هێشتا ڕێككەوتن لەسەر مووچەی خانەنشینی پلەباڵاكان نەكراوە

:: PM:03:43:14/01/2020 ‌
لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆچوونی جیاوازی هەیە لە سەر ئەو مادەی كە تایبەتە بە خانەشینی پلەباڵاكان ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش رای دەگەیەنێت، كۆ دەنگییەك هەبوو لەسەر نەمانی خانەنشینی پلەباڵاكان، بەڵام هێشتا بەتەواوی ڕێككەوتن نەكراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، رووپاك ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكان كرا و كۆ دەنگیی لەسەر ئەو پرسە هەبوو كە ئەو خانەنشینییە نەمێنێت.

بۆچوونی زۆر هەبوو كە خانەنشین نەكرێت بەڵام ئەوە ڕەت كرایەوە

ئەو پەرلەمانتارە كە لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە ئاماژە بەو ڕێژەیەیش دەكات كە بۆ خانەنشینی پلەباڵاكان دانراوە و دەڵێت، پێشنیار كراوە ئەو پەرلەمانتارەی /15 ساڵ/ خزمەتی تەواو نەكرد بێت و /45ساڵ/ی تەمەن نەبێت بۆچوونی زۆر هەبوو كە خانەنشین نەكرێت، بەڵام ئەوە ڕەت كرایەوە و ئێستە پێشنیار كراوە كە بە %15 لە كۆی ئەو هەشت ملیۆنەی ئێستە وەری دەگرن خانەنشین ببن.
 
دووپاتی لەوەیش كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە پڕۆژەی خانەنشینی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان بنێرێتە پەرلەمان، ئەگەر ئەو پڕۆژە دەرچێت ئەوا مووچەی پلەباڵاكان بە گشتی كەم دەبێتەوە. هەروەك ڕوونی كردەوە كە لە حاڵەتی ئێستە ئەگەر پەرلەمانتار یان پلەباڵاكان مەرجی تەمەن و ساڵی خزمەتی نەبوو، ئەوا خانەنشینیەكەی لەگەڵ فەرمانبەرێكی ئاسایی جیاوازی زۆری نابێت.

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ ئەو پڕۆژە یاسایەیی چاكسازی كرد كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆی ڕەوانە كراوە؟ پڕۆژەكە لە 16 مادە پێكدێت و بەشێك لەمادەكان كە تایبەتە بە خانەنشینی پلەباڵاكان ناڕەزایی ڕای گشتیی لەسەرە و تا ئێستەیش ڕوون نییە كە مووچەی خانەنشینی پلەباڵاكان چی لێ‌ دێت.



وشە - زریان تەها