له‌تیف هه‌ڵمه‌ت گروپی كفری به‌ زه‌مینه‌ی له‌دایكبوونی تازه‌گه‌ری ناو ده‌بات
وشه‌/ نیهاد جامی

به‌ ئیمزای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت وفه‌رهاد شاكه‌لی له‌ چوارده‌ی ته‌موزی 1971 له‌ناو كۆنگره‌ی دووه‌می نووسه‌ران له‌هه‌ولێر به‌یاننامه‌ی گروپی كفری بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان مێژووی درووست بوونیان بۆ زۆر دوورتر ئه‌گه‌ڕێننه‌وه‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌ڵێت "له‌ ئاماده‌یی كفری رۆژی هه‌شتی شوباتی 1965 گروپی كفری دامه‌زرا" ئه‌گه‌رچی به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنیان ئیمزای دوو كه‌سی له‌سه‌ر بووه‌ به‌ڵام ئه‌وان نكوڵی له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بریتی بوونه‌ له‌ پێنج كه‌س كه‌ سێ‌ كه‌سی تریشیان له‌گه‌لدا بووه‌ ئه‌وانیش (له‌تیف حامد وسه‌لام داماو و ئه‌حمه‌د شاكه‌لی)

ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ كه‌ ئه‌وان تیایدا هاتونه‌ته‌ بوون سه‌ره‌تای ململانێی گروپی ئه‌ده‌بی بووه‌ له‌پێناو تازه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردی، چونكه‌ له‌ 1970 ڕوانگه‌ درووست بوو، ئه‌و ده‌مه‌ی ڕوانگه‌ وه‌ك گروپێكی ئه‌ده‌بی تازه‌كه‌ره‌وه‌ی كوردی ده‌ركه‌وت، سه‌ره‌نجام ئه‌م گروپه‌ له‌گه‌ڵ گروپی كفری ویستیان یه‌كبگرن، به‌ڵام له‌ ئه‌یلولی 1970 ئه‌و دوو گروپه‌ نه‌یانتوانی ڕێكبكه‌ون، به‌ڵام كاتێ‌ قسه‌ له‌ كۆنترین مێژووی تازه‌گه‌ری ئه‌و قۆناغه‌ ده‌كرێت له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌ڵگه‌یه‌ك دێنێته‌وه‌ بۆ ده‌رخستنی كه‌ گروپی كفری به‌ر له‌ ڕوانگه‌ ده‌ركه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت "دیوانی خواو شاره‌ بچكۆله‌كه‌مان" پێش ڕوانگه‌ بلاو بۆته‌وه‌" 

قسه‌كردنی هه‌لمه‌ت له‌باره‌ی مێژووی ئه‌م گرووپه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رهه‌مه‌كانی خۆیه‌وه‌، كه‌ دیوانی خواو شاره‌ بچكۆله‌كه‌مانی به‌ر له‌ ڕاگه‌یاندنی ڕٍوانگه‌ بلاو كرۆدته‌وه‌، مه‌سه‌له‌كه‌ش ته‌نیا بوونی پێشینه‌یی ئه‌و مێژووه‌ نه‌بووه‌، به‌لكو ره‌خنه‌گرانی بواری ئه‌ده‌بی ئاماژه‌ بۆ كاریگه‌ری تێكسته‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی شاعیر ئه‌كه‌ن.

به‌لای محه‌مه‌د كۆردۆ دیوانی خوا شاره‌ بچكۆله‌كه‌مان و مانیفێستی ڕوانگه‌ به‌دوو ڕوداوی گرنگی ناو تازه‌گه‌ری ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌ داده‌نرێت، هه‌ڵبه‌ت به‌ر له‌ كوردۆ ئه‌ندامانی گروپی كفری هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی هه‌ڵمه‌ت به‌سه‌ره‌تایه‌كی به‌ره‌و پێش چوونی شیعری كوردی ناوده‌به‌ن.

هه‌ر له‌و رۆژگاره‌دا بووه‌ له‌تیف حامد نوسیویه‌تی "خواو شاره‌ بچكۆله‌كه‌مان مژده‌ی له‌دایكبوونی شیعرێكی كوردی پێشكه‌وتووی پێیه‌" بۆیه‌ به‌لای محه‌مه‌د كوردۆ بازدان به‌سه‌ر له‌تیف هه‌ڵمه‌ت "وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ بابه‌ت چوونه‌ سه‌ر مانگه‌وه‌ دووابێ‌ وباسی ئارمسترۆنگی نه‌كردبێ‌" 

مه‌به‌سته‌كه‌ی كوردۆ هێنده‌ ڕوونه‌ پێویستی به‌ هیچ شیكردنه‌وه‌یه‌ك ناكات چونكه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان تازه‌گه‌ری و شیعری هه‌ڵمه‌ت به‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ئۆرگانی ده‌زانێت كه‌ به‌تایبه‌ت بۆ هه‌فتاكان ئه‌و خوڵقێنه‌ری بووه‌، بۆیه‌ كوردۆ نمونه‌یه‌كی ووردتر دێنێته‌وه‌ بۆ قسه‌كانی ئه‌و ده‌ڵێت وه‌ك چۆن له‌سه‌ده‌كانی ڕابردوو پیاوانی كه‌نیسه‌ ئه‌و كه‌سانه‌یان ده‌سووتان كه‌ بیروباوه‌ڕی تازه‌یان بڵاو ده‌كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌لای ئێمه‌ش له‌حه‌فتاكاندا له‌سه‌ر شیعری نوێ‌ خه‌ڵك بسووتێنرایه‌ یه‌كه‌مین كه‌س له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌سووتێنرا"

به‌ بڕوای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت گروپی كفری توانی زه‌مینه‌یه‌ك بۆ تازه‌گه‌ری بخوڵقێنێت، سستی خۆشیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی رۆژنامه‌ له‌ ده‌یه‌ی  هه‌فتاكان، ئه‌و ده‌ڵێت "براده‌رانی ڕوانگه‌ش دان به‌وه‌ ده‌نێن بۆیه‌ حوسێن عارف نوسیویه‌تی: به‌ر له‌ ڕوانگه‌ كۆمه‌ڵێك هه‌وڵ هه‌بوون، به‌ڵام دواتر تێكه‌ڵی ڕوانگه‌ بوون" ئه‌گه‌رچی ئه‌و تێكه‌ڵبوونه‌ به‌ بۆچوونی هه‌ڵمه‌ت شكستی  هێناوه‌ ئه‌وه‌شی بۆ ئه‌و یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو گروپه‌ ئاماژه‌ پێدا، كه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ بۆ یه‌كبوونیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. 

گروپی كفری له‌ پێشه‌كی دیوانی (نهێنی كوده‌تایه‌كی) فه‌رهاد شاكه‌لی ده‌ڵێت" ئێمه‌ گۆرانمان تێپه‌ڕاند" تێپه‌ڕینی گۆران وه‌ك خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ تازه‌گه‌ری ناو ئه‌به‌ن، ئاخۆ ئه‌و بۆچوونه‌ بوو له‌دوای راپه‌رین كاتێ‌ گۆڤاری وێران ده‌رچوو وێنه‌ی گۆران به‌ سه‌راوژێر كراوی دانرا؟ ئاخۆ هه‌میشه‌ بۆ قسه‌كردن له‌ تازه‌گه‌ری ده‌بێت قسه‌ له‌ تێپه‌ڕینی گۆران بكرێت؟ 

ئایا ئه‌و هه‌وڵه‌ی گۆڤاری وێران گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ی گروپی كفری؟ بۆ وه‌ڵام به‌و پرسیاره‌ ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ی د. فه‌رهاد پیرباڵ كه‌ ده‌ڵێت "پرچی ئه‌و كچه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت من وشیعر وڕه‌خنه‌ی كوردی گۆڕی"

گروپی كفری ئه‌و گرووپه‌ له‌ میدیای كوردیدا به‌تایبه‌ت له‌دوای به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئاداری 1970 نه‌یانتوانی سوود له‌ میدیای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وه‌ر بگرن؟ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت دان به‌وه‌ ده‌نێت "هۆكاره‌كه‌ ڕاگه‌یاندن نه‌بوو به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئێمه‌ بووین دوور بووین له‌ ئایدیۆلۆژیا ئه‌وه‌ش وای كرد فه‌رامۆش بكرێین وئاوڕمان لێ‌ نه‌درێته‌وه‌"

به‌ بڕوای له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج شوێنی ئه‌و گروپه‌ وای كردووه‌ هه‌ست به‌ په‌راوێزی خۆیان بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕوانگه‌ ده‌ڵێت "روانگه‌ له‌ سه‌نته‌ردا بوو ئاراسته‌یه‌كی سیاسی تازه‌ له‌پشتیانه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌یویست ده‌ریانبخات نه‌ جه‌مال شارباژێری نه‌ شێركۆ بێكه‌س نه‌ حوسێن حاشا له‌وه‌ ناكه‌ن دواجار به‌شێكی زۆریان بوونه‌ وه‌چه‌ی ئه‌وه‌ی ناوی نرا شۆرشی نوێ‌ ئه‌مه‌ له‌پشتیانه‌وه‌ بوو" 

لێره‌دا ئه‌و له‌سه‌ر هۆكارێكیتر ده‌وسه‌تێت كه‌ دووره‌ له‌و هۆكاری ئایدیۆلۆژیاو دووره‌ په‌رێزیه‌ی هه‌ڵمه‌ت باسی ده‌كات له‌تیف فاتح له‌په‌یوه‌ندیه‌كی تایبه‌ت ده‌ڵێت "گروپی كفری له‌سه‌نته‌ره‌وه‌ دورو بوو دابڕاو بوون له‌ دنیا  زیاتر په‌یوه‌ندیان به‌ ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیه‌وه‌ بوو ئه‌وه‌ وای كرد كه‌ له‌میدیای كوردیدا زۆر باس نه‌كرێن" هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی ئایدیۆلۆژیا له‌تیف فاتیح نایگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دوور بوونی ئه‌وان له‌ ئایدیۆلۆژیا به‌قه‌د ئه‌وه‌ی گروپی كفری هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی له‌پشتیانه‌وه‌ نه‌بووه‌، وه‌ك چۆن ئه‌و كاته‌ی ئه‌كه‌وێته‌ به‌راوورد كردنی ئه‌و دوو گروپه‌ ده‌ڵێت "گروپی كفری له‌رووی جوگرافیه‌وه‌ دورو بوونه‌ له‌ سلێمانه‌یه‌وه‌  ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌یه‌شیان نه‌بووه‌ گۆڤارو رۆژنامه‌ ده‌ربكه‌ن به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ سلێمانی ڕوانگه‌ یه‌كسه‌ر گۆڤار ده‌رئه‌كات هه‌تا ئه‌وانه‌ی له‌ گروپی كفریدان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له‌وێ‌ شیعر بلاو بكه‌نه‌وه‌" 

ئه‌وان خاڵی نه‌بوون له‌ كاریگه‌ری ڕه‌وته‌كانی وه‌كو ئه‌بسێرد و وجودیه‌ت وئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی هه‌روه‌ها كاریگه‌ری رۆشنبیرانی عه‌ره‌بی وه‌كو ئه‌دۆنیس ویوسف ئه‌لخال وئه‌نه‌س ئه‌لحاج و ماغوت داوه‌ له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج له‌باره‌ی ئه‌و كاریگه‌ریه‌ بڕوای وایه‌ ئه‌وان كاریگه‌ری شیعری عه‌ره‌بی به‌تایبه‌ت شاعیرانی سووریان له‌سه‌ر بووه‌، ئه‌و له‌سه‌ر بۆچونه‌كانی خۆی پێداگری ئه‌كات تا ئه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی بڵێت "خۆشیان هه‌ست به‌وه‌ ئه‌كه‌ن ئه‌وان له‌ په‌راوێزدان كه‌نارن وخه‌لكی تر له‌سه‌نته‌ره‌وه‌ قسه‌ ئه‌كات تووشی گرێیه‌ك ئه‌بن تا ئێستاش ئه‌و گرێیه‌ له‌لایان بوونی هه‌یه‌" ئه‌و حاله‌ته‌ له‌ گروپی كفری به‌ گرێیه‌ك ناو ئه‌بات كه‌ كه‌متر پێی وایه‌ ئه‌و ئه‌و گرێیه‌ له‌لای روانگه‌ بوونی هه‌بێت، هه‌ڵمه‌ت ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ شیعره‌كانی شاعیرانی سووری ئه‌وان بۆ خۆیان بایه‌خیان به‌ شاعیرانی عیراقی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌ی خۆیان ئه‌یانبینی به‌تایبه‌ت بایه‌خدان و خوێندنه‌وه‌یان بۆ به‌رهه‌مه‌كانی عه‌بدلوه‌هاب به‌یاتی وبه‌در شاكر ئه‌لسه‌یاب وبڵند حه‌یده‌ری، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و كاریگه‌ریه‌ بڕواشیان وابوو كه‌ ئه‌وان ته‌واوی ڕابردوو وه‌لا ده‌نێن بۆیه‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یاده‌وه‌ری ئه‌و رۆژگاره‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ بڕوامان وابوو كه‌ كورد هیچی نیه‌ و ئه‌بێت ئه‌ده‌بی كوردی له‌ ئێمه‌وه‌ ده‌ست پێبكات" ئه‌گه‌رچی ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هێشتا نه‌وه‌یه‌كی تر هه‌یه‌ بڕوای وابێت كاریگه‌ری گروپی كفری به‌دوای گروپه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی تریش هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌و توانراوه‌ تێكستی جیاواز بنیات بنرێت، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ره‌نجامی ئه‌و تازه‌گه‌ریه‌تیه‌ی گروپی كفری بووه‌.









PM:02:12:24/06/2015




ئه‌م بابه‌ته 1496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زیاتر ...