سه‌ره‌ڕای زۆری باس و خواسه‌كانی میدیای جیهانی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر یاسای سیزه‌ر كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه بۆ سزادانی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و سه‌رجه‌م ئه‌و دامه‌زراوه سووری و ئێرانی و ڕووسیایانه‌ی پشتیوانی ئه‌سه‌دن ده‌ركراوه، به‌ڵام كوردانی ڕۆژئاڤای كوردستان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه هه‌وڵ و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوای كوردستان له‌و سزایانه‌ی ناو ئه‌و یاسایه چاوپۆشی لێ بكرێ و وه‌ك به‌شێكی سووریا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای كوردستان نه‌كرێت.
به‌دران چیاكورد جێگری هاوسه‌رۆكی خۆسه‌ری دیموكراتی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌وباره‌وه به ئاژانسی ڕۆیته‌رزی ڕاگه‌یاندووه، ئه‌و سزایانه‌ی كه له نێو یاسای سیزه‌ر بوونیان هه‌یه، به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ڕۆژئاواییش بگرێته‌وه، زیانی زۆر به پێشڤه‌چوونه‌كانمان ده‌گه‌یه‌نێت، به گشتی دۆخی سووریا و دراو و ئابووری سووریش به‌ره‌و هه‌ره‌س و ته‌نگژه‌ی زۆر گه‌وره و قورس‌تر ده‌بات.
ئاماژه‌ی داوه، كه له‌گه‌ڵ دابه‌زینی به‌های لیره‌ی سووری، به‌هۆی ئه‌و گه‌مارۆ و كۆت و به‌ندانه‌ی ده‌خرێته سه‌ر بواری بازرگانی له‌گه‌ڵ سووریا، نرخی كاڵا و كه‌لوپه‌له‌كانیش زۆر به‌رز ده‌بنه‌وه، كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هاووڵاتییان ده‌بێت، كه خاوه‌نی كه‌مترین داهاتن و ناوچه‌كه شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی بێكاری و هه‌ژاری لێ بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌هۆی نۆ ساڵی جه‌نگ و ململانێ و وێرانبوون.
چیاكورد نه‌یشارده‌وه، كه به گوێره‌ی یاساكه هه‌موو ده‌روازه سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ سووریا داده‌خرێن، ئه‌مه‌یش به كرده‌یی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر قورس ده‌كات و دیارده‌ی قاچاغ به فره‌وانی سه‌ر هه‌ڵده‌دات، به ڕوونی مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه سووریا سه‌رجه‌می ده‌خرێته ژێر گه‌مارۆیه‌كی چڕ و قورسی ئابووری و بازرگانی، به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه كاره‌ساتی مرۆیی گه‌وره‌ی له ڕیزی خه‌ڵكی هه‌ژار و سڤیل لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆژئاوای كوردستانیان ڕاگه‌یاندووه كه یاساكه له‌سه‌ر ڕۆژئاڤا ناسه‌پێنرێت
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری چاوپۆشی ئه‌مه‌ریكا له سه‌پاندنی ئه‌و سزا و گه‌مارۆیانه له ناوچه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، ئه‌و به‌رپرسه‌ی كورد له ڕۆژئاڤا گوتی، گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان كردووه و ئه‌وان دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه خۆسه‌ری دیموكرات له سزاكانی یاسای سیزه‌ر دوور ده‌بێ و به‌سه‌ر ناوچه كوردییه‌كانی ناسه‌پێنن، به‌ڵام له‌سه‌ر میكانیزم و چۆنیه‌تی نه‌سه‌پاندنی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه هه‌ردوولا دووپاتیان له به‌رده‌وامی گفتوگۆكان و چۆنیه‌تی گه‌یشتن به ڕێگه چاره‌یه‌كی هاوبه‌ش كردووه‌ته‌وه و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به گشتی له‌و بڕوایه‌دان كه پێویسته سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سزاكان به‌سه‌ر ڕۆژئاوا ناسه‌پێنرێت، هاوكات هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی زیاتریش بۆ ناوچه كوردییه‌كان ڕه‌وانه ده‌كرێت، له‌و دۆخه ناهه‌مواره‌ی كه به‌هۆی كۆرۆناوه ڕووی له ناوچه‌كه كردووه.
