مۆنیتۆر: عەبدولمەهدی نایەوێت هێزەكانی ئەمەریكا پاشەكشە بكەن

:: PM:07:39:14/01/2020 ‌

رۆژنامەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق بە ئاشكرا وا دەریدەخات كە پاڵپشتی لە دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق دەكات، كەچی راستییەكە شتێكی ترە و ئەو نایەوێت ئەمەریكا لە عێراق بكشێتەوە.
عەبدولمەهدی لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگی هێز و هێوركردنەوەی دۆخەكەیە
لە 5ی ئەم مانگە ئەندامە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق بێ كورد و سوننە پڕۆژەبڕیارێكیان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق تێپەڕ كرد و حكوومەتی عێراقیان پابەندی دەركردنی هێزە بیانییەكان لەوانەیش ئەمەریكا كرد، هاوكات ئەمڕۆ حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە سوورن لەسەر هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمان و دەركردنی هەموو هێزە بیانییەكان لە عێراق.

رۆژنامەی "مۆنیتۆر"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا لە چەند سەرچاوەیەكی عێراقی گواستەوە كە عەبدولمەهدی ئەگەرچی بە ئاشكرا پاڵپشتی لە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بەڵام ئەو لەگەڵ پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا نییە. 

زیاتر گوتی، لەگەڵ ئەوەی ئەو هەینی رابردوو لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی داوای لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد كە شاندێك رەوانەی بەغدا بكات بۆ تاوتوێكردنی پرسی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا، بەڵام ئەو خەریكی دۆزینەوەی شێوازێكە بۆ پارێزگاریكردن لە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەكاتی هەوڵەكانی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و رەنگە ئەو داوای مانەوەی ئەو هێزانە بۆ ئەركی مەشق و راهێنان دوور لە شەڕوانی بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل