لە رۆژهەڵاتی كوردستان كارگەیەكی پێترۆكیمیایی دەكرێتەوە

:: AM:10:36:24/06/2020 ‌
بڕیارە كارگەیەكی نوێی پێترۆكیمیایی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان بكرێتەوە كە هەلی كار بۆ سەدان كەس دابین دەكات، پڕۆژەكەش بە گرنگترین پڕۆژەی كابینەی رۆحانی لە پارێزگاكە هەژمار دەكرێت.

محەمەد مەهدی شەهریاری پارێزگاری ورمێ ئاماژەی داوە، كارگەی پێترۆكیمیایی میاندواو سبەی پێنجشەم دەكرێتەوە و حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران بە ڤیدیۆ كۆنفرانس بەشداری لە كردنەوەی پڕۆژەكە دەكات.

بەگوێرەی ئیرنا ئەو كارگەیە بە گوژمەی زیاتر لە 40 ملیۆن یۆرۆ بنیات نراوە، توانای هەیە ساڵانە 140 هەزار تۆن پۆلی ئێتیلێنی قورس بەرهەم بهێنێت و كارگەكەش بە نەخشەی جیۆگرافیای پێترۆكیمیایی ئێران گرێ بدرێت.
پڕۆژەكە هەلی كار بۆ 500 كەس دابین دەكات

بەگوێرەی ئیرنا پارێزگاری ورمێ گوتوویەتی، پڕۆژەكە هەلی كار بۆ 500 كەس دابین دەكات و رۆڵی دەبێ لە پەرەپێدانی ئابووری و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری لە پارێزگاكە.

پێویستە بگوترێ كارگەی پێترۆكیمیایی میاندواو لەگەڵ كارگەی پێترۆكیمیایی مەهاباد بە دوو كارگەی نیشتمانیی حكوومەت هەژمار كراون.

میاندواو كەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای ورمێ. زۆربەی دانیشتووانی شارەكە ئازەرین، بەڵام زۆربەی گوندەكانی كوردنشینن. ژمارەی دانیشتووانی شارەكە 150 هەزار كەسە كە زیاتر لە نیوەیان لە گوندەكان دەژین.

شارەكە بە دوا خاڵی سنووری نێوان رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات هەژمار دەكرێت، دەشتی میاندواو یەكێك لە بەپیتترین دەشتەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ كشتوكاڵ دادەنرێت، چەوەندەر گرنگترین بەرهەمی ناوچەكەیە كە شەكری لێ بەرهەم دەهێنرێت. شارەكە كەوتووەتە نێوان دوو رووبار، بۆیە بە میاندواو ناسراوە.


وشە - سلێمان تاشان