عێراق.. دوای هێوربوونەوەی دۆخەكە قۆناغێكی تری توندوتیژی دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:08:33:14/01/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان لە عێراق كە خۆپێشاندەران تا 19ی ئەم مانگەیان بۆ هێزە سیاسییەكان دیاری كردووە بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بە مەرجی ئەوان بۆ سەرۆكی حكوومەت، هێزە سیاسییەكانی سەر بە ئێران دەیانەوێ خۆپێشاندانەكان لەدژی ئەمەریكا بقۆزنەوە و ئەوانیش بچنە سەر شەقامەكان، لەوكاتەی كاندیدێكی سەرۆكی حكوومەت وریایی لە بەریەككەوتنی خۆپێشاندەرانی هەردوولا دەدات، سەركردەیەكی رەوتی سەدر ئاماژە بۆ رووخامی سیستەمی سیاسی عێراق لەهەر ساتێك دەكات.
میلیشیاكان لە شەقام رووبەڕووی ئەمەریكا دەبنەوە
دوای ئەوەی ئەمەریكا لە بەرەبەیانی 3ی ئەم مانگە هەریەك لە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە بەغدا كوشت، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند كە تاكە تۆڵەكردنەوە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەبێت، لەو ناوەدا فراكسیۆنە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق لە 5ی ئەم مانگە یەكەم هەنگاویان بەو ئاراستەیە نا و دوای كۆبوونەوەی سەدر و گرووپەكانی نزیك لە ئێران داوای خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی لەدژی بوونی ئەمەریكا لە عێراق كرد، ئەوەش دەست پێكردنی قۆناغێكی نوێی جەنگی بەوەكالەت و ململانێكانە و رەنگە دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر بچێت. 

پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای كانوونی یەكەمی 2019 دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقی پەسند كرد، بەهۆی رەتكردنەوەی بەردەوامی كاندیدەكان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە، تا ئێستە سەرۆكی حكوومەتی نوێ دیاری نەكراوە، خۆپێشاندەران تا 19ی ئەم مانگەیان بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی قبووڵكراو و سەربەخۆ دیاری كردووە.

ئەسعەد ناسڕی، سەركردە لە رەوتی سەدر و نزیك لە موقتەدا سەدر لە تویتێك پێشبینی كرد كە ئەگەر كار وا بڕوات، لەهەر ساتێكدا  سیستەمی سیاسی لە عێراق دەڕووخێت، نووسیویەتی، تا ئێستە بەشێك لە هێزە سیاسییەكان و میلیشیاكانیان هۆكاری وێرانكاری كوشتنن لە عێراق بێباكانە لەوەی وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەوان تەنیا گرنگی بە دەستكەوتەكانیان دەدەن و گرەو لەسەر شتێك دەكەن كە روونادات، ئەویش پاشەكشەكردنی خۆپێشاندانەكانە.  

زیاتر گوتی، ئەو سیستەمە سیاسییەی هەیە لەرزۆكە و دەكرێت لەهەر ساتێكدا بڕووخێت، بۆیە پەرەسەندنی دۆخەكە لە هەڵكشانە، ئەو لە كۆتادا ئاماژەی بۆ ئەو وادەیە كرد كە خۆپێشاندەرانی ناسڕییە بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی سەربەخۆ دیاریان كردووە كە ماوەی هەفتەیەكیان تا 19ی ئەم مانگە بە حكوومەت داوە.  

هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بابل رای گەیاند كە بڵاوبوونەوەیەكی چڕی هێزە تەناهییەكان لە شەقام و رێگەوبانەكانی ئەو پارێزگایە هەیە بۆ رێگرتن لەهەر پشێویەك و كردنە ئامانجی فەرمانگەكانی حكوومەت و بارەگای حزبەكان.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەم موقتەدا سەدر لە تویتێك داوای سازكردنی خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی لەدژی بوونی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق كرد و هەریەك لە هادی عامری و گرووپەكانی حەشدی شەعبی پاڵپشتیان لێی كرد و داوایان لەلایەنگرانیان كرد كە بەشداری تیادا بكەن، بێ ئەوەی كات و شوێنی ئەو خۆپێشاندانە دیاری بكات، ئەمڕۆ فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتار و كاندیدی سەربەخۆی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێك نووسیویەتی، گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندانی ئێستە هی خۆپێشاندەرانی سەربەخۆیە و گۆڕەپانەكانی تر كراوەیە بۆ خۆپێشاندەرانی تر، وەك ئاماژەیەك بۆ خۆپێشاندەرانی سەر بە هێزەكانی نزیك لە ئێران.

زیاتر گوتی، ناكرێت رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی شارەكانیتر دروست ببێت، چونكە ئەو شوێنانە هی خۆپێشاندەرانی سەربەخۆ و نیشتیمانی و ناحزبین، روونی كردەوە، خۆپێشاندەرانی عێراق لە چوارەم مانگی بزاوەكەیانن و ئارام و بەرگەی زۆریان گرتووە و قوربانیان بەخوێن داوە و شەهید و بریندار بوونە، بۆیە گۆڕەپانەكانیتری وەك فیردۆس و هیتریش بۆ خۆپێشاندانی نوێ كراوەیە، لە كۆتادا دەڵێت، كۆڵ نادەین و جگە لە خوا بۆ كەس كڕنۆش نابەین.

ئەمڕۆ ئیریج مەسجیدی، باڵوێزی ئێران لە عێراق دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی سوورە لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو لە پیشانگایەكی ئابووری لە سلێمانی گوتی، پێویستە ئەمەریكا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبێڵێت، بوونی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق بۆ چییە و ئەوان ئەو هەموو بنكە سەربازیانەیان بۆ چییە؟ 

زیاتر گوتی، ئێمە تۆڵەی كوژرانی هەردوو فەرماندە قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە ئەمەریكا دەكەینەوە، بۆیە بوونی ئەمەریكا لە ناوچەكە هۆكاری ناسەقامگیرییە و ئێران سوورە لەسەر ئەوەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆڵ بكەن.

ئەمڕۆ واسق هاشمی سەرۆكی كۆمەڵەی عێراقی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی رای گەیاند، ئەمەریكا بەئاسانی لە عێراق پاشەكشە ناكات كە وەك بنكەیەك بەكاری دێنێت، بۆیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باسی دەستگرتن بەسەر سامانی عێراق لە بانكەكانی ئەمەریكا و سەپاندنی سزا و داوای قەرەبووكردنەوەی لەبەرانبەر دامەزراندنی بنكەی عەین ئەسەد كرد. 

زیاتر گوتی، لایەنە عێراقییەكان لەوبارەوە رێك نەكەوتوون و كورد و سوننە بە دەركردنی ئەمەریكا لە عێراق رازی نین، لەوكاتەی سوننە دەستیان كردووە بە بانگەشەكردنی بۆ دامەزراندنی هەرێمی سوننە، بۆیە ئەو بابەتە درێژخایەنە، جیا لەوەش ئەمەریكییەكان ئاماژە دەكەن كە لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ عێراق بابەتی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا باس نەكراوە. 

هاشمی روونی كردەوە، ناڕوونییەكی زۆر لە پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا هەیە، چونكە عێراق لە 2004ەوە سەرچاوەی كڕینی چەكی جۆراوجۆر نەكردووە، بەتایبەتی هێزی ئاسمانی، بۆیە بەدەرچوونی ئەمەریكییەكان عێراق بێ هێزی ئاسمانی دەمێنێتەوە، هەروەها پارەی نەوتی عێراق لای ئەمەریكا كە بڕەكەی 35 ملیار دۆلارە، بەدەست بەسەرداگرتنی عێراق دەكەوێتە دۆخێكی سەختی ئابوورییەوە، لێرە سەرچاوەی بەهێزی ئەمەریكا دەردەكەوێت.   
 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل