كاكەمین نەجاڕ: گۆڕانكارییەكانی ناو پارتی جێبەجێ دەكرێن
كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەولێر، لە دیدارێكی "وشە"دا، هەڵوەستە لەسەر بارودۆخی كوردستان و عێراق و پێشهاتەكان دەكات. نەجاڕ، دووپاتی دەكاتەوە كە لە ماوەیەكی نزیكدا گۆڕانكاری لەناو حكوومەت و پارتیدا دەكرێت. پێی وایە، سەپاندنی باج و رسوومات بەسەر خەڵكدا و لەكاتی تەنگژەی داراییدا، بڕیارێكی هەڵەی حكوومەت بووە.

دانوستاندن و گفتوگۆ لە نێوان پارتی و حزبە سیاسییەكانی تر دەست پێدەكاتەوە؟ 
بڕیار بوو پێش جەژن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر بارودۆخی سیاسیی كوردستان، بەتایبەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان كۆبوونەوە ئەنجام بدەین، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی ناو یەكێتی و هاتنی جەژن، كۆبوونەوەكە لەسەر داوای یەكێتی دواخرا، لە رۆژانی داهاتووكۆبوونەوە ئەنجام دەدەین و لەگەڵ لایەنەكانی تریش دانیشتنمان دەبێت.

هەوڵەكانی پارتی بۆ تێپەڕكردنی بارودۆخەكە چی بووە؟
پارتیهەمیشە دەستپێشخەری بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی ناوماڵی كورد  كردووە، لە ماوەی رابردوو داوای كۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكانمان كرد، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نوێنەری تایبەتی خۆی ناردە لای حزبەكان و یەك بە یەك لەگەڵ لایەنەكان كۆبووەتەوە و كۆمەڵێك پێشنیازی جیاواز دراوەتە حزبەكان،تاپێشنیازێك هەڵبژێرن، بەداخەوە حزبەكانی تر نەهاتوونەتە پێش، بەتایبەتیش كۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی، هەروەها یەكێتیش بۆ كۆبوونەوە نەهاتووەتە پێش، بەڵام رەنگە بارودۆخی هەنووكەیی یەكێتی جیاواز بێت لەگەڵ حزبەكانی تر بەهۆی ئەو ناكۆكییەی لە نێوانیاندا هەیە.

كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و گۆڕان هەروا بەردەوام دەبن؟
ئێمە داوای كۆبوونەوەمان لە گۆڕان كردووە، ئەوانیش داوای كۆبوونەوەی بە مەرج دەكەن، پارتی مەرجی قبووڵ نییە، ناكرێت بەر لە گفتوگۆ و دانیشتن گۆڕان بڕیار بدات و ئێمەش جێبەجێی بكەین، بەڵام پارتی بۆ هەر گفتوگۆیەك لەگەڵ گۆڕان لەسەر چۆنیەتیی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەڕاندنەوەی وەزیرەكانی گۆڕانئامادەیە. چەندان جار دووپاتی دەكەینەوە ئێمە لە ئەدا و كاركردنی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رازی نین. 

ئێوە پەرلەمانی كوردستان بەشەرعی دەزانن؟ ئەگەر بەشەرعی دەزانن بۆچی كارای ناكەنەوە؟ 
پەرلەمان شەرعییە، ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگی خەڵكیان بەدەست هێناوە و بوونەتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان شەرعین، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە رێككەوتنێكی سیاسی پێكهاتووە، سەرۆك، جێگر و سكرتێری پەرلەمان بە رێككەوتن دانراون، ئێمەش وەك پارتی كە زۆرینەی كورسیی پەرلەمانمان هەیە،تێبینیمان لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەیە و داوا دەكەین بگۆڕێن، ئەوەش حاڵەتێكی ئاسایی و یاسایییە.

پارتی یوسف محەمەد بە هێڵی سوور دەزانێت وەك سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە؟
بە بزووتنەوەی گۆڕان و هەموو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانمان راگەیاندووە تێبینیمان لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان هەیە و لە كاركردنی رازی نین و رازیش نین وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە، چونكە ئەوەی یوسف محەمەد دەیكرد لە تێكدانی ناوماڵی كورد و شێواندنی شیرازەی ژیان زیاتر نەبوو، ئەگەر لێگەڕاباین بەردەوام بێت، رەنگە كێشەی زۆر گەورەتری تووشی كوردستان كردبایە، پێمان ناخۆشە پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە، داوامان لە گۆڕانكردووە، بەڵام ئەوان ئامادە نین كارای بكەنەوە و لەسەر قسەی خۆیان سوورن كە یوسف محەمەد هەر سەرۆكی پەرلەمان بێت، ناكرێت وڵاتێكی گەورە بە قوربانی یوسفێك بكەی، ئێستە پێویستمان بە دانیشتن و رێككەوتنی سیاسیی تر هەیە بۆ دووبارە پێكهێنانەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان. 

هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بە كێشە ناوخۆیییەكانی یەكێتی و راگەیاندنی ناوەندی بڕیار چییە؟
ئێمە لە مەكتەبی سیاسی بڕیارمان داوە لەسەر ئەو بابەتە قسە نەكەین. بروسكەشمان كردووە كە كادر و بەرپرسەكانمان لەسەر ئەو كێشە ناوخۆیییەی یەكێتی هیچ لێدوانێك نەدەن كە رەنگە یەكێتی بووبێتە دوو بەش. 

رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان یەكێتی و پارتی ماوە؟
بە فەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام ئێستە كاری پێ ناكرێت و لە ئەرزی واقیع رێككەوتننامەی ستراتیژی نەماوە.



هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە هوشیار زێباریبە دژایەتی كورد و پارتی دەبینن، یان كارێكی یاسایی و ئاسایی پەرلەمانییە؟ 
لە ڕووی كاری پەرلەمانی بێت، زۆر ئاسایییە چەند پەرلەمانتارێك گومانیان لە كاری هەر وەزیرێك هەبێت بانگی پەرلەمانی بكەن و بەدواداچوون و لێپرسینەوە و لێپێچینەوە تا ڕادەی لێ سەندنەوەی متمانەش بێت، ئاسایییە و كێشەمان نییە، بەڵام ئەگەر دەستی سیاسی لە پشتەوە بێت و دژی كورد كار بكرێت، ئەمە قابیلی قبووڵ نییە و بەهیچ شێوەیەك رازی نابین و بە تەلەفۆنیش بە بەرپرسانی بەغدامان راگەیاندووە، چونكە بەغدا زۆر پۆستی لە كورد داگیر كردووە. ساڵی 2003، كورد لەناو سوپای عێراق نزیكەی 5% بوو، ئێستە رەنگە 1% بێت، گلەیی ئێمە لە بەغدا لەسەر ئەو جۆرەشتانەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مووچە و بودجەی هەرێمیان بڕیوە و چەند مافێكی كوردستانیان داگیر كردووە. 

لە ماوەی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت سەردانی بەغدای كرد، ئامانجی سەردانەكە چی بوو؟
سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆچەند خاڵێك بوو، یەك لەوان پرسی ریفراندۆم بوو، بە راشكاوی لە بەغدا بەسەرۆك وەزیران و بە هاوپەیمانی شیعەگوتراوە دەمانەوێت ریفڕاندۆم بكەین، بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی حاكمبوونی سونە لە عێراقدا، ئەنفال و كیمیاباران كراین، ئێستە لە سەردەمی حوكمرانی شیعەوە بودجە و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان بڕاوە، پۆست و دەسەڵاتمان لە عێراق وەك پێویست نەماوە و بە نوێژی نیوەڕۆ ستەممان لێدەكرێت. هەروەها باسی نەوت كرا، لە ئەجێندای سەردانەكە باسی هوشیار زێباری و لێسەندنەوەی متمانە نەكراوە.

هیچ زەمینەسازییەك بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم كراوە؟
هەوڵی رژد دەدەین و دەشكرێ، ریفڕاندۆم وەرەقەیەكی شەرعی بەهێزە لە دەستی سەركردایەتیی كورد، ئێمە دەمانەوێت كێشەكان لەیەكتر جیا بكەینەوە، ململانێی نێوان حزبە سیاسییەكان لەسەر پۆست و دەسەڵات جیابكرێتەوە لە دۆزی كورد و داهاتووی كوردستان، پرۆسەی سەربەخۆیی موڵكی هیچ حزب و لایەنێك نییە،نە موڵكی پارتییەنە هیچ حزبێكی تر، پرۆسەی سەربەخۆیی موڵك و مافی میلەتە، ئەگەر خەڵكی كوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێراق دەنگیان بەبەڵێ دا، ئەوا دەوڵەتانی دنیا ناچارن رێز لە ویستی خەڵكی كوردستان بگرن و هاوكاری بكەن و ناتوانن دژایەتی دەنگی خەڵك بكەن. ریفڕاندۆم وەك هەڵبژاردنیش نییە و ئاسانترە، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی تەنیا بەڵێ‌ و نەخێرێك زیاتر نییە.

پارتی چ دڵنیایییەك بە خەڵكدەدات بۆ هێوركردنەوەی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی كوردستان لە تەنگژەی دارایی و گرفتە سیاسییەكان؟
هەوڵ دەدەین و دەستپێشخەریمان كردووە و ئیشی رژدمان بۆ چارەسەری كێشەكانهەم تەنگژەی دارایی و هەم كێشەی سیاسیكردووە و دەیكەین، رەنگە حزبەكانی تر وەكپێویست نەیەنە پێش و پێدەچێت دەستی دەرەكی لە پشت ئەو حزبانەوەبێت و لەگەڵ پارتی هاوكار نین، بەڵام بەخەڵكی كوردستان رادەگەیەنین ئەو بارودۆخە نەخوازراوانە تێدەپەڕن.

لیژنە چاكسازییەكەی بارزانی بە كوێ گەیشت؟ 
كاری لیژنە چاكسازییەكە بەردەوامە، لە هەموو دنیا دەزگەی دەستپاكی و داوكاری گشتی هەیە، چاودێری دارایی و دادگە هەیە، لە كوردستانیش بەهەمان شێوە ئەمانە خۆیان پرۆسەی چاكسازین، ئەو لیژنە چاكسازییەی بارزانی رەنگە تا سەر نەبێت، دوای كۆكردنەوەی زانیاری  بەراپۆرت دەیداتە دەستەی دەستپاكی بۆ وەرگرتنی رێوشوێنكە ئەمە كاری ئەوانە زانیاری كۆبكەنەوە و بەدواداچوون بكەن،تا ژیان بەردەوام بێت پێویستە چاكسازیش بەردەوام بێت، پرۆسەی چاكسازی ناكرێ كۆتای بێت، ئەو دەزگایانەی كە باسم كرد، پێویستە كاری خۆیان بكەن. 

كەی گۆڕانكاریی پۆستەكان لە مەكتەبی سیاسی و لقەكانی پارتی دەكرێ و بۆچی دواكەوت؟ 
گۆڕانكاری لەناو پارتی لە رێگەی چەند لیژنەیەكەوە دەكرێت، دیراسەی خاڵ بە خاڵی بابەتەكانمان وەك رێكخستن، هەڵبژاردن، دارایی و راگەیاندن و تادكردووە.. ئەو راپۆرتانە لە مەكتەبی سیاسی دیراسە دەكرێن، بەهۆی گەشتی سەرۆك و چەند بارودۆخێكی تر نەتوانرا گۆڕانكاری لە پۆستەكان بكرێت، لە ماوەی داهاتوودا گۆڕانكاری لە پۆستە حكوومەتی و حزبییەكان دەكرێ، هەر شوێنێك پێویستی بە گۆڕانكاری هەبێ، بێگومان دەكرێ.

ئومێدتان هەیە تەنگژەی دارایی چارەسەر بكرێت؟ 
بەڵێ بێگومان تەنگژەی دارایی چارەسەر دەكرێت، داهاتی نەوت رێك بخرێتەوە بەتایبەت ئەگەر نرخی نەوت بەرزبێتەوە، هەروەها باج و رسوومات و دەروازەكان بەباشی و رێكوپێكی رێكبخرێنەوە و خەرجییە زیادەكان كەم بكرێتەوە، تەنگژەی دارایی چاك دەبێتەوە، لە هەمانكاتدا پشتبەستن بە تەنیا سەرچاوەیەكی ئابووری هەڵەیە، حكوومەتزیاتر پشت بە نەوت دەبەستێت، پێویستە كوردستان پشت بە سەرچاوەكانی تر وەك كشتوكاڵ، گومرگ، سامانی ئاژەڵ ببەستێت.

پێتان وانییە حكوومەت بە سەپاندنی باج گوزەرانی هاووڵاتییانی قورستر كردووە؟
خەڵكی كوردستان فێری باج نەبووە، سەیری ئەوروپا بكە باج لەسەر هەموو شتێكە و زۆر لە كوردستانیش زیاترە، بەڵام بە حوكمی ئەوەی زیادكردنی باج سەرەتایە، خەڵك وەك پێویست رانەهاتووە، لە كاتێكیش باجەكان زیاد كران كە مووچە كەم كراوەتەوە ورەنگە دواش بكەوێت، ئەم بڕیارە لەم كات و ساتە خراپ و بڕیارێكی هەڵە بوو. 

رەخنەی زۆر لە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان دەگیرێت، ئایا پارتی ئەویش لادەدات؟
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەكان كەسێكی شارەزایە لە بواری نەوتدا، راستە گلەیی زۆری لەسەرە و نازانم كەی لادەدرێت، بەڵام لە داهاتوو هەموومان لا دەدرێین و دەگۆڕێین.

وشە/ مورشید برادۆستی


PM:02:25:21/09/2016




ئه‌م بابه‌ته 4534 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زیاتر ...