عێراق لە قۆناغێكی مەترسیداری كۆرۆنادایە و ژمارەی مردن زۆر زیادی كردووە

:: PM:05:02:24/06/2020 ‌

لەوكاتەی تەواوی وڵاتانی دنیا رووبەڕووی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا بوونەتەوە، ئاماری تووشبوون گەیشتووەتە سەرووی نۆ ملیۆن و 393 هەزار و مردنیش گەیشتووەتە سەرووی 480 هەزار حاڵەت، پزیشكێكی راوێژكاری عێراقی ئاماژە دەكات كە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار.
شەپۆڵی دووەم لە كۆتایی پایز یان سەرەتای زستان دێت
د هیشام یووسف، پزیشكی راوێژكاری نەخۆشییەكانی میكڕۆبی و بەرگریزانی، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، گەیشتووینەتە قۆناغێكی مەترسیداری پەتای كۆرۆنا، بە وردی لە قۆناغی دووەمی یەكەم شەپۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەداین، مەترسی گەورەیش لە زۆری ژمارەی تووشبووان نییە، بەڵكو لە زۆری ژمارەی مردنە، كە ئاماژەیەكە بۆ نزیكبوونەوەی قۆناغی سێیەم كە مەترسدارترە، واتە كۆرۆنا گەیشتووەتە هەموو ناوچە و ماڵێك. 

زیاتر گوتی، تا ئێستە عێراق نەچووەتە ناو شەپۆڵی دووەمی پەتاكە، چونكە ئەو شەپۆڵی لە كۆتایی وەرزی پایز یان سەرەتای زستان دێت، ئاستی مەترسیداریشی دەكەوێتە سەر چۆنیەتی مامەڵەكردنمان لەگەڵ یەكەم شەپۆڵی، ئاخۆ كۆنترۆڵی پەتاكەمان كردووە یان نا، لەلایەكی تر ئەگەر ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بەرهەم بێت و خەڵك پابەندی خۆپارێزی و لێكدووركەوتنەوە بن، ئەوكات مەترسییەكە گەورە نابێت.   

ئەو پزیشكە چەند رێنوێنییەكی باس كرد بۆ رێگرتن لە خراپتر بوونی دۆخەكە، لەوانە سەپاندنەوەی قەدەغەی خۆپارێزی و توندكردنی و ناچاركردنی هاووڵاتییان بۆ پێوە پابەندبوون، ناشكرێت چاوەڕوانی ڤاكسینە رووسییەكە بكرێت، چونكە ئەو بۆ دوای قۆناغی تووشبوونە، بەڵكو دەبێت گرنگی بە دابینكردنی ئۆكسجین و ئامێری هەناسەدانی دەستكرد بدرێت. 

"هەروەها پێویستە تیمەكانی تەندروستی بێنە پاراستن، چونكە نەخۆشخانەكان بوونەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، جگە لە زیادكردنی ژمارەی پشكنین، بەتایبەتی ئاشكراكردنی تووشبوونە نادیارەكان كە پەتاكە دەگوازنەوە، ئەگینا ژمارەی تووشبوونی رۆژانە دەبێتە دەیان هەزار و مردنیش بەسەتان حاڵەت"، یووسف وای گوت. 
   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل