پەرلەمانتارێك: عەبدولمەهدی نزیك بوو لە راسپاردنەوە و هەلەكەی لەدەست دا

:: PM:04:20:14/01/2020 ‌

دوور لە مەرجەعیەت و خۆپێشاندەران، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق لای زۆرێك لە هێزەكانی شیعە و سوننە و كورد گونجاوترین كەسایەتییە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەرلەمانتارێكی سوننە دووپاتی كردەوە كە تا بەر لە 72 سەعات عەبدولمەهدی نزیك بووە لە راسپاردنی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكە، بەڵام لەبەر هۆكارێكی نادیار هێزە سیاسییەكان پشتیان لێی نەكرد.
لەبەر هۆكارێكی نادیار دۆخەكە گۆڕا و هێزە سیاسییەكان پاڵپشتی خۆیان كشاندەوە
عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی فراكسیۆنی هێزە عێراقییەكان (سونە)، ئەمڕۆ سێشەم گوتی، عادل عەبدولمەهدی چانسی گەڕانەوەی بۆ كورسی سەرۆك وەزیرانی لەدەست دا، كە تا بەر لە هەفتەیەك چەندان هێزی سیاسی پاڵپشتی گەڕانەوەیان تا ساڵێكی تر دەكرد بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام لە ماوەی 72 سەعاتی دوایی دۆخەكە گۆڕا و زۆرینەی هێزە سیاسییەكان لەبەر هۆكارێكی نادیار پاڵپشتی خۆیان كشاندەوە.

عەزاوی روونی كردەوە، كاندیدكردنی كەسێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران چارەسەرێكی زیاتر قبووڵكراوە لای زۆرینەی هێزە سیاسییەكان، ئەوەش لەسەر داوای خۆپێشاندەران و لەو بارەوەش هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەكان هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە بەشێوەیەكی كاتی كاروباری وڵات تا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە ببات.

لای خۆیەوە ئەمجەد عقابی پەرلەمانتاری "سائیروون"، سەر بە موقتەدا سەدر دوێنێ رای گەیاند كە هەڵوێستی ئەوان جێگیرە دژی راسپاردنەوەی عەبدولمەهدین، چونكە ئەو خەڵكی كوشتووە و هیچ خزمەتگەزارییەكی پێشكەیش نەكردووە، هاوكات چەند هێزێكی سیاسی بێ هوودە پاڵپشتی گەڕانەوەی دەكەن بۆ سوودی خۆیان. 

لەوكاتەی حەیدەر فوئادی سەرۆكی فراكسیۆنی عەتا لە پەرلەمانی عێراق داوای لە مەرجەعیەتی باڵای نەجەف كرد بۆ راسپاردنەوەی عادل عەبدولمەهدی لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە ئەو توانوویەتی لە ماوەیەكی كەمدا پڕۆژەی راستەقینە لە هەموو كەرتەكان پێشكەیش بكات، بۆیە دەتوانێت كابینەیەكی حكوومەتی سەربەخۆ دوور لە حزبەكان پێك بێنێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل