نۆكیا هەزار و 200 فەرمانبەر دەردەكات

:: AM:10:09:24/06/2020 ‌
كۆمپانیای نۆكیا كە كۆمپانیایەكی فینلەندییە، بڕیاری دا هەزار و 233 فەرمانبەری خۆی دەربكات كە لە گرووپی "ئالكاتێل لۆسێنت ئینتەرناشناڵ" كار دەكەن.

ئەو كەسانەی دەردەكرێن یەك لەسەر سێی كۆی فەرمانبەرانی كۆمپانیاكەن كە بە گشتی سێ هەزار و 624 فەرمانبەری هەیە، لەو فەرمانبەرانەش کە دەردەكرێن 831 كەسیان لە لقی nozay بوون، 402 كەسیش لە لقی لانیۆن كاریان دەكرد.

كۆمەڵێك كۆمپانیا هەن كە هاوشێوەی لۆسێنت لە ژێر سەرپەرشتی نۆكیادا كار دەكەن و ئەو بڕیارەی نۆكیا هیچ كام لە كۆمپانیا فڕەنسییەكانی رادۆ فرێكانس سیستمز، نۆكیا بێل لیبز فرانس و ئالكاتێل سابمارین ناگرێتەوە.

بەگوێرەی مێهرنیوز ئەو گرێبەستەی كۆمپانیای نۆكیا لەگەڵ لۆسێنت هەیبوو تا پێنج ساڵ بۆی نەبوو هیچ فەرمانبەرێكی فڕەنسی دەربكات. نۆكیا كۆمپانیاكەی بە 15 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار كڕیبوو و ئێستەش دیار نییە نۆكیا دەیەوێت خۆی لەگەڵ دۆخەكە بگونجێنێت یان بەتەمای پلان و بەرنامەی ترە.
لە بەرنامەشیدایە تا ساڵی 2021 سەرووی 500 یۆرۆ لە خەرجییەكانی كەم بكاتەوە.

نۆكیا بەفەرمی هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە تووشی جۆرێك تەنگژەی دارایی بووە و گوشارێكی زۆری دارایی لەسەرە، بۆیەش فەرمانبەرانی كەم كردووەتەوە و لە بەرنامەشیدایە تا ساڵی 2021 سەرووی 500 یۆرۆ لە خەرجییەكانی كەم بكاتەوە.

نۆکیا لە ساڵی 1865 دامەزرا و لە بواری تەختە و پێڵاو کاری دەکرد بەڵام دوواتر رووی لە تەکنەلۆجیا کرد و یەکێک لە گرنگترین پێنج براندی بواری تەکنەلۆجیایە و لە هەموو دنیادا ناسراوە و ناوی لە ناوی وڵاتەکەشی ناسراوترە و بۆیەش کەم کەس دەزانێت نۆکیا فینلەندییە.




وشە - سلێمان تاشان