لە ئێران بە ئۆنلاین كۆرپە دەفرۆشرێت

:: PM:12:02:24/06/2020 ‌
دیاردەیەكی زۆر مەترسیدار لە تاران سەری هەڵداوە، هەندێك گرووپ لە رێی ئۆنلاین كۆرپە دەفرۆشن. پۆلیسی تاران دەڵێ لەسەر ئەمە چەند كەسێكیان گرتووە.

حوسێن رەحیمی بەڕێوەبەری پۆلیسی تاران باسی لەوە كردووە، لە رێی ئینتەرنێت و پەیجەكانی ئینستاگرامەوە رێكلام دەكرێت بۆ فرۆشتنی كۆرپە، تەنانەت بە ئاشكرا كڕین و فرۆشتن بەو كۆرپانە دەكرێ كە تازە لەدایكبوون.

بەڕێوەبەرەكەی پۆلیس گوتوویەتی سێ كەسیان گرتووە كە پێشتر هیچ تاوانێكیان ئەنجام نەداوە و دوو كۆرپەشیان لەگەڵدا بووە. 

كۆرپەكان هی ئەو خێزانانەن كە زۆر هەژارن و توانای بەخێوكردنیان نەبووە
كۆرپەكان هی ئەو خێزانانەن كە زۆر هەژارن و توانای بەخێوكردنیان نەبووە، ئەوانەش كۆرپەكەیان بە مەبەستی دەستكەوتنی قازانج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خستووەتەڕوو.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، یەكێكی تر لە تۆمەتبارەكان ددانی بەوە ناوە ویستوویەتی لەم رێیەوە قازانجێك بكات و ژیانی كۆرپەیەكیش خۆش بكات و ببێتە میانجیگەر لە گواستنەوەی كۆرپە لە خێزانێكی هەژارەوە بۆ خێزانێكی دەوڵەمەند. دەگوترێ پێشتر تۆمەتبارەکە کۆرپەی بە 40 تا 50 ملیۆن تمەن فرۆشتووە کە دەکاتە کەمتر لە سێ هەزار دۆلار.

بەشێك لەو دیاردانەی لە ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا سەریان هەڵداوە، گرێ دراون بەو دۆخە نالەبارە ئابوورییەی بەربینگی وڵاتەكەی گرتووە. رێژەی هەژاری رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و هەڵاوسان لە لایەك و گەندەڵی و سیاسەتەكانی حكوومەت لە ناوچەكە و پەراوێزخستنی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هێندەی تر دۆخەكە بەرەو خراپتر دەبات.



وشە - سلێمان تاشان