دادگای باڵای ئێران، سزای سێداره بۆ سێ گه‌نج ده‌رده‌كات كه له خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی وڵاته‌كه به‌شدار بوون و دادگاكه ده‌ڵێ، كاری تێكده‌رانه‌یان ئه‌نجام داوه.
پێگه‌ی "ئه‌لعه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 24ی حوزه‌یران بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و سێ گه‌نجه‌ی كه دادگاكه‌ی ئێران سزای سێداره‌ی بۆ ده‌ركردوون، له خۆپێشاندانه‌كانی تشرینی دووه‌می 2019 به‌شدارییان كردووه كه به‌پێی دادگاكه سزاكه‌یان به‌تاوانی كاری تێكده‌رانه بووه.
به‌پێی پێگه‌كه، پارێزه‌رێك كه نه‌یویستووه ناوی بڵاو بكرێته‌وه بۆ ئاژانسی "هرانا"ی گوتووه، ئه‌و گه‌نجانه ناویان ئه‌میر حوسێن مورادی، سه‌عید ته‌مجیدی و محه‌مه‌د ره‌جه‌بییه. پارێزه‌ره‌كه ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ كه تیمی پارێزه‌ران له هه‌وڵی پێداچوونه‌وه‌ی سزاكه‌ن، ره‌نگه سزاكه‌یان له سێداره‌وه بۆ گرتن بێته گۆڕین.
هه‌مان ئاژانس ئه‌وه‌شی گوتووه، دوو له‌و گه‌نجانه "سه‌عید ته‌مجیدی و محه‌مه‌د ره‌جه‌بی"، پێشتر ویستوویانه له وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵبێن به‌رله‌وه‌ی بێنه گرتن، بۆیه روویان له توركیا كردووه و له‌وێ داوای په‌نابه‌ریی سیاسی‌یان كردووه، كه‌چی ده‌سه‌ڵاتی توركیا گرتوونی و دواتر راده‌ستی ئێرانی كردوونه‌ته‌وه.