یاسای سیزه‌ر بۆ یه‌كه‌مجار له ناوه‌ڕاستی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2019 له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكاوه ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر درا و ناوی ته‌واوی یاساكه بریتییه یاسای قه‌یسه‌ر بۆ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له سووریا، به‌ڵام دواتر یاساكه بوو به به‌شێك له یاسای به‌رگری نیشتمانی بۆ ساڵی 2020 و دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایش واژووی له‌سه‌ر كردووه و وه‌ك یاسایه‌كی به‌ركار خراوه‌ته ڕوو، به‌ڵام تا ئێسته به فه‌رمی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كراوه.
ناونانی "سیزه‌ر" بۆ یاساكه بۆ ناوی گه‌نجێكی سووری ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ناوی قه‌یسه‌ر بووه و به ئینگلیزی ده‌بێت به سیزه‌ر و له ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی ڕژێمی به‌عس له ماوه‌ی ساڵانی 2011 تا 2014 گیانی له ده‌ستداوه و بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كانی له‌كاتی ئه‌شكه‌نجه‌دان ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی له دنیا هه‌ژاند و ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچی نێوده‌وه‌تی ڕاپۆرتێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر وێنه‌كانی كاتی ئه‌شكه‌نجه‌دانی قه‌یسه‌ر بڵاو كرده‌وه و داوای له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد، كه ئه‌و وه‌حشیگه‌رییه‌ی ئه‌سه‌د بوه‌ستێنن، جیا له‌وه‌یش وێنه‌یه‌كی ئه‌و گه‌نجه كه بڵاوبووه‌وه، به قه‌باره‌یه‌كی گونجاو و به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری چاپكرا و له مۆزه‌ی هۆلۆكۆست له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و له مۆزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دانرا.
هه‌موو دامه‌زراوه و كۆمپانیایه‌ك كه له هه‌موو بواره‌كان كار بكات و كۆمه‌كی ئه‌سه‌د بكات سزا ده‌درێت
ناوه‌رۆكی
یاساكه باس له وه‌شاندنی گورزێكی گه‌وره له حكوومه‌تی ئه‌سه‌د ده‌كات و سزا و گه‌مارۆ ده‌خرێته سه‌ر هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی دارایی و بازرگانی و ته‌كنیكی كه پشتیوانی ڕژێمی سووریا ده‌كه‌ن، قه‌رز و حه‌واله و ده‌سته‌به‌ری دڵنیایی بۆ ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن، یان بازرگانی له هه‌موو بواره‌كانه‌وه به تایبه‌ت نه‌وت و وزه و ته‌كنه‌لۆجیا و كه‌لوپه‌لی خۆراك و سه‌رجه‌م بواره‌كانی تر گه‌مارۆی توندی ده‌خرێته‌سه‌ر، ئه‌مه هه‌ر ته‌نیا دامه‌زراوه و ڕێكخراو و كۆمپانیاكانی ناوخۆی سووریا ناگرێته‌وه، به‌ڵكوو سه‌رجه‌م ئه‌و ڕێكخراو و قه‌واره و دامه‌زراوانه‌وه‌یش ده‌گرێته‌وه كه هی ئێران و ڕووسیان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و پشتیوانی حكوومه‌ت و ڕژێمی به‌عس له سووریا كار ده‌كه‌ن، پێشبینی ده‌كرێ به چه‌سپاندنی ئه‌و یاسایه به‌سه‌ر سووریا زیانی گه‌وره به سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ڕژێم له سووریا بگات و تا ئێسته‌یش نه‌خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.