داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق هاتە راگەیاندن

:: PM:05:20:24/06/2020 ‌

لەو كاتەی تەواوی وڵاتانی دنیا بەدەست كاریگەری پەتاكانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، بەهۆی كەمبوونەوەی خواستەوە دەناڵێنن، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری كۆتایی هەناردن و داهاتی فرۆشتنی نەوتی بۆ مانگی ئایاری رابردوو راگەیاند.
داهاتی نەوت لە مانگی ئایار زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بووە
بەپێی بەیاننامەیەكی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كرایەوە، ئاماری كۆتایی كۆمپانیای سۆمۆ دەری دەخات كە عێراق لە مانگی ئایاری رابردوودا 99 ملیۆن و 585 هەزار و 283 بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە كردووە، داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەیش گەیشتووەتە دوو ملیار و 136 ملیۆن و 83 هەزار دۆلاری ئەمەریكی. 

وەك لەسەر زاری عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەكەدا زیاتر هاتووە، كۆی قەبارەی نەوتی هەناردەكراوی عێراق لە مانگی ئایار لە كیڵگەكانی باشوور و ناوەڕاست 96 ملیۆن و 39 هەزار و 852 بەرمیل بووە، بە داهاتی دوو ملیار و 60 ملیۆن و 23 هەزار دۆلار.

لەوكاتەی نەوتی هەناردەكراوی كیڵگەكانی كەركووك بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا، سێ ملیۆن 545 هەزار و 431 بەرمیل بووە بە داهاتی 76 ملیۆن و 59 هەزار و 290 دۆلار، تێكڕای نرخی بەرمیلێك لەو مانگە 21.450 دۆلار بووە، نەوەتەكەیش لەلایەن 32 كۆمپانیای جیهانییەوە بار كراوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل