ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان دەست بە كارەكانی دەكاتەوە

:: AM:10:03:24/06/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان دەست بە كارەكانی بكاتەوە، ئەویش دوای وەستانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تووشبوونی پەرلەمانتارێك و چەند فەرمانبەرێك.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی حوزەیران، سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا  لەناو پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمان بە پێویستی زانی بۆ سەلامەتیی گشت پەرلەمانتار و فەرمانبەرانی پەرلەمان، بۆ ماوەی  دوو هەفتە كارەكانی خۆی رابگرێت.

كاری لە پێشینەی پەرلەمان بریتی دەبێت لە باسكردنی دۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، دۆخی دارایی هەرێم
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمان دەڵێت، خۆشبەختانە ئەو كەسانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕانەوە ماڵی خۆیان و تەندروستییان زۆرباشە.

باسی لەوەش كردووە، دوای دەستپێكردنەوەی كارەكان، كاری لە پێشینەی پەرلەمان بریتی دەبێت لە باسكردنی دۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، دۆخی دارایی هەرێم، زۆریی جموجووڵی داعش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و بابەتە هەنووكەییەكانی ناو هەرێمی كوردستان.

ڕۆژی 10ـی حوزەیران، بڕیار بوو كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرجەم كارەكان وەستان و پشكنینی گشتی بۆ پەرلەمانتاران و فەرمانبەران كرا و تووشبوونی پەرلەمانتارێك و چەند فەرمانبەرێك بەو ڤایرۆسە ڕاگەیەنرا.



وشە - رامیار جەواد