وردەكاریی رێككەوتنی ئابووریی چین و ئەمەریكا ئاشكرا كرا

:: PM:04:42:14/01/2020 ‌
دواجار چین و ئەمەریكا لەسەر گەڕی یەكەمی رێككەوتنی بازرگانی گەیشتنە رێككەوتن، بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان بێت، ئەوا چین بە بەهای 200 ملیار دۆلار كاڵای جیاواز لە ئەمەریكا دەكڕێت، لە بەرانبەریشدا وەزارەتی دارایی ئەمەریكا ناوی چین لە لیستی رەش دەردەهێنێت.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، وردەكاری بەشی یەكەمی رێككەوتنی بازرگانی ئازادی نێوان ئەمەریكا و چین بڵاو كرایەوە كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا واژووی لەسەر بكات.

بەرپرسانی چین ئاشكرایان كردووە، قۆناغی یەكەم ئەوە لە خۆ دەگرێت كە چین كەرەستە و پێداویستی سێ سێكتەری ئابووری لە ئەمەریكا بكڕن. 

 لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوێنێ دووشەم لە تویتێكدا رای گەیاند، ئەمەریكا و چین بەم نزیكانە رێككەوتنی ئابووری واژوو دەكەن. زیاتر گوتی "دەستەوارەیەكی گەورە لەگەڵ چین واژوو دەكەین، ئەوان ئەوەیان دەوێت و ئێمەش هەر ئەوەمان دەوێت". 

بەپێی رێككەوتنەكە چین بە بەهاری 200 ملیار دۆلار كەرەستە لە ئەمەریكا دەكڕێت


ئاژانسی هەواڵی "شینخوا"ی چینی بڵاوی كردەوە، رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و چین دوای پێوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و شی جین بینگ سەرۆكی چین دێت.

بینگ رای گەیاند، رێككەوتنی سەرەتایی بازرگانی نێوان ئەمەریكا و چین، سوودی بۆ هەردوو وڵات و هەموو دنیا هەیە. 

 بەپێ راپۆرتێكی رۆژنامەی " South China Morning Post "ـی چینی، بەپێی رێككەوتنەكە چین پابەند كراوە بە كڕینی كەرەسەتە لە ئەمەریكا بە بەهای 200 ملیار دۆلار لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، بە جۆرێك بە بەهای 75 ملیار دۆلار كەرەستە و پێویستی، 50 ملیار دۆلار وزە، 40 ملیار دۆلار بەرهەمی كشتووكاڵی، 35 بۆ 40 ملیار دۆلار خەرجی لە خزمەتگوزاری. 

 بەرپرسانی كۆشكی سپی دەڵێن، گەڕی یەكەمی رێككەوتنە ئابوورییەكە لەگەڵ چین، دەبێتە گەورەترین دەستەوارە و رێككەوتن.
لە بەرانبەر ئەوەدا، گەنجینەی ئەمەریكا وڵاتی چین لە لیستی رەشی ئەو وڵاتانە دەردەكات كە یاری بە بەهای دۆلار دەكات، ئەمەش وەك هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ رێككەوتنی بازرگانی نێوانیان كە زیاتر لە ساڵێكە شەڕی بازرگانی لەنێوان ئەمەریكا و چین هەیە. 
چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا لیو خی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وڵاتی چین لە واشنتن رێككەوتنەكە واژوو بكات.

جێی باسە لە ماوەی ساڵی رابردوودا، چین و ئەمەریكا بە بەهای زیاتر لە 300 ملیار دۆلار باج و رسوماتیان خستە سەر كاڵای یەكتر، ئەمەش وەك بەشێك لە شەڕی بازرگانی نێوان هەردوولا لێكدرایەوە، كاریگەری گەورەیشی لەسەر گەشەی ئابووری جیهان دانا.



وشە - فه‌رمان سادق