دوای سەركەوتنی یەكەم گەڕی گفتوگۆكانی عێراق و ئەمەریكا لە ماوەی ئەم مانگەدا، ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكا واژووكردنی هەر رێككەوتنێكی بە بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بە خولێكی تری سەرۆكایەتی بەستەوە.
ئیدارەی نوێی ئەمەریكا رێككەوتن لەگەڵ عێراق واژوو دەكات
لە 11ی ئەم مانگە یەكەم گەڕی گفتوگۆی ستراتیجی عێراق و ئەمەریكا بەڕێوە چوو و بڕیارە لە تەمووزی داهاتوو گەڕێكی تری گفتوگۆكان بەڕێوە بچێت، وەك چاودێران ئاماژە دەكەن كە سەركەوتنی گفتوگۆكان لە بەرژەوەندی عێراق و ئەمەریكایە، بەتایبەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق.
سەرچاوەیەكی نزیك لە كازمی، ئەمڕۆ چوارشەم ئاشكرای كرد، بڕیارە لە 24ی تەمووزی داهاتوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بكات و لەوێ چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و ژمارەیەك بەرپرسی ئیدارەی ئەمەریكا بكەوێت، ئەوەیش بەمەبەستی پتەوكردنی پێوەندییەكان و تەواوكردنی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن.
سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكا بە بەغدای راگەیاندووە كە هیچ رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ عێراق واژوو ناكەن، تەنیا دوای بردنەوەی ترەمپ بە خولێكی تری سەرۆكایەتی ئەمەریكا نەبێت، ئەوەیشی ئێستە هەیە، تەنیا گفتوگۆ و دانوستانە بێ هیچ رێككەوتنێك لەسەر زەوی، بۆیە بردنەوەی ترەمپ، مەرجی واژووكردنی رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا و ئەگەر ئەوەیش نەبێت، ئەو بابەتە بۆ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا دەمێنێتەوە.