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی شەهیدان لە ناوەڕاستی بەیروتی پایتەخەت ئەنجامی بدەن و لەوێوە بەرەو ماڵی حەسان دیاب راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بچن و دروشمی دوا زەنگی ئاگاداركردنەوە بەرز بكەنەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا. 

ئەو 48 سەعات مۆڵەتدانە بە حەسان دیاب دوای تێپەڕبوونی 27 رۆژ بەسەر راسپاردنی دێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە بەهۆی ناكۆكی سیاسی نێوان لایەنە بەشدارەكانی حكوومەت تا ئێستە سەركەوتوو نەبووە لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ. 

حەسان دیاب لەبەردەم دوو بژاردەیە، ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر پشكیان لە حكوومەتەكەی و داخوازی خۆپێشاندەران بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تەكنۆكراتی سەربەخۆ كە هیچ حزبێك دەستی تێوەرنەدات. 
 
خۆپێشاندەران هەفتەی توڕەییان راگەیاندووە و چەندان رێگەی سەرەكیان لە بەیروتی پایتەخت داخستووە، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی هەینی داهاتوو گەورەترین گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن. 



وشە - فه‌رمان سادق