حدكا پشتڕاستی كردەوە گیراوێكی سیاسیی كورد لە ئێران گولەباران كراوە

:: PM:03:41:24/06/2020 ‌
دوای دوو هەفتە لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی جیاواز لەسەر چۆنیەتی سێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵاپوور گیراوی سیاسیی كورد، ماڵپەڕی فەرمی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راگەیەنراوێكی لەبارەوە بڵاو كردەوە و باس لەوە دەكات هیدایەت زۆر نامرۆڤانە گولەباران كراوە.

لە راگەیەنراوەكەی حزبی دیموكراتدا  هاتووە، هیدایەت عەبدوڵاپوور ئەندامی دڵسۆز و چالاكی حزبەكەیان  بووە كە لە ساڵی 2016 لە دوای 49 ڕۆژ لە شەڕی بەناوبانگی قەرەسەقەلی شنۆ، دەستبەسەر كرا و بۆ ماوەی 74 ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی ددانپێدانانی زۆرەملێ و ئەشكەنجە ڕاگیرا . دواتر بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ نیزام و ئەندامەتی لە حزبی دیموكراتدا حوكمی سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.

 هاوكات باس لەوە كراوە هیدایەت عەبدوڵاپوور بەر لە سێدارەدان، بۆ ماوەی پێنج مانگ تەنانەت مۆڵەتی چاوپێكەوتنی هاوسەر و منداڵەكانی نەدراوە، دواتر بە زارەكی بە بنەماڵەكەیان گوتووە لە بەرچاوی بنەماڵەی كوژراوانی شەڕی قەرەسەقەل، هیدایەتیان لە سێدارە داوە.
بێ گوێدان بە بیروڕای گشتی و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ پرەنسیپێكی مرۆیی، لە كوشتاری ڕۆڵەكانی كورد بەردەوامە

بەپێی بەدواداچوونەكەی حدكا، هیدایەت وەك هەر گیراوێكی سیاسیی تر لە سێدارە نەدراوە، بەڵكو گولەباران كراوە و ئەمەش دڕەندەیی ئەو رژێمە دەردەخات  و كۆماری ئیسلامی بێ گوێدان بە بیروڕای گشتی و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ پرەنسیپێكی مرۆیی، لە سەركوت و كوشتاری ڕۆڵەكانی كورد بەردەوام بووە و بە بەرچاوی بیروڕای گشتییەوە تاوانەكانی بەڕێوە بردووە.

كاوە بەهرامی فەرماندەی پێشمەرگە و ئەندامی دەستەی كارگێڕی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، رژێمی ئێران بەم جۆرە سزادانانە دەیەوێ خەڵك زیاتر بترسێنێت و خۆی زیاتر بسەپێنێت.

لە سەرەتاكانی دامەزراندنی ئەو رژێمەش بەسەدان گەنجی بێتاوانی گولەباران كردووە.
ئەو پێی وایە گولەبارانكردنی لاوانی كورد یەكەم جار نییە لە لایەن رژێمی ئێرانەوە دەكرێ، لە سەرەتاكانی دامەزراندنی ئەو رژێمەش بەسەدان گەنجی بێتاوانی گولەباران كردووە. هاوكات ئەوەشی خستەڕوو رژێمی ئیسلامی لە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەترسێت، چونكە بەراورد بە سەرجەم ناوچەكانی تری ئێران خەڵكێكی هۆشیارترن و تێگەیشتوویی سیاسیشیان بەرزترە، ئۆپوزسیۆنی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەراورد بە گەلانی تری ئێران زیندووتر و بەهێزترە، بۆیەش رژێمی ئێران دەیەوێ توندتر بەرانبەریان بجووڵێتەوە.

جێی باسە پێشتریش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سێدارەدانی هیدایەت، عوسمان موزەیەن پارێزەرەكەی لە لێدوانێكی ڤیدیۆیی بۆ رای گشتی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردبووەوە و گوتبووی، دادگای ورمێ بە هیچ شێوەیەك ئەوی لە جێبەجێكردنی حوكمی سێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵاپوور ئاگادار نەكردووەتەوە و لە بنەماڵەكەیەوە زانیویەتی حوكمەكە جێبەجێ كراوە.

پارێزەرەكە ئاماژەی دابوو هیدایەت لە هیچ چالاكییەكی سەربازیی بەشداری نەكردووە و چەكی پێ نەبووە، دەبوو هاوشێوەی تۆمەتبارەكانی تر تەنیا ماوەیەك زیندانیی بۆ ببڕایەوە یان ئازاد بكرایە.
بەپێی یاساكانی ئێران هەر كەسێك لە سێدارە بدرێ، دەبێ بەر لە سێدارەدانی بتوانێ لەگەڵ بنەماڵەكەی قسە بكات

هەر بەپێی یاساكانی ئێران هەر كەسێك لە سێدارە بدرێ، دەبێ بەر لە سێدارەدانی بتوانێ لەگەڵ بنەماڵەكەی قسە بكات و ماڵاواییان لێ بكات، بەڵام ئەمە بۆ هیدایەت نەكراوە و تەنانەت پارێزەرەكەشی ئاگادار نەكراوە، بۆیە پارێزەرەكە گوتبووی "هێشتا نازانم هیدایەت زیندووە یان مردووە، چونكە هیچ شتێكی فەرمیم پێ نەگوتراوە."

پێویستە بگوترێ هاوینی ساڵی 2016 رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداریی لە نێوان پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سوپای پاسداران لە گوندی قەرەسەقەلی شنۆ رووی دا، بەهۆیەوە چەندان پێشمەرگە شەهید بوون و كۆمەڵێك جاش و پاسداریش كوژران.

دوای ئەم رووداوە سوپای پاسداران دەستی بە گرتنی خەڵك كرد بە بیانووی ئەوەی هاوكاریی حزبی دیموكراتیان كردووە و دەیان كەسی گرت.

سەرووی دوو مانگ لە بنكەی ئیتڵاعاتی شنۆ ئەشكەنجە درا
لەو ماوەیەدا حوكمی جیاواز بەسەر چەندان كەسدا سەپێنراوە، ئەوەی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو هیدایەت عەبدولاپوور بوو كە مانگ و نیوێك دوای رووداوەكە گیرا، سەرووی دوو مانگ لە بنكەی ئیتڵاعاتی شنۆ ئەشكەنجە درا و ددانپێدانانی بەزۆری لێ وەرگیرا، دواتر لە دادگا بە تاوانی ئەندامێتی حزبی دیموكراتی كوردستان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و لە ساڵی 2018 حوكمەكە لە دەزگای دادوەری ئێران پەسند كرا.


وشە - سلێمان تاشان